کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پێوەندی بە ڕووداوی نەغەدە

21:00 - 17 گەلاوێژ 2721

هاوڵاتییانی خۆشەویست!
خەڵکی مافخوازی کوردستان!
بە پێی هەواڵێک کە لە نەغەدەوە بە دەستمان گەیشتووە، بە هۆی دەمەقاڵەی چەند کەسێکی تورک و کورد لە شاری نەغەدە شەڕ و هەڵپژانێک لە نێوانیاندا ڕووی داوە و بە داخەوە گەیشتووەتە چەک کێشان و تەقەکردن و دوو کەسی کورد بە ناوەکانی "فەردین ئیبراهیمی" و "محەممەد عەلیزادە" کوژراون و کەشی شاری بە تەواوەتی ئاڵۆز و بووە و بشێوی و نیگەرانیی بۆ دانیشتووانی شار و دەوروبەری پێک هێناوە و بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو بەینەدا هیچ دەورێکی ئەوتۆیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە خۆیان نیشان نەداوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە دوو نەتەوەی کورد و تورک بە درێژایی مێژوو لەو دەڤەرە پێکەوە ژیاون، لە هەموو بارودۆخێکیشدا دەبێ هەستی پێکەوەژیان و هەڵکردنیان لە سەرەوەی هەموو شتێک بێ و ئیزن نەدەن لە سەر چەند شتی بێ مایە و بەرژەوەندیی چەند کەسی نابەرپرسیار کێشە بکەوێتە نێوان دانیشتووانی ئەم شارە و ئەزموونی پێکەوە ژیانی ئەم دوو نەتەوەیە ئەوەمان پێ دەڵێت تەنیا ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکان دیالۆگ، پێکەوە هەڵکردن و لە یەک تێگەیشتنە.
بە خۆشییەوە زانیارییەکان ئەوەمان پێ دەڵێن لە هەر دوو نەتەوەی تورک و کورد کەسانێکی دڵسۆز بەپەرۆش بۆ ئاسایش و پاراستنی هێمنیی شار و هێورکردنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە لە هەوڵێکی جیدی دان و ئەوە مایەی دڵخۆشییە بۆ هەموو لایەک، وێڕای دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینمان بۆ ئەو هەوڵە بەرپرسیارانەیان هیوادارین کۆمەڵانی خەڵکی شاری نەغەدە پێشوازی لەو هەوڵە مرۆڤدۆستانەیە بکەن و ئیزن نەدەن کەسانی ئاژاوەگێڕ ژینگەیان نائارام بکەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای بە داخ بوون لەو ڕووداوە ناخۆش و نابەرپرسیارانەی چەند کەسی ئاژاوەگێڕ، هاودەردی و سەرەخۆشیی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە دەکا و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێ و هیوادارە هەرچی زووتر ئارامی و ئۆقرەیی باڵ بە سەر شاری نەغەدە و دەوروبەریدا بکێشێتەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی
٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی