کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی سالوەگەڕی فتوای جیهادی خومەینی دژ بە گەلی کوردستان خەڵکی خۆڕاگری کوردستان

15:04 - 28 گەلاوێژ 2721

ئازادیخوازانی ئێران کۆڕ و کۆمەڵە نیودەوڵەتییەکان ٢٨ گەلاوێژی ئەمساڵ بەرانبەر بە ١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی، ٤٢ ساڵ بە سەر فتوای جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیو و مافخوازی کوردستان تێدەپەڕێت. لە وەها ڕۆژێکدا دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەرکردنی فتوایەک داوای لە هەموو هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد کە لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش بکەنە سەر کوردستان و بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کورد قەڵاچۆ بکەن. دوابەدوای ئەو بڕیارە، هێرشی دڕندانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ پاکتاوی خەڵکی مافخوازی کورد دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا شار و گوندەکانی کوردستان بوون بە ئامانجی هێرشی بەربڵاوی هەموو هێزە سەربازییەکانی ئێران و شەپۆلێکی تەبلیغاتیی دوژمنکارانە بۆ بەسیجی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران و ناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ و خوێنڕشتن لە کوردستان وەکوو ئەرکێکی ئایینی وەڕێ خرا. لە بەرانبەر ئەو هێرشە دڕندانەیەدا خەڵکی کوردستان بە ڕێکخستنی خۆیان بۆ بەرەنگارییەکی قارەمانانە و پاڵپشتی لە هێزە خەباتکارەکانی خۆیان کە نوێنەرایەتیی داوا ڕەواکانی خەڵکیان دەکرد، لاپەڕەیەکی زێڕینیان لە مێژووی خەباتی گەلانی ستەملێکراو دژ بە فاشیزم و کۆنەپەرەستی و سەرەڕۆییدا تۆمار کرد کە بە شەڕی سێ‌مانگە ناوبانگی دەرکرد و لەو شەڕە نابەرانبەرەدا دوژمنی تەیار بە چەکوچۆڵی پێشکەوتوو و هێزی سەربازیی زۆر و زەبەند، لە بەرانبەر ئیرادەی بەرگریی گەلی کوردستاندا بە چۆکدا هات، هەر بۆیە خومەینی دوای سێ مانگ و لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٥٨دا وێرای داننان بە شکستی سیاسی و سەربازیی خۆی، لە هەڵوێستێکی ڕیاکارانەدا داوای راوەستاندنی شەڕ و دەستپێکردنی وتووێژ بۆ چارەسەری پرسی کوردی کرد. بەو پێیە کە بزووتنەوەی کوردستان لە بنەڕەتدا خاوەنی تایبەتمەندییەکی ئاشتیخوازانە و پێشکەوتنخوازانە و دوور لە هەر جۆرە لاساری و دوژمنکارییەک دژ بە گەلانی دیکە بووە و هەر لە سەرەتاشەوە ڕێکاری سیاسی و دیالۆگی بە تاقەڕێگای چارەسەری کێشەکان زانیوە، چاوەڕوان دەکرا ئەگەر خومەینی لە پەیامەکەی خۆیدا ڕاستگۆ بێت، ئاشتی و سەقامگیری باڵ بە سەر وڵاتدا بکێشیت و گەلی کوردستان بە مافە ڕەواکانی خۆی شاد بێت، بەڵام لە ڕاستیدا خومەینی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە هەڵسوکەوتێکی دووڕوویانەیان هەبوو و فەرمانی جەهادی ٢٨ی گەلاویژ هەرگیز کۆتایی پێ نەهات و هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ڕێژیم بە شێوەیەکی داگیرکارانە لەگەڵ خاک و خەڵکی کوردستان جووڵاوەتەوە و سیاسەتی کوشتوبڕ و کاولکاری و تاڵان و تیرۆر و سڕینەوەی شوناس و کولتووری کوردی پێڕەو کردووە و وزە و سەرمایەیەکی مادی و مرۆیی سەرسووڕهێنەری لەو پێوەندییەدا تەرخان کردووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە نەک هەر نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان لە داوا ڕەواکانیان پاشگەز بکاتەوە و بۆ خزمەت بە داگیرکاری و ئیدئۆلۆژیی کۆنەپەرەستانەی خۆی دەستەمۆیان بکات، بەڵکوو بە پێچەوانەی ڕابردوو کە دەنگی دلێری بزووتنەوەی کوردستان لە خەبات دژ بەو ڕێژیمەدا لە ناوچەکانی دیکەی ئێران کەمتر دەبیسترا، ئێستا شەقامەکانی هەموو شارەکانی ئێران شاهیدی بەربەرەکانێی ڕادیکاڵی خەلکێکن کە دروشمی ڕووخانی ڕێژیم دەدەن و ئەگەر سەردەمێک کورد لە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا تەنیا بوو، ئیستا ئەو هەڵوێستەی بزووتنەوەی کورد هەموو ئێرانی گرتۆتەوە، بە جۆرێک کە لە دوایین هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرکۆماری ڕێژیمدا ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەموو ناوچەکانی ئێراندا هاوشێوەی کوردستان زۆر کەم بوو و سەرشۆڕی و شکستێکی گەورەی بۆ ڕێژیم تۆمار کرد. هەربۆیە ڕێژیم لە دوای هاتنە سەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو تاوانبارێکی ناسراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کە دەستی بە خوێنی هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران و کوردستان سوورە، شەپۆلێکی نوێی لە دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و پیلانگێڕی دژ بە چالاکانی سیاسی و ڕێکخراوە خەباتکارەکانی بزووتنەوەی کورد دەست پێکردووە کە لە راستیدا هەر درێژەی فەرمانی جیهادی خومەینییە و نیشان دەدات کە بەربەرەکانێ و خەباتی بزووتنەوەی رەوای کوردستان دژ بەو سیستمە خۆسەپێنە ئازادیکوژە پێوەندیی بە نامۆبوونی داوا ڕەواکانی کورد لەگەڵ ماهیەتی دژەمرۆیی ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە و تا ڕووخانی یەکجاریی ڕێژیم و هەڵتەکاندنی بنەماکانی عەقڵیەتی پاوانخوازی ناوەندگرا لە ئێراندا درێژەی دەبێت. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٤٢یەمین ساڵوەگەڕی فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە گەلی کورد و رۆژی بەرگریی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا، وێرای دووپاتکردنەوەی پەیمانی وەفاداریی هەتاسەری خۆی بە خەبات بۆ دابینبوونی داوا رەواکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران، ئاگاداری هەموو کۆمەڵانی خەڵک و لایەنە سیاسییە پێشکەوتن خوازەکانی نەتەوەکانی ئێران دەکاتەوە کە خەباتی خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان بەشێک لە خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانە و لەو پێناوەدا خۆی بە پاڵپشت و هاوپەیمانی هەر هەوڵ و جووڵاونەوەیەکی پێشکەوتنخوازانەی هەموو نەتەوەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە سیسستم و گوتار و عەقڵیەتێک دەزانێ کە لە جەوهەری خۆیدا سیاسەت و بڕیارگەلی هاوشێوەی ئەو فتوا نگریسەی خومەینی بەرهەم دەهێنێت. سەرکەوتن بۆ بەرگریی قارەمانانەی خەڵکی کوردستان دژ بە پاوانخوازی و داگیرکاری تۆکمەتر بێت ڕیزەکانی هاوپەیمانیی دێموکراتیکی نەتەوەکانی ئێران بڕووخێ ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی ١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی