کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی لەبارەی کۆتایی‌هاتنی حەوتەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

17:30 - 30 گەلاوێژ 2721

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی خۆیدا دوایین ئاڵوگۆڕ و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی ئێران و کوردستان و هەروەها پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانی خستە بەر باس. ڕۆژی هەینی، ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی (٢٠ی ئاگوستی ٢٠٢١ی ز)، حەوتەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ی حیزب و جێگران و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسانی ناوەندەکانی حیزب، بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڕزگاریی کورد و کوردستان و تازەترین شەهیدی حیزب و گەل، شەهید مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کە شەوی ١٤ لە سەر ١٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە شاری هەولێر و بە دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران تێرۆر کرا، دەستی پێ کرد. لە بڕگەی دەسپێکی کۆبوونەوەکەشدا بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لێکدانەوەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکرات لە پێوەندی لەگەڵ دوایین ڕووداوەکانی ناوچەکە، بارودۆخی ئێران و کوردستانی لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندی هێنایە بەرباس. لە لێکدانەوەی دەفتەری سیاسیی حیزب‌دا بە ئاماژە به دەست‌بەکاربوونی دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی، باس لە هەوڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ یەکدەست‌کردنی پتری دەسەڵات و بەرتەسک‌کردنەوەی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتری فەزا و بەستێنەکانی ناڕەزایەتی و دەنگ‌هەڵبڕین کرابوو. دەفتەری سیاسی بە ئاماژە به ماهییەتی نەگۆڕ و خۆسەپێنی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئەم ئاکام‌گیرییەی کرد کە ئەم نیزامە نە لە ئاستی نێوخۆییدا توانای چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی وڵات و پێڕاگەیشتن به ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەیە و نە دەتوانێ لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی وڵاتدا -وەک تا ئێستا نیشانی داوە- هەنگاوێکی ئەرێنی بەرەو پێش هەڵێنێ. بەرەی خەڵک و ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی لە ئێستا و داهاتووی ئێران‌ و کوردستان‌دا، تەوەرێکی دیکەی لێکدانەوەی دەفتەری سیاسیی حیزب بوو. بەپێی لێکدانەوەکە بازنەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکانی ئێران بەرانبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە گەورەبوونەوە دایە و هاوکات بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانیش ڕەوتی پەرەسەندن و گەشەسەندنی خۆی دەپێوێ و زمانی وەڵامدانەوەی دەسەڵاتیش هەروەک جاران سەرکوت و خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتییەکان بووە. ئاکام‌گیریی لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی لەو پێوەندییەدا ئەوە بوو کە بەهێزترکردنی بەرەی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی و بەڕێکخستن‌کردنی پتری ناڕەزایەتییەکان، ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر هێزە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان تا بتوانن وەڵامدەری دۆخەکە و چاوەڕوانیی خەڵک و بزووتنەوە بن. هەر لەم پێوەندییەدا بەپێی لێکدانەوەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نایەکگرتوویی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری و تا ڕادەیەک نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمەی وەڵامدەر بۆ قۆناغی ئێستای ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و چۆنیەتیی ڕوانینیان بۆ ئێرانی داهاتوو، کەمایەسییەکی بەرچاوه کە پێویستە بۆ چارەسەری ببێتە خەمی هەمو لایەک. بەڵام سەرەڕای زۆر گیروگرفت و بەربەستی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەجێدابوونی ئەو ڕەخنەگەلەی لە حیزب و لایەنەکانی کوردستان دەگیردرێ، گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان و ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبەکان دیار و حاشاهەڵنەگرە. لەم بارەوە هەروەک لە لێکدانەوەکەی دەفتەری سیاسیی حیزب‌دا باس کراوە، کاریگەریی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر کۆی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەفتاری خەباتکارانەی کۆمەڵگەی کوردستان بە مەبەستی بەگژداچوونەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم و بەدواداچوونی ویست و داخوازییەکانیان، جێگە و پێگەی تایبەت بە خۆی هەیە. هەروەها تیشک خرابووە سەر ئەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم لە نێو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هەم لە بازنەی حیزبەکانی کوردستان‌دا هەموو هەوڵێکی بۆ پێکهێنانی یەکڕیزی و هاوئاهەنگ‌بوون لە گەڵ یەکتر بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و بیرکردنەوە لە چۆنیەتیی ئیدارەی ئێرانی داهاتوو و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بەکار بردووە. لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی ئەوەشی تیدا بەرجەستە کراوە کە پیلانگێڕێی بەردەوامی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەدژی حیزبی دێموکرات و بە‌ئامانج‌گرتنی ئەم حیزبە لەلایەن ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیم وەک مووشەک‌بارانی ناوەندی داڕشتنی هەڵوێست و سیاسەتی حیزب و هەروەها هەوڵی دانانەوەی بۆمب و تێرۆری کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە، نیشانەی ترسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نفوزی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و جێگە و پێگەی ئەم حیزبە لەنێو خەڵکی کوردستان‌دایە. بەشێکی دیکەی لێکدانەوەکە تایبەت بوو بەو ئەرکانەی کە لە قۆناغی ئێستا و داهاتوو‌دا حیزبی دێموکراتی کوردستان پێویستە وەک نەخشە ڕێگایەک بۆ درێژەدان بە تێکۆشانی سیاسیی خۆی سەرنجی زیاتریان بداتێ. بۆیە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ژینگە و پشتیوان و پێگەی ئەسڵیی حیزب پێداگری لە سەر کرابۆوە، گرێنگیدان به ڕووداوەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران و بەتایبەت ئاڵۆگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان له تاران وەک ناوەندی سیاسی و بڕیاری ئەم وڵاتە که کاریگەریی لەسەر کۆی ئەم وڵاتە دادەنێ، بە پێویست زانرا. لەم سۆنگەیەوە پێداگری لەسەر پەرەپێدان بە پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات کرایەوە. هەروەها پەرەپێدان بە ئاستی هاوکاریی نێوان حیزبەکانی کوردستان لە ناوەندی هاوکاری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان حیزبەکان وەک پێویستییەکی هەرە گرینگ بۆ ئەم قۆناغە لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، باسی لێوە کرا. گۆڕانکارییەکانی ناوچە وەک ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی وڵاتی ئەفغانستان و شوێندانەرییان لەسەر وڵاتانی دەوروبەر کۆتا بەشی لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی بوو کە تیایدا ئاماژە به سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و هەروەها ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، باس لەسەر کاریگەریی ئەم ڕووداوانە لە کورت‌خایەن و درێژخایەن‌دا‌‌ لە سەر وڵاتانی دەورووبەر کرا. لێکدانەوەکەی دەفتەری سیاسی دوای باسێکی هەمەلایەن و دەوڵەمەندتر کردنی بە سەرنج و تێبینیی بەشدارانی کۆبوونەوەکە، بە پەسەندی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب گەیشت. پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان تەوەرێکی دیکە باسەکانی حەوتەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. لەم پێوەندییەدا سەرەتا بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرسی یەکگرتنەوە، ڕاپۆرتی هەیئەتی لەسەر چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی ڕەوتی وتوێژەکان بۆ پرسی یەکگرتنەوە پێشکەش بە کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کرد. کۆمیتەی ناوەندیی حیزب وێڕای پەسەندکردنی ڕاپۆرتی هەیئەتی حیزب بۆ پرسی یەکگرتنەوە، دەفتەری سیاسیی ئەرکدار کرد وەک چۆن حیزبی دێموکراتی کوردستان هەتا ئێستا بە هەست بە بەرپرسایەتییەکی زۆرەوە هەوڵی بەکردوەی بۆ یەک‌خستنەوەی ڕیزی دێموکراتەکان داوە، لە هەوڵەکان بۆ بەئەنجام‌گەیاندنی ئەو پڕۆسەیە بە هەست بە بەرپرسایەتیی زیاتری هەردوو لای دێموکرات بەردەوام بێ. حەوتەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای چەند کاتژمێر باس و لێکدانەوەی سیاسیی تایبەت بە دوایین ڕووداوەکان و چەند پرسێکی تەشکیلاتی و نێوخۆیی حیزب، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.  

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٣٠/٥/١٤٠٠