کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکلام: کۆماری پەت و سێدارە نوێنەرایەتیی چالاک وەردەگرێ

18:26 - 6 خەرمانان 2721

دوای ساڵیان تێکۆشانی بێوچان وچەندین جار شەڕ و ئاشتبوونەوە و کوشتن و بێسەروشوێن کردنی هەزاران کەس؛ بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە دوای کرانەوەی نوێنەرایەتیی لوبنان، سووریە، عێراق و یەمەن؛ توانیمان لە ئەفغانستان بە ستافی لێهاتوو و بەڕێوبەرایەتیی نوێ نوێنەرایەتیی خۆمان بە مەبەستی خزمەتگوزاریی بۆ کۆمەڵە خەڵکی بێچارە و نەدار و یەکلاکردنەوەی ژیانی گشتی و هیدایەتی هەموو لایەک بو ڕێگای ڕاستی لەژێڕ چاوەدێریی ڕاستەوخۆی ئاغا دووبارە بکەینەوە. ئەم نوێنەرایەتییە تازەیە جگە لە پێڕاگەیشتن بە کاروباری خەڵک، زانکۆیەکی تایبەتە بۆ بڵاوکردنەوەی بیروڕای ئیمە بۆ گەییشتن بە پلەی بەرزی ئێنسانی. هۆگرانی مەکتەبی کۆنەپەرستی دەتوانن لەم زانکۆیە ئێنسان‌سازە ئەم دەرسانە فێر بن: - چۆن دەتوانین بێ کەڵک‌وەرگرتن لە مێشکمان ساڵیانی ساڵی بە ئاسوودەیی بژین. - زەرەر و خەسارەکانی بیرکردنەوە بۆ ژیانی مرۆڤ. - کۆنەپەرستی و مانەوە لە ڕابردوودا بە شێوەی تەواو زانستی. - شێوەی دروستی دانان و پێڕاگەیشتن بە ڕیش (سەرەتایی) - شێوەی دروستی سەربڕینی دوژمنان و دوعای نزیک‌بوونەوە - چۆن دەتوانین شتی حەڵاڵ حەرام بکەین و پێچەوانەوە حەرامیش حەڵاڵ - بنەماکان زانستی و ئایینی " تفحیظ و افضا" - ڕێگای شەرعی بۆ وەرگرتنی بەهرەو ڕبا - جەهادی "نکاح" و ئەرکی ژنان لە ڕازیکردنی پیاو - شێوەی دروستی دانان و پێڕاگەیشتن بە ڕیش (پێشکەوتوو) - ڕۆنی وەنەوشە و زامەکانی کۆمەڵگە - تێرۆر و شێوازەکانی جۆراوجۆری (١ هەتا 6)   ئێوەش دەتوانن نوێنەری ئێمە بن! ئەگەر نەخوێندەوار، ئاقڵ‌سووک و ناحاڵین و هیچ هۆگرییەکتان بۆ گۆڕینی شێوەی ژیانتان نییە، ئەگەر لەمێژە کەڵکتان لە مێشکتان وەرنەگرتووە و هەر بە تازە لاتان ماوەتەوە، ئەگەر لە فێربوون و بیرکردنەوە بێزارن، ئەگەر تێگەیشتن ئازارتان ئەدا و لەسەر ئەو باوەڕەن کە پڵاو واردن زۆر لە تێگەیشتن خۆشترە، ئەگەر پێتان خۆشە هەر بۆ خوتان قسان بکەن و گوێی بیستنتان نییە، هیچ دڵگران مەبەن. گوێ مەدەن به تاقمێک ڕووناکبیری کاڵفام کە هەست دەکەن بە سووڕانی زەوی و درووست‌بوونی شەو و ڕۆژ مێشکی ئێمەش دەبێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ، چونکە نە زەوی دەسووڕێ و نە مێشک پێویستی بە گوڕانە. خۆتان دوور ڕابگرن لە هەڕ کەس کە هانتان ئەدا بۆ بیرکردنەوە و تێفکرین، ئێوە هەڵبژاردەی ئەم سەردەمەن بۆ گەیشتن بە پلەی بەرزی ئینسانی؛ تەنانەت پێوەندی بە ئێمەوە بگرن؛ ئێمە ڕێگات نیشان ئەدەین. ئەگەر دەتانهەوێ بێ هیچ تێکۆشانێک بە پۆست و پڵەی تایبەت بگەن، ئەگەر دەتانهەوێ ڕێگای ساڵیان بە ڕۆژێک بپێون، ئەگەر ساڵانێکە خەونی حۆری و چاوجوانان ئەبینن و لەحەسرەت‌دا ماون، ئەگەر چرکەدڵ و ڕق لەزگ ساڵیانێکە لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ وەرگرتنی تۆڵە لە کۆمەڵگە وخاڵی کردنی قین و عوقدەکانتان، پێوەندی بە ئێمەوە بگرن؛ ئێمە ڕێگاتان نیشان ئەدەین. ئێوەش دەتوانن نوێنەری تازەی ئێمە بن بۆ بڵاوکردنەوەی ڕەشایی و تاریکی لە دونیادا؛ گرینگ نییە خاوەنی چ بیروڕایەک بن؛ موسڵمان، مەسیحی، جوو یان کۆمۆنیست، تەنیا دەبێ چرکەدڵ و کۆنەپەرست بن و لە تێگەیشتن و بیرکردنەوە بێزار بن.