کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیامی هاوخەمیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی ڕووداوەکەی جادەی مەریوان-پاڵنگان

19:55 - 11 خەرمانان 2721

  کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا هاوخەمیی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی ڕووداوکەی جادەی مەریوان-پاڵنگان دەربڕیوە و ئارەزووی چاک‌بوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە کردووە. لەم ڕووداوەدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١١ی خەرمانان لە سەراولێژیی گەردەنەی "تفین" بۆ ئاوایی پاڵنگان ڕووی دا، بەهۆی هەڵدێرانی مینی‌بووسێک ١٦ کەس گیانیان لەدەست‌ دا و ١١ کەسیش بریندار بوون، کە بەداخەوە ڕەوشی سڵامەتیی چەند کەس لەوان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.   دەقی پەیامی سکرتێری گشتیی حیزب: سەبارەت بە گیان‌لەدەستدانی ١٦ کەس لە هاونیشتمانیانی خۆشەویستمان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ناوچەی مەریوان بەپەرۆشم و لە قووڵایی دڵەوە هاوخەمی بنەماڵەی ماتەمباریانم. هاوکات هیوای چاک‌بوونەوەی خێرا بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە دەخوازم. بەداخەوە ڕووداوی لەم چەشنە لە کوردستان یەکەم‌جار نییە ڕوو دەدا و لە ساڵانی ڕابردووشدا زۆر ڕووداوی هاتوچۆی سامناک لە جادەکانی کوردستان ڕوویان داوە کە لە تەنیشت هەڵەی مرۆیی، هۆکاری زۆربەی هەرە زۆریان خراپیی ڕێگاوبان و پێڕانەگەیشتن بە کوردستان و پشتگوێ‌خرانی ئەم بەشە لە وڵات لە پڕۆژە خزمەت‌گوزارییەکانی ئاوەدانکردنەوە بووە. هەربۆیەشە چالاکانی مەدەنیی کوردستان وێڕای ناڕەزایەتی‌دەربڕینی بەردەوامیان لە بارودۆخی ڕێگاوبان، نازناوی "جادەکانی مەرگ"یان لەسەر ڕێگاوبانەکانی کوردستان داناوە. جارێکی دیکەش بەهۆی ئەم پێشهاتە ناخۆشەوە سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆم بە بنەماڵەی قوربانییانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە ڕادەگەیەنم.  

حیزبی دێموکراتی کوردستان

خالید عەزیزی

١١ی خەرمانانی ١٤٠٠