کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کارەساتی گیانلەدەستدانی کۆمەڵێک لە هاوڵاتیانی خەڵکی مەریوان

16:52 - 12 خەرمانان 2721

هاونیشتمانیانی بەڕێز کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەمرۆ پێنجشەممە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە هاوڵاتیانی خەڵکی گوندی «پیرسەفای» مەریوان کە بە سواری مینی بووسێک ویستبوویان بچن بۆ زیارەتی مەزارگەی وەیس، لە نزیک گوندی «پاڵنگان» مینی بووسەکە هەڵدەگەڕێتەوە کە تا کاتی گەیشتنی ئەم هەواڵە ١٦ هاوڵاتی گیانیان لە دەست داوە و ٨ کەسیش بە توندی بریندار بوونە. ئەوە یەکەم جار نیە کە بەهۆی دۆخی نالەباری رێگاوبانەکانی کوردستان کە زیاتر بە کارکردی سەربازی و بۆ مەبەستی شەڕ و داگیرکاری دروست کراون و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێگاوبان، خەڵکی کوردستان قوربانی دەدەن و کۆمەڵێک بنەماڵەی ئەم نیشتمانە زامی لەدەستدانی ئازیزانیان هەڵدەگرن. بەردەوامبوونی ئەو دۆخە کارەساتبارە یەکێک لە نیشانەکانی بێ بایەخبوونی گیانی تاکی کورد لە ڕوانگەی داگیرکارانەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانەوەیە کە ڕێگاکانی کوردستانی بۆ هاوڵاتیان کردۆتە ڕێگای مەرگ و سەفەری بێ گەڕانەوە. لە ڕاستیدا نەک هەر گیان و ماڵی هاوڵاتیانی کوردستان بەڵکوو ژینگە و سەرچاوەکانی کوردستانیش قوربانیی ئەو تێڕوانینە دوژمنکارانەیەن کە هەر شتێکی پێوەندیدار بە کورد و کوردستان دەکاتە ئامانجێک بۆ تاڵان و قڕکردن و لەنێوبردن. لە بەرانبەر ئەو هەموو غەدر و دوژمنکارییەدا، کەسانێک کە ڕێژیم هەوڵ دەدات وەکوو زمانحاڵ و نوێنەری خەڵکی کوردستان بیانناسێنێت و بەناوی کەڵک وەرگرتن لە زەرفیەتەکانی ڕێژیم و وەرگرتنی مافی لانیکەمی، بیروڕای گشتیی خەڵک چەواشە دەکەن و دەیانەوێ دۆخی داگیرکراویی کوردستان ئاسایی بکەنەوە، نەک هیچ هەڵوێست و ئیقدامێکی جیدییان نەبووە و نیە، بەڵکوو شکستی بانگەشە پووچەڵەکانیان ئەوەی سەلماندووە کە لە بنەڕەتدا ڕێژیم هیچ ئیرادە و زەرفیەتێکی بۆ خزمەت بە خەڵک و خاکی کوردستان تێدا نیە و بگرە ئیرادەی لەنێوبردن و قەڵاچۆکردن، ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەو ڕێژیمەیە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان وێڕای بەداخبوون لە ڕوودانی ئەو کارەساتە خوێناوییە کە دەرئەنجامێکی سیاسەتی گشتیی ڕێژیمی داگیرکەر له کوردستاندایە، سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان ڕادەگەیەنێت و بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە هیوای سارێژبوونەوەی زامەکانیان دەخوازێت. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ١١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی