کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامە

05:00 - 16 خەرمانان 2721

سی ساڵ بەسەر بیستنی ئەو چیرۆکەی ئێستا بۆتان دەگێڕمەوە تێپەڕ بووە. هەر ئەوکاتیش بە چەند جۆر بۆیان گێڕامەوە. لەم سی ساڵەشدا مێشکم زۆر شتی لێ کەم‌و‌زۆر کردووە و لەوانەیە تەواو گۆڕیبێی. بەڵام لە یەک شت دڵنیام. لە چیرۆکەکەدا ژنێک و دوو منداڵ و جاشێک ڕۆڵیان هەیە. پیاوێکیش نامەی پێشمەرگەی پێیە و کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێ تا نامەکە بەو ژنە بدات. ماوەیەک پێم وابوو ئەو کەسەی نامەکەی پێیە، لە ڕاستیدا پیاو نەبووە و ژن بووە، تەنانەت جەستەی ژنەکەش لە پێش چاوم بوو. ژنێکی چاو و برۆ ڕەشی، ڕەشتاڵەی بیست و چەند ساڵە. تەنانەت دەمزانی دوو ساڵ و سێ مانگ پێشمەرگە بووە. لە پێشمەرگایەتی عاشق بووە. کوڕە شەهید دەبێ و کچە دەروونی تێک دەچێ و بەناچاری دەگەڕێتەوە شار. پێش ئەوەی بێتەوە ئەو نامەیەی دەدەنێ کە بیگەیەنێتە دەستی ئەو ژنە، بەڵام دوایین کەسێک کە ئەو چیرۆکەی بۆ گێڕامەوە سوێندی خوارد قەت شتی وانەبووە و ئەو کەسەی کە نامەکەی پێ بووە پیاوێکی پیری تێکشکاو بووە کە کوڕەکەی بووەتە پێشمەرگە و ئەو بەدوایدا چووەتە شاخ کە کوڕەکەی بێنێتەوە، لەوێ دەزانێ کە کوڕەکەی شەهید بووە. پێی دەڵێن کوڕەکەی لە شاخ عاشقی کچێکی ڕەشتاڵەی بیست و چەند ساڵە بووە. پیاوە پیرەکە دەیەوێ کچەکە ببینێ، بەڵام دەڵێن کچە دەروونی تێک چووە و بۆ خۆی گەڕاوەتەوە شار. هەر لەوێش نامەکەی دەدەنێ کە بیدا بە دایکی ئەو دوو منداڵە. ئەوەی کە دایکی ئەم دوو منداڵە کێیە و ئەو نامەیە چی تێدایە، رێک بابەتی ئەم چیرۆکەیە کە ئێستا دەمەوێ بۆتانی بگێڕمەوە. ئەو کچە کێ بووە، یان ئەو پیاوە پیرە کێ بووە، هیچ پێوەندی بە ئێمەوە نییە. ئەوەیکە هەموو خەڵکی گەڕەک دەیزانن و باسیان دەکرد. ئەوە بوو کە ئەو کچە، یان ئەو پیاوە پیرە نامەیەکی لە کوڕەکانەوە هێناوەتەوە بۆ شار. گۆیا باران باریوە و ئەو کچە، یان ئەو پیاوە پیرە توند لە دەرکەی داوە و بە ترسەوە سەیری دەوروبەری کردووە. ژنەکە کە دایکی ئەو دوو منداڵە بێ بۆ خەڵکی گەڕەکی گێرابۆوە کە ئەو لە پاش شەهید بوونی مێردەکەی قەتی نامە لە شاخەوە بۆ نەهاتبوو، تەنانەت دوای ئەوەش و تا ئێستاش ژنەکە جارێکی دیکە نامەی لە شاخەوە بۆ نەهاتەوە. ژنەکە گوتبووی نامەکە ڕێک بەقەت نوقڵێک دەبوو. زۆر بەوردی بە چەسپ پێچرابۆوە. ژنەکە نەیگوتبوو ئەو کچە، یان ئەو پیرە پیاوە نامەکەی لە کوێ شاردبووەوە. هی وایە دەڵێ لە کەوشەکەیدا شاردوویەتییەوە. هی وایە دەڵێ لە گۆرەوییەکانیدا شاردوویەتیەوە. ئەوانەی دەڵێن کچێک نامەکەی بۆ هێناوە دەڵێن نامەکە لە نێوان دوو مەمکی کچەکەدا بووە. لە پاش ئەوەی کە ژنەکە نامەکە دەکاتەوە، دەزانێ ئەو جاشەی ئەو دەیناسی ئێستا بووەتە پێشمەرگە و لە شاخەوە نامەی بۆ ناردووە. کەوایە بەداخەوە دیسان دەبێ بە چیرۆکەکەدا بچمەوە و زانیارییەکانی ڕاست بکەمەوە. لەم چیرۆکەی ئێمەدا ژنێک و دوو منداڵ و پێشمەرگەیەک کە پێشتر جاش بووە ڕۆڵ دەگێڕن. جا ئەو جاشە بۆ بۆتە پێشمەرگە و بۆ پێشتر جاش بووە. من سی ساڵ دواتر لێی تێگەیشتم. سی ساڵ هەر بە قسە خۆشە. من ئەو کات لە پەنا دایکم و ژنەکە بازەڵێنم دەکرد کە ژنەکە بەسەرهاتەکەی بە سرتە سرت بۆ دایکم گێڕاوە. گوێم لێ بوو گوتی لە لای باوکی منداڵەکان بووین. ژنەکە گوتی لە شاخ. خودا دەزانێ من نەمدەزانی باوکی منداڵەکانی ژنەکە بۆ چووتە شاخ. باوکی من لە شار بوو. وامزانی بۆ وەرزش کردن چووتە شاخ، یان چووتە شاخ کەنگر و ڕێواس بێنێەوە، چووزانم باوکی منداڵەکانی ژنەکە پێشمەرگە بووە. دایکم دڵی پڕ ببوو و چاوی فرمێسکی تێزا بوو. لە بن لێوێوە شتێکی گوت وەکوو بڵێ یادی بەخێر، یان ڕوحی شاد، یان... نازانم من دور بووم دوور. خۆ بازەڵێن وەکو مێشێن نییە، بە بیانووی گۆرتێکەوە لە خۆت بنووسێی و گوێشت لە قسەکانی دەورووبەر بێت و چاویشت لەسەر پێنج قڕانییەک. خۆزگە عاقڵم بوایە چووبوایەم لەلای دایکم و ژنەکە دانیشتبوایەم و گوێم دابوایەتە بەسەرهاتەکەیان. ئەستۆم شکێ من دەمزانی ڕۆژێک دەیگێڕمەوە، بەڵام نەک بەو ناتەواویی و نیوەچڵییە. ژنەکە گوتی کە گەڕاینەوە و سواری مینی بووس بووین. جاشێکیش لە گەڵمان سوار بوو. جاشێکی زل بە کەواپاتۆڵ و چەک‌وڕەختەوە. گوتی منداڵ قوشقی بوون. گوتیان دایە پێشمەرگە! منداڵ چووزانێ جاش و پێشمەرگە جیاوازیان چییە. منداڵ سەیر دەکا، ئەوە کوردە ئەویش کوردە، ئەوە کەواپانتۆڵی لەبەردایە ئەویش کەواپانتۆڵی لەبەردایە، ئەوە چەک‌وڕەختی پێیە، ئەویش چەک‌وڕەختی پێیە. جاشەکە لە نامەکەدا نووسیبوی من کە منداڵەکان گوتیان دایە پێشمەرگە زوو دووقڕانییەکەم کەوت. ئاوڕم داوە و ژنێکی داماوی ترساوم لە گەل کچێک و کوڕێکی چوار پێنج ساڵە دی لە کورسی پشتە سەرم دانیشتوون. نووسیبووی ژنە دمی منداڵەکانی دەگرت هیچ نەڵێن. گوتی کە گەیشتینە ئیست بازرەسی منداڵەکان وەختابوو دڵیان بتۆقێ دەترسان پاسدارەکان بێنە سەرێ و منی جاش کە ئەوان پێیان وابوو پێشمەرگەم بگرن، یان بکوژن. نووسیبووی من لە شەرمان مردم. من شەرمم لەو دوو منداڵە دەکرد. خۆزگەم دەخواست پاسدارەکان منیان وەکوو پێشمەرگەیەک بگرتبوایە، بکوشتبوایە. جیرانەکان دەیانگوت کە گەیشتوونەتە نێو شار جاشەکە ئادرەسی لە ژنەکە وەرگرتووە. ژنەکە گریاوە. جاشەکە نووسیبوی منیش گریام، بەڵام لە دڵمدا. منداڵەکان ئەو ڕۆژە نەگریابوون. جاشەکە نەیگوتبوو شەرتە من دەبمە پێشمەرگە. جاشەکە تەنیا گوتبووی مەترسن کارم پێتان نییە. هی وایە دەڵێ ژنەکە ئادرەسی نەداوەتێ و جاشەکە بە ماتە مات وەدوایان کەوتووە و ئادرەسەکەیان فێر بووە. من زیاتر بڕوا بەوە دەکەم، چونکە جاشەکان بە ماتە مات وەدوای زۆر کەس دەکەون. ئەو کچەی نامەکەی هێنابوو گوتبووی نامەکە لە گیرفانی شەهیدێکدا دۆزراوەتەوە. دیسان گوتم ئەو کچە، کێ ناڵێ پیاوە پیرەکە بووە کە لە بارانێکی بەخوڕدا لە دەرکەی داوە و نامەکەی داوە بە ژنەکە. من ژنەکەم قەت نەدیتەوە لێی بپرسم جاشەکە دواتر کە بوو بە پێشمەرگە شەهید بووە و نامەکە لە گیرفانی کەواکەیدا دۆزراوەتەوە، یان زیندوو بووە و بۆ خۆی نامەکەی بەم کچە یان پیرە پیاوە داوە.