کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شینگێڕی بۆ پیاوێکی زلی بێدەنگ

05:04 - 16 خەرمانان 2721

میرزا سەید حەسەن فیرووزئابادی کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر تەمەنی درێژی بۆ تۆی خوێنەر جێ‌هێشت، لە خوای میری‌ مەزن دەکەم تەڵەب و تەمەنایێ هێندەی ئەو قورس و سەنگین و گران بوو، هەزار ئەوەندە تەمەنی تۆی خوێنەر درێژ بێ. لەنێو ئەم هەموو ڕووداو و ئاڵوگۆڕانەی لە ئێران و ناوچە و جیهان لەم دواییانەدا ڕوویان داوە، پێتان سەیر نەبێ کۆچی دوایی فیرووزئابادی کاری کردووەتە سەر دڵ و دەروونی دارسمە. حەسەن فیرووز‌ئابادی، ئەندامی کۆڕی دیاری‌کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی و سەرۆکی پێشووی ئەرکانی هێزگەلی چەکداری ئێران، لە کاتێکدا لە زانکۆی مەشهەد لە تەنیشت ئاستانی قودسی ڕەزەوەی زانستی پزیشکیی خوێندبوو، بەڵام هەتا کاتی مردنی نەیتوانی کێشی کەم بکاتەوە و لە سەنگینی و گرانیی خۆی هەر بەردەوام بوو. عەلی خامنەیی کاتێک بوو بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بەگوێرەی یاسای ئەم کۆمارە هەر لەخۆوە و بێ سێ و دوولێکردن بوو بە سەرۆکی هێزە چەکدارەکانیش و ناوی "فەرماندەی کوللی قووا"شی بۆ خۆی قۆستەوە. خامنە‌یی دوای مردنی خومەینی لە مەجلیسی خوبرەگان دەگەڵ عەلی ئەکبەری هاشمی ڕفەسنجانی پیلانی "خوبرە- گان"یان دانا و پاش هەندێک نووکە نووک و دەکەم‌ و پێم‌ناکرێ، بە فرتوفێڵی هاشمی بوو بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. جا ئەوکات بیری لەوە کردەوە چۆن پیاوێکی بەدڵی خۆی بۆ فەرماندەی ئەرکانی هێزگەلی هاوبەشی چەکداری ئێران بدۆزێتەوە و بیری لێ ‌کردەوە میرزا حەسەن فیرووزئابادی باشترین بژاردەی پرکردنەوەی ئەم پۆستەیە. حەسەن فیرۆزئابادی ئەوەندەی لە جەستەدا سەنگین و گران بوو، دوو ئەوەندەش لە خوو و ڕەوشتدا ئەم سەنگینی و گرانییەی پێوە دیار بوو. ئەم فەرماندەیەی هێزی چەکداری ئێران لە کاتێکدا زانستی پزیشکیی خوێندبوو و نەیتوانیبوو خۆی باریک بکاتەوە، فڕیشی بەسەر کاروباری سەربازی و چەکدارییەوە نەبوو. پێش ئەوەی ببێتە فەرماندە، نە ئەندامی ئەرتەشی دژی‌گەلی! بوو نە ئەندامی سوپای پاسدارانی سەرکوتکەر، بەڵام پیاوێکی بەهەیبەت و هەتا بڵێی سەنگین و گران بوو. دەوری سک و نێوقەدی بازنەیەکی زۆر فراوان بوو. کاتێک لە کۆڕی دەمڕاستان دادەنیشت سمت و ساتی لە هەردوولای کورسی تێدەپەڕین و بەملاوئەولای کورسیدا شۆڕ دەبوونەوە. لەسەر مۆبڵیش بوایە جێگەی دوو کەسانی دەگرت. هەر خوا بۆ ئەوەی دانابوو لەبەرانبەر شاندی سەربازیی وڵاتانی دابنێی. کاتێک شاندی فەلەستین، سووریە، یەمەن و لوبنان و تەنانەت عێراقیش لە تاران لە بەرانبەری دادەنیشتن، هەستیان دەکرد وەک ئەندامانی بەرەی موقاومەت، پشتیان بە کێوێکی قورس و قایمەوە داوە. باشترین تایبەتمەندیی فیرووزئابادی بۆ خامنەییش هەر ئەم سەنگینی و گرانییەی بوو. ئەو سەرەڕای ئەوەی لە کێش و قەبارەدا قورس و قایم و سەنگین و گران بوو، لە ئەخلاق و خوو و ڕەوشت و تێنەگەیشتن سەد ئەوەندە. لە هەموو پرسێکی سەربازی، نیزامی و بەڕێوەبردنی کاروباری مەملەکەتدا ئەوندە قورس و گران بوو، لە ماوەی ٢٧ ساڵ فەرماندەیی ئەرکانی هێزگەلی چەکداری ئێرانیش بۆ هیچ مەبەستێک بە چاک و بە خراپ نقەی لێوە نەهات. تەنیا جاروبار لە هەندێک کۆڕ و کۆمەڵاندا حاشای لە عەلی خامنەیی دەکرد و دەیگوت، ئەمە خامنەیی نییە و ئیمام مەهدییە و ئێستا نایهەوێ خۆی ئاشکرا بکا. هەر بەم ئاکارەی پارووی کەوتە نێو ڕۆن و ٢٧ ساڵی ڕەبەق لە شوێنی خۆی مایەوە. خامنەیی باش بیری لێ‌کردبۆوە و دەیزانی ئەم سەنگینی و گرانییە وای کردووە ئەو تەنیا فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارکان بە فەرماندەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆی ڕابگەیەنێ و تەواو. دیارە خۆی ئەم کارەشی نەدەکرد و بەردەست و وەرگێڕەکەی هەبوون و لەجیاتی ئەو ئەم ئەرکانەشیان ڕادەپەڕاند. دیارە پیاوی وا قەڵەو نابێ بێ وەرگێڕکە بێت. لەبەر لۆمەی خەڵک و دارسمە و کەندەسمە و مەندەسمان نەبێ، هەر ئێستا پڕ بە قوڕگم هاوار دەکەم، دەگریم و بۆ ئەم حەسەنە خوولە لە بانگێ دەدەم. ئاخر چۆن دەبێ ٢٧ ساڵان بەرپرسی ئەرکانی بەیەک‌گەیاندن و ڕێکخستنی بەشەکانی هێزی چەکداری وڵاتێکی پان و بەرین بی و بە بێدەنگی بتنێژن. نە شینگێڕییەک، نە هات و هاوارێک و نە خۆپێشاندانێک. پێتان سەیر نەبێ ئەم پیاوە سەنگین و گرانەش ٥ ساڵ بەر لە مردنی کاتێک بێدەنگیی شکاند، بۆ هەمیشە خۆڵی دەبەرەدۆی خۆی کرد و لە خۆی شێواند. فیرووزئابادی کاتێک ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەسەر کێشەی ئەتۆمیی ئێران ڕێک‌کەوتن، پیرۆزبایی لێکردن و قەهر و غەزبی فەرماندەی گەورەی بەسەردا باری و خامنەیی ئەویشی بەڕێ کردەوە ماڵی خۆی. ئاغای فیرووزئابادی بەم جۆرە بوو بە گەوێک لە زنجیری دوور و درێژی کیانووری، تاڵەقانی، بەنی‌سەدر، قوتب‌زاده، بازرگان، داریوش فروهەر، مونتەزیری، کەڕووبی، مووسەوی، ڕەفسەنجانی، ئەحمەدی‌نژاد، لاریجانی و قسەی خۆمان بێت، حەسەن ڕوحانیش. ئەمانە و چەندی دیکەش گەوی زنجیرێکن سەرێکی لەنێو نیزامی موقەدەسە و سەرەکەی دیکە لەنێو زبڵدان و گەو گەو قەف قەف لە نێو نیزامەوە فڕێ دەدرێتە نێو زبڵدانەکە. هەر کەسێک وڵامی پرسیاری دارسمە بداتەوە کە ئاخۆ گەوی دواتری زنجیری لەپسان نەهاتووی نێودەستەڵاتی ئێران بەرەو زبڵدان کێن، وەک خەڵاتی دارسمە دەتوانێ جارێکی دیکەش ئەم بابەتە شل و پەیتەی بەرچاوی بخوێنیتەوە.