کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەلال ڕەشیدی، شکۆفەیەک کە خەزانیش نەیژاکاند

05:07 - 16 خەرمانان 2721

لاوانی بەهەست و شۆڕشگێڕی کوردستان لە هەموو شۆڕشەکانی کورددا ئاڵاهەڵگری خەبات ‌و بەربەرەکانی دژی داگیرکەرانی کوردستان بوون. لاپەڕەی "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەدا بۆ باس لە یەک لەو لاوە شۆڕشگێڕانەی ناوچەی بانە، شەهید جەلال ڕەشیدی تەرخان کراوە. جەلال ڕەشیدی لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری سەقز چاوی بە جیهان پشکووت. باوکی جەلال بۆ ئەوەی بتوانێ بژیوی ژیانێکی نەمر نەژی بۆ بنەماڵەکەی دابین بکا، کرێکاری دەکرد و سەرەڕای نەداری و هەموو تەنگ‌وچەڵەمەیەی کە لەگەڵی بەرەوڕوو ببوون دیسان جەلالی ناردە بەر خوێندن. جەلالیش وەک منداڵێکی پیتۆڵ و وریا دەرسی دەخوێند و بە هەموو توانایەوە تێ‌دەکۆشا. بێدەرەتانی و نەداری کە تایبەتی وڵاتە پاشکەوتوەکان و مافی نابەرابەری چینایەتی‌یە بەربینگی بابی جەلالی بەرنەدا و، هەر بۆیە ناچار بوو ماڵەکەی لە شاری سەقز بار بکا و ڕوو لە شاری بانە بکەن. بەمجۆرە جەلال وێڕای ڕەنج و کوێرەوەرییەکی زۆر بەڵام توانیی درێژە بە خوێندن بدا و دیپڵۆم وەربگرێ. جەلال دوای تەواوکردنی سەربازی گەڕایەوە شاری بانە و لە یەکێک لە ئیدارەکانی ئەو شارە دامەزرا و پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران هاتە مەیدانی خەبات و سەرەتا چووە نێو ڕیزی سازمانی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران. بەڵام هەر زۆر زوو لەگەڵ چەند  هاوسەنگەری دیکەی هاتنە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە و لە هێزی "شەهیدانی وێردی"ی ئەوکاتدا سازمان درا. ڕۆڵەی ئازای گەلەکەمان کاتێک کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێز و توانایەوە لە زەوی و ئاسمانەوە شاری بانەی ئاورباران دەکرد، باوکی یەک لەو کەسانە بوو کە کەوتە بەر ئاگری تۆپ و خۆمپارەی دژمنانی ئازادی و شەهید بوو. لە درێژەی کاری سیاسیی جەلال‌دا، بەهۆی تێگەیشتووی و دڵسۆزییەکەی بوو بە کادری سیاسیی لکی سێی شەهید قادر شەریف و بۆ کاری سیاسی و بردنەسەرێی ئاستی زانیاریی پێشمەرگەکان هەوڵی زۆری دا. ئەو شان‌بەشانی هاوسەنگەرانی لە چەندین عەمەلیاتی قارەمانانەدا بەشداریی چالاکانەی کرد و دەیان شانازیی بۆ حیزبەکەی تۆمار کرد. شەهید جەلال بە هۆی لێهاتوویی لە کۆنفرانسی کۆمیتەی شارستانی بانەدا بە ئەندامی کۆمیتەی شارستان هەڵبژێردرا و دواتریش بەهۆی لێوەشاوەیی، ئازایەتی لە شەڕ و هەروەها شارەزا بوون لە فەن و تاکتیکەکانی شەڕ پاش ماوەیەک بە فەرماندەی لکی شەهید قادر شەریف دیاری کرا. جەلالی ئازا و بە دەستوبردی لکی سێی شەهیدانی وردی لەم بەرپرسیایەتییە تازەیەدا درەوشایەوە. ڕۆژ نەبوو عەمەلیاتێک بەڕێوە نەبا، ڕۆژ نەبوو لە مەڵبەندی بانە زەبر لە دوژمن نەوەشێنێ و بە چەشنێک ناوی لکی سێی شەهیدانی وردی بە فەرماندەیی جەلالی قارەمان ناوێکی ئاشنا بۆ دۆست و دژمن بوو. بۆ دژمن مایەی نیگەرانی و ترس و دڵەخورپە و بۆ دۆستیش مایەی شانازی و فەخر بوو. هەڵمەتی جەلال لە شەڕەکاندا و نەخشەی ڕێکوپێکی نیزامی، نەترسی و ئازایەتی و ئەخلاق و کردەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەوەندەی دیکەی لای خەڵک و هاوسەنگەرانی خۆشەویستتر کردبوو. بەمجۆرە شەهید جەلال پلەکانی سەرکەوتنی بڕی و بە فەرماندەی دەستەی زەربەتی هێزی شەهیدانی وردی دیاری کرا. شەهید جەلال پارتیزانێکی کارامە و بەوەجی گەلەکەمان لە عەمەلیاتەکانی بۆیەن، ئارمردە، ڕێگاکانی بانە - سەردەشت و بانە -سەقزدا نەخشێکی بەرچاوی هەبوو. لە هەر عەمەلیاتێک بەشداریی کردبا بەهۆی شارەزایی تەواو لە شەڕ و ورەی بەرزی سەرکەوتن نەسیبی پێشمەرگە و شکست و سەرشۆڕی بەشی دژمنانی ئازادی بوو. رۆژی ١١ی خەزەڵوەری ١٣٦١ی هەتاوی پێشمەرگەکانی دەستەی زەربەتی هێزی شەهیدانی وێردیی ئەوکات بە فەرماندەیی پارتیزانی قارەمان و خۆراگر شەهید جەلالی ڕەشیدی ڕێگای تەداروکاتی دوژمنیان لە نێوان بانە – سەقز خستە ژێر چاوەدێریی خۆیانەوە و توانییان دەستێکی باش لە دژمن بوەشێنن و بە سەرکەوتنەوە شوێنی عەمەلیات بەجێ بێڵن. دژمنی خوێنڕێژ لە مۆڵگەکانی دەوروبەردا بە توندترین شێوە شوێنی پاشەکشەی پێشمەرگەکانی ئاورباران کرد. کاتێک پێشمەرگەکان گەیشتنە شوێنی دیاریکراو، بەهۆی سەرکەوتنێک کە لەو عەمەلیاتە بەدەستیان هێنابوو ماندوویەتی و شەکەتی بە ڕوویانەوە دیار نەبوو. شەهید جەلال چاوێک بە هاوسەنگەرانیدا دەخشێنێ و دەبینێ یەکێک لە هاوڕێیانی پێشمەرگەی دیار نییە. ناڕەحەتی هەموو گیان و لەشی دادەگرێ، ماوەیەک چاوەڕوان دەبێ تا بەڵکوو هاوسەنگەرەکەی بگەڕێتەوە. پاش ماوەیەک بە ناچاری بەتەنیا بۆ ئەو شوێنەی کە پاشەکشەیان کردبوو بەدوای هاوسەنگەرەکەیدا دەگەڕێتەوە. جەلال لەبن ڕێژنەی تۆپبارانی دژمندا بەدوای هاوڕێیەکەیدا دەگەڕێ، لێ مەخابن کەوتە بەر پریشکی تۆپەکانی دژمن و لاقی دەپەڕێ. جەلال ئەوجار دەبوو لەگەڵ مەرگ بەربەرەکانی بکا. دەستی بە هێچ شوێنیک ڕانەدەگەیشت، خوێن دڵۆپ دلۆپ لە برینی دەچۆڕا و بەرەو تەواوبوون دەچوو، بۆ ئەوەی لە دوا کاتەکانی ژیانیدا چەکی دیفاع لە شەرەف و کەرامەتی گەلەکەی نەکەوێتە دەست دژمن چەک و ڕەختەکەی شاردەوە و بە پشتێندەکەی لاقی پەڕیوی بەست. لە پەنایەک هەڵتروشکا و چاوەڕوان مایەوە. پاش ماوەیەک هاوسەنگەرانی پێ‌وشوێنی فەرماندەیان کەوتن و بە‌داخەوە بە سەر تەرمی پیرۆزیدا دەکەون. بەم جۆرە کوڕی قارەمان، کوڕی تێکۆشەری دێموکرات، ڕۆلەی مەیدانی خەبات و شۆڕش، تێکۆشەری زەحمەتکیشی ناوچەی بانە بۆ هەمیشە چاوەکانی لەسەریەک دانا و ماڵاوایی لە هاوسەنگەرانی و حیزبەکەی و خەڵکی ناوچەی بانە کرد.