کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری بەنیسبەت هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیەندراوی بڵاو کردەوە

16:34 - 16 خەرمانان 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران داوای لە هەموو لایەنێک کرد سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن و بە هەڵوێست و کردەوەی خۆیان لە بەرانبەر ئەو هەوڵە تێکدەرانەیەی ڕێژیمی ئێراندا بوەستنەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسییە خەباتکارەکانی کوردستان!
کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!
بە گوێرەی ئاگادارییەک کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی کارنامەی ڕەشی پڕ لە تاوان و پەلاماردان و کاولکاریی خۆیدا، هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەوانەوە دەکرێنە ئامانج و لێیان دەدرێت.
لە کەس شاراوە نییە کە ئەو شوێنانەی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لێدانیان دەکات، شوێنی ژیانی پەنابەرانی سیاسی و خەڵکی مەدەنی و لەوانە سەدان ژن و منداڵی پەنابەرە کە بەهۆی سیاسەتی مرۆڤکوژانە و سەرکوتکارانەی ئەو ڕێژیمە ئازادیکوژە خاک و وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە.
لە لایەکی دیکەشەوە بوونی خەباتکارانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان تەنیا بیانوویەکی پووچە بۆ کاولکاری و دەستێوەردانەکانی ڕێژیم و لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتیکردنی ماف و مەوجوودیەتی نەتەوەی کورد هیچ پێویستی بەوە نییە دژایەتیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە بیانوو، چوونکە هەموان دەزانن کێشەی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ سەقامگیری و تەناهی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستانە و لەو بوارانەشدا کە پێوەندییەکی ئەوتۆی بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە نەبووە، ئەو دوژمنکارییەی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت گەلی کوردەوە هەر بووە و لە داهاتووشدا هەر دەبێت.
دیارە ئەوە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنی سنوور و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە لە گیان و ماڵ و سامانی خەڵکی مەدەنی و نانەوەی ئاژاوە و بشێوی لە ناوچەکەدا دەکات و ئەو ڕێژیمە بە خولقاندنی کارەسات و کوشتن و تێرۆر و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی خووی گرتووە و شوناسی خۆی لەگەڵ قەیران و ناسەقامگیری گرێ داوە.
ئەو هەڕەشانە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەوپیری هەڵبژاردنێکی گشتی دەچن و هەموو هەوڵی بەرپرسانی سیاسی و لایەنە حیزبی و حکوومییەکانی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سیاسیی هەڵبژاردن لە عێراقدایە و ئەم هەڕەشەیەی ڕێژیمی ئێران دەکرێ بە هەوڵێکی دوژمنکارانە بۆ تێکدانی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و شڵەقاندنی کەشی سیاسی بە مەبەستی ئاسانکردنی دەستێوەردانەکانی خۆی لێک بدرێتەوە.
کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا تووشی دەیان قەیرانی چارهەڵنەگر بووە و لە ماوەی تەمەنیدا وا ڕاهاتووە کە بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەریی قەیرانێک، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت. هەربۆیە ئەمجارەش بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە دۆخی سیاسیی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەمبەر تاوان و دەستدرێژییەکانی، پێی وایە بە چاوسوورکردنەوە لە خەڵکی مەدەنی و هەڕەشە لە ماڵ و حاڵی پەنابەرانی سیاسی، دەتوانێ کاریگەری لەسەر ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد و ڕێکخراوە خەباتکارەکانی دابنێت و بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بگات.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نائاساییدا کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ماڵ و حاڵی خەڵک و هەر جۆرە تاوانێک دژ بە مرۆڤایەتی و زیانگەیاندنێک بە ژینگەی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێ و داوا لە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کومەڵگای نێودەوڵەتی دەکات سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن و بە هەڵوێست و کردەوەی خۆیان، لە بەرانبەر ئەو هەوڵە تێکدەرانەیەی ڕێژیمی ئێراندا بوەستنەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٥ی خەرمانانی ۲۷۲۱ی کوردی
٦ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی