کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: مەترسییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم بۆسەر حیزبەکەمان زۆرتر بوون

21:46 - 16 خەرمانان 2721

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا ڕوو بە بیروڕای گشتیی جیهان نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی مەترسییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕیوە. کاک خالید عەزیزی لەو پەیامەدا کە بەبۆنەی سێهەمین ساڵیادی مووشەک‌بارانی "قەڵای دێموکرات" بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ چاوەڕوانیی ئەوەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە کە لە ڕەوتی مامەڵە و سازانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا مافی نەتەوە و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئەم وڵاتە و یەک لەوان کوردەکان لەبەرچاو بگرن. دەقی پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان:   بۆ بیروڕای گشتیی جیهان! سێ ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانان (٨ی سێپتامبەری ٢٠١٨)دا حیزبی دێموکراتی کوردستان کرایە ئامانجی هێرشێکی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەو پەلامارە کە لە مێژووی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی نەیارانیدا وێنەی نەبیندراوە، شوێنی ئیداری و بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان مووشەک‌باران کرا. ئەم هێرشە کوژرانی ١٦ تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی لێ کەوتەوە کە ٦ کەس لەوان ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوون، هەروەها زیاتر لە ٥٠ کەسیشی بریندار کرد. ئەم هێرشەی سپای پاسداران وەڵامدانەوە بە خەبات و مافخوازیی کورد و دژکردەوەی کۆماری ئیسلامی بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کوردستان بوو، سیاسەتی سەرکوت و کوشتن کە زیاتر لە چوار دەیەیە وەک تەنیا وەڵام لە بەرانبەر داخوازییەکانی خەڵکدا گرتوویەتە بەر. سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئەم کردەوە تێرۆریستییە دەسبەجێ و بە شانازییەوە بەرپرسایەتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ. ئەم کردەوە تێرۆریستییە کە بەزاندنی سنوورە ئەخلاقییەکان و پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان بوو، لەلایەن کۆڕۆکۆمەڵە ئێرانی و نێونەتەوەییەکانەوە مەحکووم کرا و، لەلایەن نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە کۆبوونەوەی شوڕای ئەمنییەتدا هاتە بەرباس. لە سێهەمین ساڵیادی ئەم ڕووداوە تڕاژیدیکەدا دەمانەوێ وەبیر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێنینەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ڕابردووی کردەوەکانی قەت دەروەستی قانوون و ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان نەبووە. دوای تازەترین هەڵبژاردنە مهەندیسی‌کراوەکەش بۆ هێنانەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی کە خەڵکێکی یەکجار کەم بەشدارییان تێدا کرد، کۆماری ئیسلامی پتر لە جارانیش دەبێتە هۆی نائەمنی و ناسەقامگیری و مەترسییەکانی لەسەر ئاشتی و هێمنایەتیی ناوچەکە زیاتر دەبێ. هەر لەو پێوەندییەدا و دوای تێرۆرکردنی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە شاری هەولێر، نیگەرانیی خۆمان لەسەر زیاتربوونی هەڕەشە و مەترسییە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕادەگەیەنین، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا کە پرسی دانوستانە ئەتومییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی لەئارادایە، هەوڵ دەدا بە زەقکردنەوەی ئەم پەروەندەیە قەیرانە نێوخۆییەکانی ئەم وڵاتە پەردەپۆش بکا و لەوسۆنگەیەوە خەڵک و کۆمەڵگەی ئێرانی بەبارمتە گرتووە. ئێمە پیشتر گوتومانە و لە ساڵیادی ئەم کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیدا جارێکی دیکە پێی لەسەر دادەگرینەوە کە ئەمنیەت و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کاتێک دەستەبەر دەبێ کە لە ئێراندا نیزامێکی سیاسیی دێموکرات و دەروەست لەسەرکار بێ. حیزبی ئێمەش کە باوەڕی قووڵی بە ڕێوشوێن و پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان  هەیە، لە مێژووی خەباتی سیاسیی خۆی بەدژی کۆماری ئیسلامیدا دژی توندوتیژی بووە و هەرگیز تێرۆری بە تێرۆر وەڵام نەداوەتەوە. ئێمە لە ڕەوتی هاوپێوەندی و هاوخەباتیمان لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئاڵوگۆڕ و دروست‌کردنی ئێرانێکی دێموکراتیک تێ‌دەکۆشین. هاوکات چاوەڕوانیی ئەوەشمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە کە لە ڕەوتی مامەڵە و سازانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا مافی نەتەوە و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئەم وڵاتە و یەک لەوان کوردەکان لەبەرچاو بگرن.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

خالید عەزیزی

١٥/٦/١٤٠٠