کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی "شۆرای میللیی بەرگریی ئێران" بەرانبەر بە کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە سنوورەکانی کوردستان

15:48 - 21 خەرمانان 2721

"شۆرای میللیی بەرگریی ئێران" کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە سنوورەکانی کوردستان مەحکووم دەکات. مەسعوود ڕەجەوی ڕێبەریی شۆرای میللی نەرگریی ئێران ڕایگەیاند کە، بۆ پاشگەزكردنی ڕێژیم لە تۆپبارانی خەڵكی بێ‌تاوان و حیزبە كوردییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكان دەبێت لە شارە زوڵم‌لێكراوەكانی كوردستانی ئێران و سەرانسەری وڵات وەكوو نموونەی كێشەی ئاوی خووزستان خەڵک ڕاپەرێت. لە لایەکی دیکەوە شۆرای میللیی بەرگریی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی هێرشی ڕێژیمی ئێران، داوای بەدواداچوونی نێونەتەوەیی لەلایەن شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەکا. هەروەها شۆرای میللیی بەرگریی ئێران ڕایگەیاندووە کە، هێرشە دڕندانەکانی ڕێژیمی جینایەتکاری ئاخوندی دژ بە حیزب و لایەنە کوردییەکانی ئێران لە خاکی کوردستانی عێراق بە توندی ئیدانە دەکەین و داواکاری بەدواداچوونی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرانبەر بە کردەوە دڕندە و دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی ئێرانین و ڕوونە کە نکۆڵی و کەمتەرخەمی لەم بابەتە دەبێتە هۆی کردەوەی ڕووهەڵماڵانەتر لەلایەن جەللادانی کوردکوژی زاڵ بەسەر ئێرانەوە.