کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار

16:10 - 21 خەرمانان 2721

باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات بەهۆی نەخۆشییەوە لە پیرانشار کۆچی‌دوایی کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، خدر خزری" باوکی شەهید بایزید خزری ناسراو بە (بایزە قەندە) خەڵکی گوندی دووچۆمان، لە شاری پیرانشار لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد. شایانی باسە کە بایزید خزری ناسراو بە بایزە قەندە لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پێشمەرگە بوو و بۆ وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی گەلەکەی لەو ڕێبازەدا گیانی پیرۆزی بەخشی و چووە ڕیزی نەمرانەوە. جێی ئاماژەیە کە بنەماڵەی مام خدر بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و جێی رێزی خەڵکی پیرانشارن و هەردەم دڵسۆز و نیشتمان خۆشەویست بوون، هەر بۆیە بەدەیان جار دەست و پێوەندیەکانی ڕێژیم کێشەیان بۆ مام خدر و کوڕ و کچەکانی ساز کردووە و تووشی ئەزێت و ئازار بوونەوە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی مام خدر و خزم و کەسوکاری و خەڵکی گوندی دووچۆمان و ناوچەی پیرانشار دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.