کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی نوێی وەزارەتی ناوخۆی ڕێژیم بەدژی کوردستان

16:00 - 21 خەرمانان 2721

بەپێی گەڵاڵەیەکی رێژیم پارێزگاکانی ورمێ و سنە لە پاڕێزگاکانی کرماشان و ئیلام دادەبڕێن. ڕۆژنامەی شەرق لە زاری یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆی وڵات و شۆراکان لە مەجلیسی ڕێژ‌یمدا، ڕایگەیاند: "گەڵاڵەیەک بە ئامانجی هەڵبژاردنی وەزیرانی ناوچەیی و بڵاوکردنەوەی دەسەڵات بە هەموو ناوچەکانی وڵات و هاوئاهەنگی بۆ کەمکردنەوەی کێشەی هەژاری هەندێک لە پارێزگاکان ئامادە کراوە." ئەو گەڵاڵەیە لاساکردنەوەی گەڵاڵەی "موحسێن ڕەزایی"یە کە ئەو مۆرەیەی ڕێژیم لە چەندین خولی هەڵبژاردنەکاندا، باسی لە بە ئەیالەتی کردنی وڵاتی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان کردووە. لە ئێستادا وەزارەتی ناوخۆی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی هاوشێوەی بۆ دابەشکردنی پارێزگاکان ئامادە کردووە کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، پێنج ناوچە بە شێوەی خوارەوە پێک دێ: ناوچەی یەکەم: پارێزگاکانی " تاران، قەزوێن، مازەندەران، سمنان، گوڵستان، ئەلبورز و قوم" ناوچەی دووهەم: پارێزگاکانی "ئێسفەهان، فارس، بووشێهر، چوارمەحاڵ و بەختیاری، هورموزگان و کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد" ناوچەی سێهەم: پارێزگاکانی " ئازەربایجانی شەرقی، ورمێ، ئەردەبیل، زەنجان، گیلان و سنە" ناوچەی چوارەم: پارێزگاکانی "کرماشان، ئیلام، لۆڕستان، هەمەدان، مەرکەزی و خوزستان" ناوچەی پێنجەم: "هەر سێ پارێزگای خۆراسان و پارێزگاکانی کرمان، یەزد و سیستان و بەلووچستان" بەپێی ئەم گەڵاڵە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەسەر دوو ناوچەی جیاوازدا دابەش‌دەکرێن و لەوچواچێوەیە پارێزگاکانی ورمێ و سنە دەخرێنە سەر ئەو ناوچەیەی کە پارێزگا ئازەرییەکان تێیدا کۆ کراونەتەوە.