کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو سەرۆک‌کۆمارەی چوارپەلی لەنێو توێکڵی گوێز دایە

02:35 - 1 رەزبەر 2721

  ١- پەندێکی کۆنی فارسی دەڵێ "وەک پشیلە دەست‌و‌پێی کەوتووەتە نێو توێکڵە گوێزەوە". لێتان تێک‌نەچێ، گوێز دوو توێکڵی هەیە. توێکڵی یەکەم شین و نەرمە و ئەگەر وشک بێت، خۆی لە توێکڵی دووهەم دەبێتەوە. توێکڵی دووهەمیش زۆر ڕەقە و جاری وایە بە زەبری چەکوش و بەردیش ناشکێت. ئەگەر گوێزێکی نەشکاو بکەی بە دوو لەتەوە و کاكڵی دەربێنی، هەر لەتێکی وەک قەپێلکە کیسەڵی بچووکی لێ دێت. ئەم پەندەی فارسان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چوارپەلی پشیلە بەجیا بخرێنە نێو چوار لەتە توێکڵەگوێزەوە و گورپەی ماڵوێران لەسەر ڕووبەرێکی لووس و لیچق هەر چەنگی لێرولەوێ بدا و نینۆکی زەوی نەگرن و دەست و قاچی تەنیا لەژێر خۆیدا بجووڵێن و بۆ مەودای هەنگاوێکیش ڕێگەی کشانەوە یان چوونەبەرەوەی نەبێت. ‌٢- لەبیرتانە کچەکەی بلەی ڕەییسی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری لە تەلەفیزیۆنی ئێرانەوە چی بە باوکی گوت؟ زەحمەتە لەبیرتان بێت، بەڵام من وەک ئێستا لەبیرمە. ڕەیحانە ساداتی ڕەییسی لە کاتێکدا شان و باهۆ و سینگ و لەشی لەژێر چارشێوە ڕەشەکەیدا حەجمینیان لێ بڕابوو و "عطوفت"ی هەموو بینەرانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا، گوتی باوکم له ماوەی ڕابردوودا لە زۆر شوێن بەرپرسی دەسەڵاتی دادەوەری بووە. ڕەیحانە خەریک بوو دەیگوت باوکم لە کارەکەی زۆر ڕژد بووە و تەنانەت ڕەحمی به هاوکارانیشی نەدەکرد، بەڵام بەڕێوەبەری بەرنامەکە زوو لە دەمی دا و باسەکەی سووڕاند و لێی پرسی ئەدی باشترین ئاکاری باوکت چییە؟ کچە خڕوپڕەکە لەبن چادرە ڕەشەکەیەوە وڵامی داوە: "مێهربانە". پێشکەشکاری بەرنامە دیسان پرسی ئەدی خراپترین ئاکاری باوکت؟ کچە دیسانیش وڵامی داوە: "مێهرەبانە" ٣- هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سوپای پاسداران کە تەنیا خۆی بە عەلی خامنەیی دەڵێت "ئیمام خامنەیی"، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە توییتێکی بەپەلەدا بە کەبکەبەودەدەبەوە باسی بلەی ڕەییسی و سەردانی بۆ شاری دووشەنبە کرد و لەم توییەتەدا پەنجەی توییت‌نووسەکە هەشتاگی "#ئیبراهیم ڕەییسی جەللادی ٦٦"ی هێنابوو، بەڵام دوای چەند ساتێک هەر هەموو توییتەکە بە شانگهای و مانگ‌هایەوە لە ڕووبەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە سڕایەوە. ٤- حەمید نووری کە بە چاوی حیزەوە لە سوئید کەوتووەتە داوی کۆنە زیندانییان و وەک باڵندەی زیرەک بە دەندووک پێوە بووە و هەتا ئێستا ١٢ جار چووەتە پێش دادوەرانی دادگاکە و هەر ١٢ جاریش کاکە بلەی ڕەییسی وەک جەلادی ٦٦ یادی کراوەتەوە. ڕەنگە هاشتاگەکەی تەسنیمیش هەر لەوێوە پڕیشکی پەڕیبێتێ. ٥- نوێنەری کۆ-ماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، سەرۆک‌-کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەک‌گرتووەکاندا بەشدار نابێت و وەزیری کاروباری دەرەوە بۆ ئەم مەبەستە دەچیته نیویۆرک و ڕەییسی هەر لە تارانەوە بە ئانلاین قسە بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکە دەکا. ٦- بە لەبەرچاوگرتنی توانای کەمی ڕەییسی بۆ لەڕوو خوێندنەوەی دەق، سەرۆک‌کۆمار هەموو دیدار و چاوپێکەوتنەکانی ڕەسمی و ناڕەسمی هەڵدەپەسێردرێ و خەریکی تەمرینی خوێندنەوە و ڕەوان‌کردنی ئەو دەقە دەبێت کە بەتەمایە لە ڕووی کاغەزەوە بۆ بەشدارانی کۆڕبەندی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بخوێنیتەوە. ٧- میرزا حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌جیات سەرۆک‌کۆمار لەگەڵ کەیخودا و دەمڕاست و ڕیش‌چەرمووانی جیهان قسە دەکات. ئەنجام و ئەگەری چاوەڕوان‌کراو و چاوەڕوان‌نەکراو: ٧- بەدووری مەزانن، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کورسیی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا دووسمەی بچەقێنێ و بڵێ ئێرە شوێنی ڕاستەقینەی نوێنەری کۆماری ئیسلامییە. ٦- بەدووری مەزانن سەرۆک‌کۆمار وتارەکەی بۆ کۆڕی گشتی پێشتر تۆمار کردبێ و بۆی پێداچووبنەوە و ڕاستەوخۆ نەخوێنیتەوە و ڤیدیۆی تۆمارکراوی هەڵەبڕکراوی بە ئانلاین بۆ بەردەنگان لێ بداتەوە. ٥- بەدووری مەزانن تەنیا نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئەمیر عبدوڵڵاهیان و نوێنەری ڤێنیزویلا و یەک‌دوو وڵاتی دیکە کاتی بڵاوکردنەوەی ڤیدۆکەی ڕەییسی لە هۆڵی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان بمێننەوە و ئەوانی دیکە لەولاتر خەریکی جگەرەکیشان و قاوەخواردنەوە بن. ٤- بەدووری مەزانن دادگای حەمید نووری بێتەوە بەر چاوی سەرۆک-کۆمار و حەمید سەرکۆنە بکا و بڵێت ئاخر هیچ و پووچی نەفام، لە نێو ئەم هەموو سیغە و میغەیە چکارت بە ماهڕوویانی ئورووپایی بوو؟ ٣- بەدووری مەزانن بە مەبەستی سزادانی تەسنیم لەبەر دانانی هاشتاگی "ڕەییسی جەللادی ٦٦" ، ئامادەکردنی وتاری ئەمجارەی سەرۆک‌کۆمار بکەوێتە سەرشانی بەڕێوەبەری ئەم هەواڵدەرییە. ٢- بەدووری مەزانن ڕیحانەی ڕەییسی، لەو ڕۆژەوە لە تەلەڤیزیۆن تاریفی باوکی دەکرد، هەتا ئێستا بە قسەی ئەوکاتی خۆی پێ‌بکەنێت. ١- بە دووری مەزانن چوارپەلی سەرۆک‌کۆمار هەتا کۆتایی تەمەنی لەنێو توێکڵە گوێزاندا بمێننەوە.