کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم دیدار و دوادیدار (دڵنووسێک بۆ شەهید مووسا باباخانی)

02:43 - 1 رەزبەر 2721

ڕۆژی شەممە، ١٦ی گەلاوێژ قەول بوو ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی ڕێبەرێکی خاکەڕا و خۆنەویست، نەمر مامە جەلیل گادانی بەڕێوە بچێ. بۆ نانی نیوەڕۆ لەگەڵ کاک ‌حەسەن ڕەستگار و دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە میوانی خوانی کاک عەزیز، پێشمەرگەیەکی دڵاوا و دلۆڤان بووین. دەست و چاوی خاتوون خۆش بێ کفتەوشۆرباوێکی بەتام و بۆن. پشوویەکم دا و پاش نیوەڕۆ بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمەکە بەرەو قەڵا بوومەوە. ڕێوشوێنی ئەمنی بەتەواوی ڕەچاو کرابوو، هەربۆیە زۆرم بەدڵ بوو. چووم لە ڕیزی هەرەدواوە دانیشتم. ئەوەندەی خوا حەز بکا شەرمەزاری لوتفی هەموو هاوڕێیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووم کە بە ناسیاو و نەناسیاوەوە شەپۆلی میهر و میهرەبانیان لە خۆی گرتم. ئەوەی بۆ منیش مابۆوە ئارەقەی شەرمی تەوێڵم بوو. کاک مستەفا مەولوودی، جيگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک هەمیشە لە ئاستی من گەورەیی نواند. ئەمری کرد بچینە ڕیزی پێشەوە، هەرچەند عەرزم کرد جێگام خۆشە فەرمووی نابێ. لای کاک عومەر باڵەکی و کاک ‌حەسەن قادرزادە دانیشتم. چەند خولەکی پێ نەچوو، دوکتور ئاسۆ هات و لەلام دانیشت، سەری هێنا بن گوێم و هەواڵێکی بە گوێمدا چرپاند، ئاسمان بەسەرمدا هەرەسی هێنا! مووسا باباخانی شەهید کراوە، لە هۆتێلێکی هەولێر تێرۆر کراوە. کوڵی گریان ئەوکی گرتم. حەولم دا بە ماسکەکەم ڕوخسارم داپۆشم، هەستم بە خەمی ڕوخساری هەموو ئەندامانی ڕیبەرایەتی دەکرد، بەڵام دیار بوو کە حەولی شاردنەوەیەکی کاتیی دەدەن تا تەواو بوونی ڕێوڕەسمەکە. دیمەنی کوڕە حەیابەخۆ و ماندوویی نەناسەکەی کرماشان بۆ ساتێکیش لە زەینم لانەدەچوو. بۆ بڕواپێکردن نەدەبوو ئەم هەواڵە شوومە. ڕێک دوو ڕۆژ پێشتر لە کوردکاناڵ کە چوومە لایان، لەوێ لەگەڵ عەلی لەیلاخی ئازیز بینیم. گوتم: مووسا گیان ئەوە لێرەی؟ بەدەم بزەوە، بە زاراوە شیرنەکەی گوتی: ئەریوەڵا مامۆسا! لە ئامێزم گرت و دەستمان کرد بە جەفەنگ و قسەوباس... قەرارمان دانا هەفتەی داهاتوو بە یەکەوە بەرنامەیەک سازکەین... ئیتر ئەمە یەکەم دیدار و دوادیدارمان بوو. من پيشتر چ ئەو کات کە لە تورکیە بووم و چ لە ئەمریکا، بۆ چەند بەرنامەیەکی مووسا لە کوردکاناڵ وەک ڕاوێژکار یارمەتیم دەدا و تێکستی بەرنامەکانیم بۆ دەنووسی و چەند بەرنامەیەکیشمان بەیەکەوە کرد. ئيستا کە خەریکی نووسینی ئەو دێڕانەم، سەیری مەسێنجێرەکەی خۆم و شەهید مووسا دەکەم و بە هەڵکەوت ئەو پرسیارەی هاتە بەرچاوم:   سڵاو مامۆستا گیان! سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر پرسی نەتەوەیی لەو وڵاتە شکستی هێناوە؟ یان بە واتایەکی دیکە سیاسەتی تواندنەوە و سەخت‌ئەفزاریی ڕێژیم سەرکەوتووە یان تێک‌شکاوە؟ ڕەنگە ئێستا وڵامی ئەم پرسیارەم لا هاسانتر بێ. مووسا گیان ئەگەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی شکستی نەهێنابا، ئەگەر سیاسەتی کوشتن و تێرۆری دەیان ساڵەی ڕێژیم شکستی نەهێنابا، ئەو شەپۆلی هاوخەمی و نەفرەت و ڕق و بێزارییە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ساز نەدبوو، هاوڕێیانت سوورتر نەدەبوون لەسەر درێژەدانی ڕێباز و ئامانجت. بۆیە بەدڵنیاییەوە وەک هەمیشە تووشی ئابڕووتکان بووە و سیمای دڕندە و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە جاران خۆی دەرخستووە... با بگەڕێینەوە هۆڵی ڕێزلێنانەکە. کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وتاربێژی ڕێوڕەسمەکە بوو. باسی تایبەتمەندییەکانی کاک جەلیلی دەکرد. باسی لە ئەخلاقی مامە کرد، باسی خاکەڕایی و بێ دەعێی، باسی لەوە کرد کە بۆ ئەنجامی هەموو کارێکی حیزبی هەمیشە ئامادە بوو. بۆی گرینگ نەبوو کارەکە چییە، گرینگ ڕاپەڕاندنی کارەکە بوو. ئەمە ڕێک ئەو تایبەتمەندییەیە کە دەبێ هەموو تاکێکی شۆڕشگيڕ بیکا بە مکانیزمی هەتاهەتایی بۆ خەبات. بەڵام چ هەڵکەوتێکی سەیر بوو، ئەو تایبەتمەندییەی مامە جەلیل بەتەواوی لە شەهید مووسادا دەدیترا! د. ئاسۆ و کاک عومەر باڵەکی باڵەکی کە لەمبەر و ئەوبەرم بوون زۆر بەداخ و حەسرەتەوە بوون. چەند پرسیارێکم لێکردن سەبارەت بە چۆنیەتیی شەهیدبوونی مووسا، بۆم دەرکەوت دیسان کۆماری پەت و سێدارە بە دەستی سیخوڕ و خۆفرۆشێک داوی بۆ مووسا ناوەتەوە. مووسا بۆیە بوو بە ئامانج کە وەکازەکەی دەستی لە مەیدان و گۆڕەپانی کوردایەتی لە ناوچەی کرماشان، وردەمارەکانی سیحربازانی فیرعەونی تارانی ڕاماڵیبوو، کارتێکەریی مووسا و لەسەر خەت بوونی لەگەڵ گەنج و لاوانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەسایەتیی خاکەڕای بۆ ئەوەستۆگرتنی هەموو چەشنە ئەرکێکی حیزبی، مووسای کردبوو بە کارەکتێرێکی شوێندانەری مەیدانی و پوختەی حیزبی، بۆیە پلانی تێرۆری دەمێک بوو بۆ داڕێژرابوو. گرفت و تێنەگەیشتوویی و ماڵکاولیی کۆماری ئیسلامی لەوەدایە پاش زیاتر لە چل سال بۆی دەرنەکەوتووە کە بە کوشتنی کورد و بە کوشتی گیانبازانی دێموکرات، کورد بە دەیان قات بەورەتر و سوورتر لە ڕابردوو لەسەر ڕێ و ڕێبازی شەهیدان بەردەام دەبن. لە لایەکی تریشەوە کوا ئەگەر مووسا بە مەرگی ئاسایی سەری نابایەوە، دەبوو بە ڕەمز و دەبوو بە مووسای کوردان! لە ‌‌حەوشەی قەڵا لەگەڵ "سوڵتانی" و "شەرەفی" و "بداغی" و "مروەتی" و "سەلیمی" ڕاوەستابووین. جەغارانمان گڕ دا و هەموو لە دوایین ساتەکانی پەیوەندی شەهید مووسا دووان. ئیمان و باوەڕی ئەم کوڕانە دەگوتن نایە، بەدەم بزەوە بەرەو مەرگ ڕۆیشتن و بەسۆخرەگرتنی دەسەڵاتێکی ئابڕووتکاو و تیرۆریست. کۆماری ئیسلامی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات وەک وڵاتێکی تیرۆریست و تیرۆریست‌پەروەر هەر ئێستا لەبەر جەنایەت و تیرۆر، کەیەسەکانی لە دادگاکانی وڵاتانی ئورووپایی لە سوئید و بلژیک کراوەیە. دیارە ئەم جۆرە جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت هێزە کوردییەکانی دژی دەسەڵات، شتێکی تازە نییە و هاوتەمەنی ئەم نیزامە نگریسەیە. بێگومان حەوجێ بە گوتن ناکا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک وڵاتێکی تیرۆریست و پاڵپشت و پاڵنەری تیرۆریزم لە ناوچە لە هەموو جیهان ناو و ناوبانگی هەیە. وەک ئاماژەم پێکرد دۆسییەکانی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێستاش لە ئورووپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشوور و لە سەرانسەری جیهاندا کراوەیە و بەرپرسانی باڵای ئەم حکوومەتە تاوانباری سەرەکین لە تیرۆرەکاندا و ئێستاشی لەگەڵدا بێ زۆربەی هەرە زۆریان ناوێرن پێ بنێنە دەرەوەی وڵات! تێرۆر پيناسەی سەرەکی و ئاواڵدووانەی کۆماری ئیسلامییە. ڕێبەری ئەم وڵاتە و سپا مرۆڤخۆرەکانی لە لیستی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادان. چەندە هۆی شەرمەزاری و سەرشۆڕییە یەکی وەک ڕەئیسی، سەرکۆماری داندراوی ڕێژیم،کە لە ئاخاڤتنی ئاساییدا كڵۆڵ و کۆڵەوارە و قسەکانی بۆتە هۆی گاڵتە و گەپجاڕی خەڵک، ناوێرێ بچێتە نیۆیۆرک بۆ بەشداری‌ لە کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان! بۆ؟ چون جەللاد دەترسێ لەويندەرێ نەهێڵن بگەڕێتەوە. شا ئەم شوورەییە، شا ئەم ئابڕووتکانە!   مێژوو بۆ كورد جۆرێ وه‌ستان و قه‌تیس مانه‌وه‌یه‌، به‌ واتایه‌كی تر ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو بۆ كورد ڕاوستاوه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌باری فیزیكییه‌وه‌ قسه‌یه‌كی ته‌واو نه‌بێ چون كات ناوه‌ستێ و به‌رده‌وام به‌ره‌وپێش ده‌چێ، به‌ڵام زیاتر مه‌به‌ستم ئاڵوگۆڕه‌ به‌ پێوه‌ری زه‌مان. كه‌ ده‌ڵێم مێژوو بۆ كورد ڕاوستاوه‌، جه‌ختم له‌سه‌ر پنتێكه‌، كه‌ نه‌ شوێنه‌ و نه‌ كاته‌! واته‌ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتووه‌ به‌ده‌ر بووه‌ له‌ "دووانه‌ی شوێن - كات"! ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتووه‌ له‌ چه‌مكێك به‌ ناوی سڕینه‌وه‌دا كۆكه‌ینه‌وه‌، حه‌ول بۆ ئه‌م سڕینه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌سته‌وه‌ به‌ درێژایی مێژووی كۆن و هاوچه‌رخ به‌ هه‌موو شێوه‌ و شێوازێك ڕێگه‌پێدراو و "حه‌ڵاڵ" بووه‌. به‌ پانتای ئه‌م كوردستانه‌ (شوێن) گه‌وره‌یه‌، خوێنی كورد حه‌ڵاڵ كراوه‌ چ دوێنێ و چ ئه‌مڕۆ (كات). وەک دوێنێ ده‌كرێ ئه‌م كاره‌ساته‌ ئه‌نفالی بارزانییه‌كان بێ له‌ باشوور، ده‌كرێ كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بێ له‌ باشوور، ده‌كرێ كۆمه‌ڵكۆژی ده‌رسیم بێ له‌ باكوور، ده‌كرێ قه‌تڵوعامی قاڕنێ و قه‌ڵاتان بێ له‌ ڕۆژهه‌ڵات، ده‌كرێ سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ و پێناسه‌یی بێ له‌ ڕۆژئاوا و وەک ئەمڕۆ دەکرێ مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات و تیرۆری شەهید مووسا باباخانی ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەدان نموونه‌ی تر. وه‌ك ده‌بینین له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان به‌بێ جیاوازی، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا، ئه‌م سڕینه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام دووپات و چه‌ندپات ده‌بێته‌وه‌. وه‌ك كه‌وانه‌: (دیاره‌ بێگومان له‌ مێژووی كورددا خاڵگۆڕانی زۆر سه‌رنجڕاكێش هه‌بووه‌ كه‌ زیاتر له‌سه‌ر ده‌ستی ئیراده‌یه‌كی تاكی كاریزماتیك ڕووی داوه‌ و ئه‌م خاڵگۆڕانه‌ش بۆته‌ پتانسییه‌لێك بۆ به‌رگری، هه‌رچه‌ند به‌ توندوتیژترین شێوه‌ش حه‌ول بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌م خاڵگۆڕانانه‌ش دراوه‌!) من لام‌وایه‌ نه‌وی‌كێشان و خۆبه‌كه‌م‌زانین، له‌ به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خولانه‌وه‌ و مردن له‌ بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌. بۆ قوتار بوون له‌م جه‌غزه‌ نگریسه‌ و كردنی ئه‌م بازنه‌یه‌ به‌ هێڵێكی ڕاست، پێویسته‌ كورد له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی ده‌كرێ ڕێك وه‌ها دژكرده‌وه‌یه‌كی هه‌بێ: چاو له‌ هه‌مبه‌ر چاو، قه‌ڵه‌م له‌ هه‌مبه‌ر قه‌ڵه‌م! مه‌به‌ستم له‌ چاو له‌ هه‌مبه‌ر چاو، وه‌باڵ كێشان بۆ یاسای تالیۆن نییه‌، مه‌به‌ستم ناسیۆنالیزمی به‌رگریكارانه‌یه‌ بە هەموو شێوەیەک و کەڵک‌وەرگرتن لە هەموو شێواز و پتانسییەلەکان. با وەڵامی تێرۆری شەهید مووسا ببێ بە سەرەتایەک بۆ قوتار بوون لەم جەغزە. ئەو تەمەنەی مووسا تێکەڵ بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو، ڕێک هەڕەتی ئاودیو بوون بۆ ڕۆژئاوا و لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیدا چەند کۆڕەوێک بۆ ئورووپا ساز بوو، بەڵام مووسا تێکەڵ بەم شەپۆلانە نەبوو و لە قەڵا مایەوە و بێگومان ئەوەیە ڕەمزی مانەوەی مووسا لە ناو دڵی هاوڕێیان و نەتەوەکەیدا. یاد و ناوی هەرمان، ڕێ و ڕێبازی پڕڕێبوار.