کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە‌پەرەستی و دادپەروەری لە بیرکردنەوەی شەهید غوڵام خەلیفەزادەدا

02:46 - 1 رەزبەر 2721

بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی ئینسانە شۆڕشگێڕ ‌و خەباتگێرەکان بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو کەسانەی بە دەرد و مەرگی نەتەوەکەیانەوە خۆیان ماندوو کردووە چەندە بەرز خۆیان نواندووە. ئەگەرچی نەتەوەیەک بۆ ئەوەی کە بگاتە مافەکانی خۆی و بە سەربەستی و ئازادی بژی، دەبێ بەردەوام تێ‌بکۆشێ و ڕۆڵەکانی ژیانیان پێشکەشی بارەگای ئازادی بکەن. گەلی کوردیش وەک نەتەوەیەک کە چەند سەدەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە بەرحەقەکانی خۆی خەبات دەکا، پۆل پۆل ڕۆڵەی بەوەجی خۆی فیدای ئەم ڕێبازە کردووە. ئەم نەتەوە ماف‌ویستە هەردەم لە بەرانبەر دیکتاتۆرەکاندا ڕاوەستاوە و هەتا ئیستاش بە پێشەنگایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خەباتی نەسرەوتووانەی خۆی بەردەوامە. "هەگبەی شاخ و شۆڕش" کە ئاوڕ لە ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی خەبات و بەرخودانی نەتەوەی کورد و هەڵۆ تیژباڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەداتەوە، ئەمجارە یادی خەباتکارێکی شاری سەقز، شەهید غوڵام خەلیفەزادە دەکاتەوە. شەهید غوڵام خەلیفەزادە لە شاری سەقز چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. بارودۆخی بنەماڵەی شەهید غوڵام وەک زۆربەی خەڵکی کوردستان پڕ بوو لە مەینەتی. کوردستان وەک هەمیشە لەژێر زەبروزەنگ و چەوسانەوەدا بوو و سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک لەلایەن هەموو دامەدەزگا حکوومەتییەکانی ڕێژیمەوە پەیڕەو دەکرا. سیاسەتی پاشخستنی کوردستان لە ڕەوتی ئاوەدانی و گەشەکردنی وڵات ڕەوشێکی تاقەت‌پڕووکێنی بۆ زۆر لە بنەماڵەکان لە شار و گوندەکانی کوردستان خوڵقاندبوو. شەهید غوڵام ساڵی  ١٣٣٧ لە کاتێکدا لەدایک بوو کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی پاشایەتی شەپۆلێکی نوێ لە گرتنی ئەندامانی حیزبی دیموکراتیان لە کوردستان دەست پێ کردبوو کە ئەو ڕەشبگیرە شاری سەقزیشی دەگرتەوە. غوڵام قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی خوێندنی لە قوتابخانە بڕی و بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەکەشی شانی وەبەر ئەرک و بەرپرسایەتی نا. بیری کوردایەتی، خەبات دژی هەڵاواردن و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخە و بەشداری لەو تێکۆشانە هەر لەو قۆناغەدا لە مێشک و دڵی شەهید غوڵام‌دا گوورا و بیچمی گرت. هەر بۆیەش ئه‌و کە ئاواته‌خوازی‌ ڕزگاریی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ له‌و نەهامەتییانە بوو، بە تین و گوڕەوە له‌ خۆپێشاندانه‌كانی‌ ساڵی‌ 1357ی‌ هه‌تاوی‌ له‌دژی‌ حكوومه‌تی‌ پاشایه‌تیدا‌ به‌شداریی‌ كرد. شەهید غوڵام ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی و‌ به‌دوای‌ هاتنه‌سه‌ركاری‌ ڕێژیمی‌ ئیسلامی تێکۆشانی سیاسی و مەیدانیی خۆی سەرەتا لە ڕیزی‌ سازمانی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئیراندا دەست پێ کرد. ئەو کە خولیای عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی مرۆڤەکان بوو، لەو ڕێکخراوەیەدا توانیی بە لێوه‌شاوه‌یی ‌‌و پێشاندانی توانا و ئەزموونەکانی زۆر قۆناغی تەشکیلاتی ببڕێ، بەڵام نەتەوە و نەتەوە خۆشەویستییەکەی لەهەر بارودۆخێکدا بیرکردنەوکانی ڕەنگڕێژ دەکرد. هەرئەوەش بوو کە دوای چوار ساڵ تێکۆشان لە ڕیزی ڕێکخراوی "چریکەکان"دا لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەی هاتنە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە و بەباوەشی ئاوەڵا وەرگیران. شەهید غوڵام سەرەتا وەک پێشمەرگە لە هێزی عەزیز یوسفی لە ناوچەی سەقز سازمان درا. بەهۆی ئەو ناسیاوییەی کە کۆمیتەی سەقز لە ناوبراوی هەبوو، هەروەها بەهۆی ئەوەش کە زۆر زوو توانیبووی‌ جێگای‌ خۆی‌ لەنێو دڵی‌ هاوسه‌نگه‌رانی‌دا بكاته‌وه، قۆناغەکانی پێشمەرگایەتیی حیزبی دێموکراتی بڕی. ئەو وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئازا‌ و قاره‌مان له‌ شه‌ڕه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ سەقزدا به‌شداریی‌ چالاكانه‌ی‌ كرد و به‌تایبه‌تی‌ له‌ تێکهەڵچوونەکانی نێو شاری‌ سەقز، جاده‌ی سەقز-بۆکاندا ‌ نیشانی‌ دا کە چ ڕۆڵه‌یه‌كی‌ قاره‌مانی‌ ڕێگای‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌یه‌تی‌. ئەو له‌گه‌ڵ‌ هاوسه‌نگه‌رانی‌ ڕووخۆش ‌و له‌سه‌رەخۆ بوو، لە مەیدانی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمیش وەک پڵنگ هەڵمەت‌بەر و ڕژد بوو. هه‌ر مه‌ئمووریه‌تێك‌ پێیان سپاردبا، به‌بێ‌ ڕاوه‌ستان به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌برد و بۆ ڕاپەڕاندنی هیچ ئەرکێکی حیزبی ناگوتنی نەبوو. هەر ئەو تایببەتمەندییانە وایکرد کە غوڵام خەلیفەزادە زۆر زوو بەرپرسایەتی پێ بدرێ ‌و وەک جێگری لکی ٣ی شەهید ئەسەد سولێمان‌پوور دیاری بکڕی‌؛ کە دواتر وەک فەرماندەری لک دیاری کرا. شەهید غوڵام ئه‌و مه‌سئوولییه‌ته‌ی‌ به‌وپه‌ڕی‌ عه‌لاقه‌وه‌ وه‌رگرت‌ و سه‌لماندی‌ كه‌ توانایی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ بەرپرسایەتیی قوورستر لەوەشی هەیە. ئیمان به پیرۆزیی‌ ڕێبازه‌كه‌ی‌ وای‌ ‌كردبوو چاوی‌ له‌ گولله‌ نه‌ترسێ و هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری‌ پێشه‌وه‌ی‌ خۆڕاگر‌دا بێ‌. توانای فەرماندەیی ‌و لێوه‌شاوه‌یی ‌‌و چالاكی‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ به‌ بیروباوه‌ڕه‌ی‌ دێموكرات زۆر زوو خۆی پێشان دا، بە جۆرێک كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا حه‌ماسەخوڵقێنی ‌‌و چیرۆکی نەبەردییەکانی ئەو لە زۆر شەڕ و تێکهەڵچوونی جۆراوجۆر لە ڕێگای‌ سه‌قز- بۆكان، سەقز – سنە، سەقز-بانە و نێو شاری سەقز کەوتە سەر زار و زمانان. شەهید غوڵام خەلیفەزادە هاوکات کادرێکی سیاسیی بەوەج بوو. لە تێکەڵاویی لەگەڵ خەڵکدا زۆر بەوردی و هەست بە بەرپرسایەتییەوە سیاسەت و جینایەتەکانی ڕێژیمی لەقاو دەدا و ئامانج و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی شی دەکردەوە. شەهید غوڵام خەلیفەزادە کە بەهۆی شارەزابوون لەنێو شاری سەقز چەندین عەمەلیاتی قارەمانانەی بەڕێوە بردبوو، شەوی ٢٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٣ بۆ عەمەلیاتێکی دیکە و ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی حیزبی دەچنەوە نێو شار. ئەوان لەو مەئموورییەتەدا لەگەڵ هێزەکانی دوژمن تووشی تێکهەڵچوون دەبن و لەو عەمەلیاتەدا بەداخەوە ڕۆڵەی بەجەرگ و گیانبازی کورد، غوڵام خەلیفەزادە سینگی بەر فیشەکی دوژمن دەکەوێ و لە تەمەنی ٦ ساڵیدا دڵە پڕ لە خۆزیاکەی لە لێدان دەکەوێ. ڕوحی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار.