کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادێک لەو دایکانەی سەریان نایەوە و داری ئاواتیان نەهاتە بەر

05:05 - 16 رەزبەر 2721

ماوەیەک لەوەپێش بوو کە دایە ئایشێ، دایکی دوو شەهیدی رێبازی ‌‌‌حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەهیدان کاک ئەحمەد جاویدفەڕ ناسراو بە (هەژار) و سلێمان جاویدفەڕ ماڵاواییان لێ کردین. بە بیستنی هەواڵی مەرگی دایە ئایشێ یەکسەر ئەو دایکە شەهیدە فیداکارانەم هاتەوە بیر کە لە کاتی خۆیدا لە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانی ئێمەدا بەشدار بوون و لە ڕاستیدا پشت و پەنای مەعنەویمان بوون. هەر بۆیە بەو بیانوووە هێندێک لە بیرەوەرییەکانم لەگەڵ ئەو شێرەژنانە دەهێنمە سەر کاغەز، هەرچەندە قەڵەمی کۆڵ و كولی من نە لەو ئاستەدایە و نە لە توانای من‌دایە کە بتوانم وەک پێویست باسی گەورەیی و دڵسۆزیی ئەو دایکانە بکەم. ئەو دایکە شەهیدە فیداکار و بە ئەمەگانەی کوردستان زۆر بوون کە لە باوەشی خۆیاندا ڕۆڵەکانیان پێگەیاند و دەرسی ئازایەتییان دادان و ڕەوانەی مەیدانی پڕ لە شانازیی خەباتیان کردن. ئەو دایکانە کە ئەوکات کوڕەکانیان لە ڕیزی خەباتدا بوون، وەک دایکی شەهیدان یوسف سازواری و حەسەن سازواری و دایکی شەهید عەبباس پاکزاد و شەهید جەلال موئمینی و شەهید ساڵە و هەروەها دایکی شەهید ڕەحمان ئازرەنگ و دیدە و دایکی شۆڕش ئەسەدزادە و... . لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا ئەو دڵسۆزانە وەفاداری ڕێبازی شەهیدان و حیزبی دیموكرات بوون و شانازییان بەو ڕێباز و ئامانجە پیرۆزەوە كردووە و، لەگەڵی ژیاون و بەردەوام كوانووی خۆشەویستیی حیزبی دێموكراتیان لە نێو خەڵكدا گەشاوە و گەرم‌وگوڕ ڕاگرتووە. ئەوان قەڵایەک بوون، هێز و گوڕی خەباتی کوڕە پیشمەرگەکانیان بوون. ئەوان هەمێشە خۆیان بە سەربەرز دەزانی کە دایکی شەهیدێکی کوردستانن و قەتیش نەیان‌دەشاردەوە کە تا دواهەناسە پیشتیوان و درێژدەری ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدکانیانن. ئەوان لە هەموو کاتەکاندا لەگەڵ ئێمە بوون. لە خۆشی و ناخۆشیەکانماندا بوون، لە سەرکەوتن و شکستەکانمان، لە پێکەنین و گریانەکانمان بەشدار بوون. ئەوان لەو کاتانەی کە لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ دژمندا سەرکەوتنمان بەدەست دەهێنا، سەرەڕای هەموو ئەو ئازار و ئەزیەتەی کە لە دەست دژمنانی كورد دەیان‌چێشت، بە هێنانی خواردنی خۆش لە ئاواییەکانی دەوروبەری شار، لە گوندەکانی لاچین و سەیداوا و بەسری و شیلاناوێ و باقی گوندەکانی دیکەوە دەهاتن بۆ لامان و خۆشییەکانیان لەگەڵ بەش دەکردین و دەستخۆشیی سەرکەوتنەکانیان لێ دەکردین و هانیان دەداین و شانازییان پێوە دەکردین. کە دەچووینەوە نێو شار، هەر ئەو پۆلە دایکە و کۆمەڵێک دایکی دیکەش لەنێو شار بەرەوپیرمان دەهاتن و پێشوازییان لێ‌ دەکردین. ئێمە بە بوونی ئەوان زۆرمان شانازی بە خۆمانەوە دەکرد و زیاتر لەسەر درێژەدان بە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان سوورتر و ئیمانمان قایمتر دەبوو. لە کاتی تێکشانەکانیشماندا ئەگەر شەهیدمان دەبوو، هەر ئەو دایکانە لەگەڵ چەند دایکی شەهیدی دیکەی وەک دایکی شەهید عەلی قازی و شەهید کامڕانی شافعی و خێزانی شەهید عەوڵای عەلی‌پشی لە قەبرستانی شەبک لە ئاوایی قەرەداغ دەست‌لەملان دەبووین و خەمەکانمان لەگەڵ یەکتر بەش دەکرد. دەکرێ بڵێم قەبرستانی شەهیدانی شەبک ببوو بە ژوانگەیەک بۆ دیداری ئێمە لەگەڵ ئەو خۆشەویستانە و هەر لەوێش پەیمانمان لەگەڵ شەهیدان نۆی دەکردەوە و بەڵێنمان دەدا هەتا دواهەناسە دەرێژەدەری ڕێگایان بین. ئیستا کە نووسینەکەم لەسەر دایە ئایشێ‌یە، پێم‌خۆشە وەک نموونە ئاماژەیەك بە گەورەیی ئەو شێرەژنە بکەم، ئەو دایکە نموونەی مروڤێکی بە ورە و بە سەبر و لەخۆبوردوو بوو و بەشی هەرە گەورەی ژیان و توانای لەڕێی خزمەت بە خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاریی کوردستان تەرخان کرد. زۆر جاران کە بیری لێ دەکەمەوە بە خۆم دەڵێم، نەتەوەیەک دایکی وەک تۆی هەبێ چۆن سەر ناکەوێ؟ با تووشی بەندیخانە و ئازار و ئەشکەنجەی دژمنیش بێ. ئەو، دوو ڕۆڵە و دوو خۆشەویستی خۆی، دوو قارەمانی  پێشکەش بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان کردووە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە ئاماژەیەکیش بەو ڕۆژە بکەم کە کاک هەژار شەهید بوو. ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٠، کاک هەژار لەگەڵ کاک خالید وەنەوەشە، سولێمان خوسرەوی، بایزی ئاغاز و چەند پێشمەرگەی دیکە لە شاروێران (دەشتی شەهیدان) گەڕایەوە بۆ بنکەی فەرماندەیی هێزی پێشەوا کە ئەوکات لە ئاوایی زگدڕاو بوو. بانگی کردم و فەرمووی ناسر چەند نەفەر لە کوڕەکانی ئەرکانی هێز لەگەڵ خۆت ئامادە بکە دەچینە شوێنێک. ئەمن ئەوکات سەرپەلی ئەو پێشمەرگانە بووم کە لە ئەرکانی هێز بوون. ئەمن نەمدەزانی کە کاک هەژار مەئمووریەتی پێ‌ ئەسپێردراوە بۆ ئەوەی بە تۆپ لەو ستوونەی دژمن بدا کە لە بانە ڕا هێرشی کردبوو بۆ گرتنەوەی جادەی بانە - سەردەشت کە لە سیاومە لە گەمارۆی هێزی پێشمەرگەدا بوو. منیش چەند پێشمەرگەی وەک شەهیدان کەریم ئەرسەنگ، هەمزە نەسووری، سیامەک محەممەدجانی، خۆالێخۆشبوو مەلا مستەفا شاریکەندی و هەروەها چەند پێشمەرگەی لکی١ی شەهید کاک شوان و لکی٢ی شەهید حەسەن سۆهرابیم هەڵبژاردن و بە سێ ماشێن وەڕێ کەوتین. ئێوارە بوو، خەریک بوو تاریکی باڵی بەسەر وڵاتدا دەکێشا، بەرەو ئاوایی قەڕەبڵاغ و سارەوانان داگەڕاین بۆ وزندەرێ و لەوێ‌ڕا بە گوندی قەرەچەلاندا بۆ سەرجادەی مەهاباد- سەردەشت کە ئەوکات ئەو جادەیە لەدەست خۆماندا بوو. شەوە، تاریکە و جادە چۆل و دنیا بێدەنگ، سەعات نیزیکەی ٩ی شەوە و بەرەو شوێنی مەبەست وەڕێ کەوتووین. لە ئاوایی کیتکە ماشێنەکان ڕاوەستان. کاک هەژار هات بۆ لامان بە پێشمەرگەکانی گوت دابەزن و بە منی گوت کە بگەڕێمەوە بۆ بنکەی هێز. ئەو گوتی زۆر ئاگاتان لە خۆتان و ناوچەکە بێ، منێش پێم گوت کاک هەژار ئیجازە بدە با من لەگەڵیان بچم، گوتی نا ناسر دەبێ بۆخۆم بچم. ئەوکات دڵنیا بووم کە دەچێ بە تۆپ لەو ستوونە دەدا. ئەوان وەڕێ کەوتن بۆ شوێنی مەبەست و منیش گەڕامەوە بۆ ئەرکانی هێز. شەوی ٢٢ی سەرماوەز سەعات ٢ی نیوە شەو بوو خەوم لێ کەوتبوو کە لەپڕ یەکێک بانگی کردم. کە سەرم هەڵێنا مستەفای مەلا کەریمی لەسەر سەرم راوەستابوو، پەشۆکاو و هەراسان دیار بوو، زۆرم پێ سەیر بوو، تۆ بڵێی ئەوە مەستەفا بێ؟ ئاخر شەوی پێشوو لەگەڵ کاک هەژار بوو، فەوری هەستامە سەرپێ و پرسیاریم لێ کرد بۆ هاتوویەوە؟ بەدەم گریانەوە گوتی ماڵمان وێران بوو. گوتم چی بووە؟ گوتی بەداخەوە کاک هەژار شەهید بووە. بۆ ماوەیەک تاسام. هەر پێم‌وابوو خەونم دیتووە؛ دەتگوت لە شوێنێکی بەرز ڕا بەریان داومەوە. لەپڕ قسەکەی کاک هەژارم هاتەوە بیر کە گوتی، ئاگات لە خۆتان و ناوچەکە بێ. چون ئەو کاتی سوسەن‌ئابادی، فەرماندەی ئەو قەرارگایەی کە لە گوندی گوێكتەپە بوو کاک هەژاری باش دەناسی و بە دایم پەیامی بۆ دەنارد و هەڕشەی گرتنی بنکەی هێزی لە کاک هەژار دەکرد. مەودای نێوان قەرارگا لەگەڵ مقەڕی هێز بە ماشێن ڕێگای حەوت یان هەشت خولەک بوو. هەر بۆیە گورج خۆم پێچایەوە و بە ماشێنەکە وەڕێ کەوتم بۆ ئەوەی  هەم ئامادەباش بدەم و هەم بچمە کۆمیتەی شارستان کە ئەوکات لە ئاوایی سۆنجاغ بوو. سەرەتا چوومە ئەرکانی لکی ١ی شەهید کاک شوان کە لە "قەرەبڵاغ" بوو. ئاگادارم کردنەوە کە خەبەریکی ئاوا هەیە و ئامادەباشی بدەن بە مقەڕەکان بۆ ئەگەری هەر پێشهاتێک. دوایی هەر ئەو شەوە لە گوندەکانی ناوچەی مەحاڵ و سارم و میرقاز کە ئەوکات هێزی بەرگریی میللی هەبوو ئامادەباشیم دا بە تەواوی هێزەکانی ئەو ناوچەیە کە مەبادا ڕێژیم ئاگادار بێ و سوسەن‌ئابادی هەلەکە بقۆزێتەوە و هێرش بکاتە سەر ناوچەکە. چوومە کۆمیتەی شارستان و لەگەڵ ئەوانیش بەرنامەمان داڕشت هەم بۆ ئامادەباشی هەم بۆ ناشتنی تەرمی کاک هەژار، کە قەرار بوو بۆ بەیانی بیهێننەوە  بۆ لاچین". هەرئەو شەوە گەڕامەوە بۆ ئەرکانی هێز و بەیانی ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەز  چووم بۆ لاچین، تەرمی پیرۆزی کاک هەژار گەێشتبۆوە لاچین؛ یەکسەر نەفەرێکم نارد بە دوای خێزان و منداڵەکان و دایکی کاک هەژاردا، چون ئاگاداری شەهیدبوونی کاک هەژار نەبوون. خێزانی نەیتوانیبوو بێت. ڕۆیشتم بۆ سێ ڕێیانی"سەیداوا" و لەوێ چاوەڕوانی دایک و منداڵەکانیم دەکرد لەپڕ ماشێنێک وەدەرکەوت کە دایکی کاک هەژار و مەسعوود و ڕزگاری تێدا بوون کە ئەوکات ڕزگار و مەسعوود زۆر منداڵ بوون. دایە ئایشێ کە چاوی بە من کەوت، وەک ئەوەی پێی بڵین کە کارەساتێک قەوماوە یەکسەر لێی پرسیم ناسر چی بووە؟ منێش لەوەڵامدا گوتم هیچ نەبووە کاک هەژار پێی خۆشە منداڵەکان ببینێ، زاتم نەبوو پێی بڵێم ئەوەی کە بە بیری کوردایەتی، ڕێبازی نەتەوەیی و لە داوێنتدا پەروەردەت کردبوو شەهید بووە و ئێستا تۆ دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانی و تۆ دایکی شەهید هەژاری. نێو ماشێنەکە کپ و بێدەنگ  بوو، تەنیا دەنگی ڕزگار و مەسعوود دەهات کە بەیەکەوە یارییان دەکرد و پێدەکەنین و ئاگایان لە هیچ نەبوو، پێیان‌وابوو  ئێستا بابیان دەبیبنن و هەروەک جاران دووراودوور بەرەو پیریان دێ و لە ئامێزیان دەگرێ و ماچیان دەکا، بەڵام هەزار حەیف و مخابن؟ گەیشتینە نیزیک پردی لاچینێ، لەپڕ پەردەی بێدەنگی شکا و دایکی کاک هەژار گوتی ناسر تۆ سەری ئەو کاک هەژارە چی بووە؟ کوڵی گریانێکی خەست ئەوکی گرتم و بەگریانەوە پێم گوت کە  کاک هەژار شەهید بووە. بۆ ماوەیەکی کورت تاسابوو، هیچ قسەی نەدەکرد، دیار بوو باوەڕی نەدەکرد، حەقیشی بوو چۆن پێی‌وابوو کە هەژار قەت نامرێ. گەیشتینە نێو ئاوایی لاچین و لە ماشێنەکە دابەزی، یەکسەر بەگریانەوە باوەشی پێدا کردم و گوتی نەمگوت ئاگاتان لە کاک هەژار بێ. هاوڕێکانی دایە ئایشێ، ئەو پۆلە دایکە شەهیدە هەر هەموویان هاتبوون، نازانم چۆنیان خەبەرەکە زانیبوو. کاک هەژار ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەز لەنێو ئاپۆڕای خەڵکێکی زۆری ناوچەکە و نوێنەری دەفتەری سیاسی -کاک دوکتور سەعید- و کۆمیتەی شارستان و هێز و هەروەها بەشێک لە کەسایەتییە خۆشناوەکانی ناوچەکە و ئەو پۆلە دایکە شەهیدە کە هەتا دوێنێ هاوڕێی بوون بە خاک سپێردرا. دوای ناشتن و بە خاکسپاردنی تەرمی پیرۆزی کاک هەژار، زۆر کەس و کەسایەتی قسەیان لەسەر کاک هەژار کرد، بەڵام لەنیۆ هەمووی ئەو کەسانەدا کە قسەیان کرد، ئەوەی کە زۆر سەرنجی منی بۆ لای خۆی ڕاکێشا قسەیەکی خۆالێخۆشبوو حاجی عەوڵای قازی بوو کە دوای خۆێندنەوەی شێعرێک گوتی "خۆینی شەهید هەژار، بارتەقای هەموو ئەو خودموختاریەیە کە داوای دەکەین". لەکۆتاییدا دەبێ بڵیم بەداخەوە ئەو دایکە ئازا و بەجەرگ و لەخۆبووردوانە، ڕزگاربوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە چاوی خۆیان نەدی بەڵام بە دڵنیاییەوە تیکۆشەرانی دێموکرات تا وەدیهێنانی ئاواتەکانیان لە خەبات بەردەوام دەبن و یادیان بەرز و زیندوو ڕادەگرن.