کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشەڕۆژی ناڵەکەری کۆنی ژەنگاوی

05:12 - 16 رەزبەر 2721

زۆر جار شکڵ و بیچم و وێنەی ‌هێندێک شت وەک یەک دەچن، بەڵام لە بنەڕەتدا زۆریش لە یەکتر دوورن. لە زمانزانی و ڕەوانبێژیدا وێک‌چوواندن هەندێک‌ جاران ئەوەندە قووڵ دەبێتەوە و لە مەبەستی سەرەکی دوور دەکەوێتە هەموو مرۆڤێک ناتوانێ لێی تێ‌بگا. ئێستاش زۆر کەس وادەزانن مەبەست لە "نێرگزی یار" ئەو گوڵە نێرگزەیە بەدەست یارەوەیە نەک نەک چاوانی نێرگزئاسای. یان دەستەواژەی "کەوی کوڕادە خواردوو" کەم کەس دەزانێ مەبەست لەو کیژەیە دەنگی خۆشە و قریتە و قاقای پێکەنینی لە دوورەوە دەبیسترێ. یەکێک لەو وشانەی بەم شێوەیە زۆر لەسەر زارانە وشەی "هیلالە". هیلال ڕەنگە لە بنەڕەتدا وشەیەکی عەرەبی بێ و زیاتر بە مانگی دوو هەتا حەوت شەوی دەگوترێ. ئەوکاتە مانگ لەبەر ئەوەی بەشی هەرەزۆری دەکەوێتە نێوان خۆر و زەویەوە و سێبەری زەوی دایدەپۆشێ و، تەنیا ئەو بەشەی خۆر لێی دەدا و لە تاریکیدا دەیدرەوشێنێتەوە وەک نیوکەوانەیەکی ئاگرین لە ئێمەوە دیارە. ئەم ڕووناکییە لەنێو تاریکیدا سەرنجی هەموو کەسی ڕاکێشاوە و لە شاعیر و ماعیر و ئەویندار و مەویندارەوە بگرە هەتا دەگاتە سیاسەتمەدار و میاسەتمەدار هەموویان ئەم هیلالەیان کردووەتە دەستەچیلەی هەڵکردن و گەشاندنەوەی ئەو ئاگرانەی بە سووتەمەنیی درۆ و دەلەسە بەردەوام گڕی لێ بەرز دەکەنەوە. ئەگەر واز لە شەڕی نێوان گرووپە جودا جوداکانی موسوڵمانان بە ئیسلامی ڕاستەقینە و شیعە و سوننی و پەیڕەوی ئیمامانی جودا جودا و توند‌ئاژۆ و خەواریج و ئەوانی دیکە سەبارەت بە دیتنی هیلالی سەرەتا و کۆتایی مانگی ڕەمەزان بێنین، ئەم هیلالە زۆر کێشەی دیکەشی ناوەتەوە. هەر ئەم هیلالە گۆڕینە بووەتە هێمای ئاڵای هەندێک وڵاتان و تەنانەت ڕێکخراوەی خاچی سووری جیهانییش لە نێو موسوڵماناندا بوو بە مانگی سوور و لەوی زیاتر هێمای شەڕی بەردەوام و لەبڕان‌نەهاتووی موسوڵمان و خاچ‌پەرستانە. قسەی خۆمان بێت، کاتێک بە مەسیحییەکان دەڵێین "خاچ‌پەرست" هیچ مەبەستمان ئەوە نییە ئێمە خوای نەخواستە مانگ پەرستن و ئاگرپەرستن خۆی خزاندووەتە نێو ئایینەکەمان. ئەوەی کە زۆر جار سوێند بە ئاگر و مانگ و ڕۆژ و وەجاغ و گڕ و ئەو شتانە دەخۆین، هەڵەی زمانییە. ئەبرۆت هیلالی یەک‌ شەوە سەریان پەیوەستە پێکەوە برژانگ تیری کەیخوسەرەوە   لە هیچ قامووسێکدا هیلالی یەکەشەوە دەست ناکەوێ و دەڵێن مانگی دووشەوی هەتا حەوت شەوی هیلالە، بەڵام لەم پارچە شێعرەی گۆرانیدا بۆ ئەوەی هیلالەکە زیاتر وەک زێی کەوان بچێ و بۆ وەشاندنی تیری برژانگ باش لەبەریەک بکشێتەوە، ئاوا باریک کراوەتەوە. "هیلال" لە ئایین و دڵداریدا وەک پشیلەی مات و بێدەنگی نێو باوەشی نەرم و گەرمی مرۆڤی بەهەست و سۆز جێگەی خۆی لە دوندی منارەی مزگەوتان و لە سەر تاقی ئەبرۆی نازداراندا خۆش کردووە، بەڵام دوای ئەم هەموو بەرزی و سەرکەوتنە سیاسەت پەندێکی بەسەر هێناوە، با بەدەواری شڕی نەکا. هەتا ئەم ساڵانەی دوایی جوگرافیای زەوی بە سەر ئوقیانووس و قاڕە و دوڕگە و شێوەدوڕگاندا دابەش کرابوو. دواتریش دەسەڵاتداران بەگوێرەی نەتەوە و ئایین یان بەزۆرەملێ و بە ڕەمەکی بەسەر وڵاتاندا دابەشیان کرد. لەم ساڵانەی دواییدا هیلال لە تاقی ئاسمان و دوندی منارەی مزگەوتان و تاقی ئەبرۆی نازدارانەوە دابەزێندرایە سەر زەوی و وەک تۆڕی ماسیگرتن بەسەر چەند وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بڵاو کرایەوە. دەسەڵاتی مەلای لابەلا تۆڕێکیان بەسەر وڵاتانی باشووری کەنداودا بەرە عێراق و لوبنان و سووریە بەسەر زەویدا بڵاو کردەوە. لەسەر ئەم ڕووبەرە هیلال‌ئاسا خواروخێچە هەزاران کەسی زڕە فارس و زڕە عەرەب و زڕە کورد و زڕە تورک و زڕە هەزارە و زڕە پەشتوون و زڕە تورکمانیان کۆ کردنەوە و ویستیان لەسەر ئەم هیلالە حکوومەتێکی یەکدەستیان لێ دروست بکەن. هەروەها بۆ بەخێوکردن و تێرکردنی ئەم هەموو زڕانەی نەتەوانی ‌دیکە هاووڵاتیانی خۆیان لە برسان مردوو کرد. پیرەمەلای عەباشۆڕی ڕیش چڵکنی ناسەردەمایانە زۆر بەدرنگانەوە زانییان هیلالەکەیان خەریکە لێیان‌ دەبێ بە مۆتکە و دەیانخوات، بە زمانی لووس و فێڵ و دەهۆیان ئەوی خەڵک بە هیلالی شیعە ناسییان، لای خۆیان ناویان نا  "مێحوەری موقاومەت" و بەکردەوەش هەوڵیان دا زڕە بە کرێگیراوانیان بە خۆڕاگری و موقاومەت لە دەرەوەی ئێرانەوە دەسەڵاتی نێوخۆیان بۆ بپارێزن. هەتا دۆلار گران بوو و تومەن دابەزی و نەوتی ئێران نەفرۆشرا و هەڵینجانی پارەی دیجیتاڵی کارەبای ئێرانی بڕی و بێ‌بارانی بەنداوکانی بەتاڵ کرد و سەهیۆنیزمی جیهانی بە سەرۆکایەتیی ئسیرائیل بێ‌ئەوەی گوێ بداتە هیلالی شیعە و مێحوری موقاومەت، لەباکووری خۆرئاوای ئێران لەسەر چۆمی ئاراز گوڵمیخی بارەگاکانی داکوتا، هیلالەکەی کۆماری ئیسلامیش زیاتر دەگەڵ تۆز و خوڵ و گەرد و غوباری ڕۆژهەڵاتی ناوین تێکەڵ بوو. ئێستا سەرۆک‌کۆماری نوێی ئێران، بۆخۆی نازانێ قسان بکا و لە نۆ فەرمایشتان پێنجان بە هەڵە دەڵێ و وەزیری دەرەوەش لە یەک کۆنفڕانس و کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنی دیپلۆماتیکدا جێگەی خۆی ناناسێتەوە و وەک گەمەی چاوشارێکی منداڵان شوێنی خەڵکانی دیکه بۆخوی دەگرێتەوە. ئێستا بەم حاڵ و وەزعە هیلالی شیعە و مێحوری موقاومەت زۆر بچووک بووەتەوە و  وەک ئەو ناڵەکەرە ژنگ‌بردووە دەچێ ساڵی ساڵانی بۆ ئەوەی مانگا بەڵەک و گوێلکە بۆر و بزنە گڕوێ بەچاووە نەبن، لە سەردەرانەی هۆڵ و تەویلان هەڵدەواسران.