کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوەرینی خەیاڵ

15:41 - 27 رەزبەر 2721

لە وەرزی ھەڵوەرینی ڕەنگدا، سەمایەکی نارنجی توێی خەیاڵم دەگوشێ ئەوکات مرواریی ڕوحم دەدرەوشێتەوە ھەرچی پەلی درەختی شارە دووگیان دەبن.   من، بە ڕووناکیی ئەم وەرزەوە بە چرپەچرپی گەڵاکانی گیان پڕ دەکەم لە مروەت سیلەی نیگاکانم بۆن بە ھەناسەی یەک بە یەکی ئەو پەلانەوە دەکەن مێرگی ئەوین  دەھۆننەوە.   من و ئەم وەرزە لێک دەچین ئەو سێبەری بەسەر تارمایی گۆڕستان و کۆلانە چۆلەکانی شاردا بیر دەچێ، کەچی من خەیاڵم، لەناو دەستە ھەڵگەڕاوەکانی ئەودا ون دەکەم. ئەو دل تێکەڵهاتنێکی سەیر ماندووی کردووە من ڕشانەوەیەکی قووڵ.   قەرزداری ئەم تەمەنەی ڕابردووم، کە گیانمی لە بێ مروەتیدا ھەڵگرتووە.   سەیرە لێرە! ھەر ڕەنگە و  پەلی خەیاڵێکم دەگوشێ ھەر ئێوارەیە و، پەنجەرەی رووناکییەکم بیر دێنێتەوە، لەھەر چرکەیەکدا، خۆمم بیر دێتەوە کە لەناو دەستە وشکهەڵاتووەکانی تۆدا، لەسەر کورسییە ژەنگگرتووەکەی ئەم پاییزەدا کۆشێک خەیاڵم جێهێشتووە.   من و ئەم وەرزە لێک دەچین.