کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاڵتاخاوا ژینگەی ئارامی قاڵتاخانە

05:13 - 1 خەزەڵوەر 2721

نیزامی موقددەسی "کۆ-مار"ی ئیسلامیی ئێران ئەوەندە موقەددەسە، کەم کەس دەخۆی ڕادەبینێ ڕاستەوخۆ بە بەرپرسانی بڵێ پشتی چاوی ئێوەش و ئێمەمانان چەند تاڵە موویەکی لێ‌ ڕواوە. جا لەبەر هێندێ، لە وڵاتی خوونکار و سەرەڕۆیان، هەموو کەس دەبێتە تەنزنووس و تەنزبێژ و کەس ناوێرێ ڕاستەوخۆ هینێک بە هینێکەوە بنێ و هەرامەیەک لە هەرامەیەک بدا و شتێک لە شتێکی دیکە قایم بکا و ئەوەیەک بە ئەوەیەکی دیکەوە بنووسێنێ و وانێکێک ڕە وانێکێکی دیکە بخا و تەنانەت بە هێندێکان بڵێ پشتی چاوت برۆیە. هەرکەسێک وا بڵێ، خەفیە و جاسووس و دووزمان و هەواڵگر و شوێن‌هەڵگر بۆی لەدوو دەدەن و پاش گێڕانەوەی بەدرۆی لێدوانی هەزاران درۆ و دەلەسە و بوختانی بۆ هەڵدەبەستن. جا لەم بەینەدا هونەرمەندانیش تووشی هەزار گوڵمەزە و شتی وا دەبن، بەڵام لە ئێمەمانان ژیرترن و هێندێک شتی لە پەنا هێندێک شتان دەردەبڕن. لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا، هونەرمەندێکی فارس بەناوی "بیووک میرزایی" بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی بەردەنگان و پڕکردنەوەی کاتی تەلەفزیۆنەکە بۆ بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ئێران بانگ کرابوو. دیارە پێشتریش ئەم هونەرمەندە و زۆری دیکە بۆ بەرژەوەندیی نیزامی مووقەددەس ئەم‌لا و ئەولایان پێ کرابوو. لەسەر یەک دەکرێ بڵێین بەرنامەی ئەمجارەی تەلەفزیۆنەکە هەر لە بنەڕەت‌ڕا تەنز بوو. زۆرجار واهەڵدەکەوێ بەرنامە یان ڕوودواوێک بێ‌ئەوەی داڕێژەر و ئامادەکارانی بیانهەوێ دەبێتە تەنز. کەناڵی پێنجی تەلەفزیۆنی تارانیش ئەم هونەرمەندەی بۆ بەرنامەیەکی ئەوەندە بێ‌تام و بێ نێوەرۆک و هیچ‌وپوووووچ  بانگ کردبوو، کابرای میوان تێیدا مابۆوە و بە دوای وڵامی شیاوی وا دا دەگەڕا دەستی داڕێژە و دەرهێنەری بەرنامەکەی پێ با بدا. دیارە من لێرەدا داوای لێبووردن لە دەرهێنەرانی بەرنامەی تەلفیزیۆنی لای خۆشمان دەکەم، چونکە لە جیاتی "producer" و "تهیه‌کننده"، گوتم "دەرهێنەر. جا دەرهێنەر و دەست و پێوەندیی بەرنامەکە وەک کوردی لای خۆمان دەڵێن دەیانەویست "دەست بخەنە سەری" کاکە بیووک و بەجۆرێک پێی ڕاببوێرن. کاکە بیوکیش کە لە زانکۆ زانستی سیاسیی خوێندووە و دواتر چووەتە سەر کاری هونەریی لە سینەما و تەلەفزیۆن، لە بەرنامەکەدا بۆ جل‌کردنی دەرهێنەر و ئەوانەی سەرووی سەروووی سەرووووی بەرنامە و تەلەفزیۆنەکەش لە ڕواڵەتدا خۆی لە گێلی دا. ئەم کارەی بیووک بە جۆرێک لەگەڵ ئامانجی دەرهێنەری بەرنامەش دەگونجا، چونە ئەویش دەیویست وا پێشان بدا کە مام بیووک و هونەرمەندانی دیکە ئەوەندە گێلن، ئەو وێنانەی لە شاشەی بەرنامەکە پێشانیان دەدرێ، بۆیان ناناسرێنەوە. بەڵام وادیار بوو بیووکی فێڵباز بەرنامەکە و بەرپرسان و دەمڕاست و کەیخودا و ڕیش‌چەرمووکانیشی زۆر خاس دەناسی، بۆیە هەرکە چاوی بە وێنەی موحیسنیی ئێژەیی کەوت، بە پێکەنینەوە گوتی ئەم قاڵتاخە؟ ئێژەیی؟ دوای وای گێڕایەوە کە ئەننەهووو هەڵەی زمان بووە و کابرای پێشکێشکاری لێقەوماویش نەک بۆ ڕاست‌کردنەوەی هەڵەی ئاغای میرزایی بەڵکوو بۆ دەرکێشانی بەڕەی خۆی لە ئاوەکە و قوتاربوونی لەدەست بەشی حەراسەتی تەلەفزیۆن، خێرا گوتی ئاغای موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی موحتەڕەمی دەسەڵاتی دادوەری! دیارە ئاغای ئێژەیی میراتگری خەڵخاڵی و لاجوەردی و ڕییسی و ئەو برادەرە بەڕێزەیە کە ئێستا لە سوئید بە تاوانی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی ئێران دادگایی دەکرێ و بە گوێرەی بۆچوونی میرزایی ئەوانیش هەموو قاڵتاخ بوون. دەرکەوت کاک بیووک مانای فرەڕەندی قاڵتاخیش دەزانێ و دەشیزانێ یەکێک لە ماناکانی ئەم وشەیە قاڵتاخی زینی ئەسپە و دەکرێ ئاغای ئێژەیی وەک قاڵتاخی سەر پشتی ئەسپ لەسەر پشتی پۆستەکەی داندرابێ و لە خۆیەوە هیچ دەسەڵاتێکی نەبێت. بەڵام قاڵتاخ چەند مانای دیکەی وەک حوققه‌باز، دست‌بڕ، گورگەبۆر و گوێچکە‌بڕ و هیچ‌وپوچیشی لێوە وەردەگیرێ. دوای ئەوەی بێژەری بەرنامە ویستی لای خۆی شتەکە بۆ هونەرمەند ڕاست بکاتەوە و گوتی، "آقای اژه‌ای، ڕییس محترم قوه‌ی قضائیە"، بەڵام دوای ئەوەی وێنەی عەلی لاریجانی هاتە سەرشاشە، دیسان میرزایی گوتی: "لاریجانی‌ها؟" بۆیە گوتی لاریجانییەکان هیچ بەدووری مەزانە مەبەستی ئەمە بووبێ لاریجانییەکان بەشێک لە خێزانە دز و دەستبڕ و قاڵتاخەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامین. دیسان پێشکەشکار گوتی ئەمە لاریجانییەکان نییە و ئاغای عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی مەجلیسە. کاتێکیش بەرنامەکە بۆ شوێنەوکەی تەنزەکەی میرزایی دەستەودامنێی وێنەی خانمی فدریکا موگرینی بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بوو، دیسانیش کابرای هونەرمەند بە باڵای پێشکەشکاریدا ڕوانی و گوتی ئەوەی هاتبووە ئێره؟ کابرای پێشەکشکاریش هیچی پێ نەما و گوتی، ئادی... لە مەجلیس وێنەی سێڵفیشیان لەگەدا گرت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێژەیی و لاریجانییەکان و ئەوانەی لە دەستەڵاتی بەناو دادوەریی ئێران دەستێکیان هەبووە و ئەو نوێنەرانەی ویستوویانە وێنەی سێڵفی گەڵ موگرینی بگرن و ئەوانەی دواترێ سەرکۆنەیان کردوون، هەموویان هاوکووفی ئێژەیی بن، لە نێو نیزامی "مووقەددەسی "کۆ-مار"ی ئیسلامیدا کەسێک بدۆزنەوە قاڵتاخ نەبێ.