کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو لە ئاوێنەی بیروڕادا

04:15 - 2 خەزەڵوەر 2721

"قاسملوو لە ئاوێنەی بیروڕادا" کۆکراوەی کۆمەڵێک وتار و نووسین لەسەر کەسایەتیی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو چاپ و بڵاو بۆوە. ئەم کتێبە کە دوو بەرگ (سەرجەم ١٢٤٠ لاپەڕە)ـەیە و کاک ڕەحمان نەقشی کۆی کردووەتەوە، ئەم وتارە سیاسی و ئەدەبی و دیمانە و نووسینانە لەخۆ دەگرێ لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٥ هەتا ٢٠٢٠ لەسەر کەسایەتیی نەمر د. قاسملوو نووسراون. هەروەها کۆمەڵێک نووسین و وتاری ڕەسمیی حیزب کە کاتی تێرۆری شەهید قاسملوو نووسراون و بڵاو بوونەتەوە. "کوردستان" بۆ ناساندنی ئەم بەرهەمە پڕبایەخ و پڕ نێوەرۆکە وای بەباش زانی کە پێشەکیی ئەم کتێبە کە لەلایەن بەڕێز مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادەوە نووسراوە، وەک ناساندنێکی پتری ئەم بەرهەمە بڵاو بکاتەوە: زۆر لە خوێنەرانی سایتە کوردییەکان کاک ڕەحمان نەقشی تێکۆشەری پڕکار و ماندوویی‌نەناس لەڕێی کارەکانیانەوە دەناسن. ئەو کە یەکێک لە ئەندامانی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، تائێستا دەیان نامیلکەی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پێوەندیدار بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردەوە ئامادە کردووە و لە سایتە ئینتەرنێتییەکان بەتایبەتی دوو سایتی "گیارەنگ" و "کوردستان و کورد" و تۆری کۆمەڵایەتیی فەیسبووک‌دا بڵاوی کردوونەوە. ئەو هاوڕێیە ئۆگرییەکی کەم وێنەی بە کۆکردنەوەی دۆکیۆمێنت و بابەتی بە سوودەوە هەیە. زۆرجارمان دیوە کۆمەڵێک لە وتارەکانی نووسەرێکی بەتوانای کورد، یان بەشێک لە وتووێژەکانی کەسایەتییەکی خەباتگێڕی کورد بڵاو کردۆتەوە کە لەوانەیە خاوەنەکەیان بەشی زۆریان هەر لە بیریش نەمابن. ئەمە بێجگە لەوە کە لەمێژساڵە مانگانە کورتەیەک لە کار و چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بووڵتەنێک‌دا ئامادە و بڵاو دەکاتەوە. ئەوەندەی ئەمن لە بیرم بێ کارەکانی کاک ڕەحمان تا ئێستا لە بووڵتەنی چەند لاپەڕەیی و نامیلکەی ١٠٠ تا ١٥٠ لاپەڕەیی دا دەرکەوتوون. بەڵام ئەمجارەیان دەستی داوەتە کارێکی یەکجار گەورەتر. هەموومان دەزانین شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو کەسایەتییەکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانی و تەنانەت نێونەتەوەییش بوو. هەر بۆیەش لەو کاتەوە کە بەدەستی غەدر و تاوان شەهید کراوە ساڵانە لە بۆنەی جۆراوجۆردا یادی دەکرێتەوە و لەسەری دەگوترێ و دەنووسرێ. ئەگەر هێندێک لە ئێمە ئەو بابەتانەمان هەر دوای بڵاوبوونەوە پشتگوێ خستوون، ڕەحمانی نەقشی بە حەوسەلەوە هەموویانی ئاڕشیڤ کردووە و وەک گەنجینەیەکی بە نرخ پاراستوونی. بۆیە ئەم بەینانە کاتێک ویستوویەتی بەبۆنەی سی و دووەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوو نەمرەوە بڵاویان بکاتەوە بۆی دەرکەوتوە کە ئەوەی ئەو کردوویەتی لە کەمتر لە هەزاران لاپەڕەدا جێی نابێتەوە. بەناچار هەروەک بۆخۆی نووسیویە گوڵبژێری لێ کردوون و کتێبێکی "دوو بەرگیی (هەریەکی ٦٠٠ لاپەڕە) لێ ئامادە کردوون بەو ئومێدە کە بتوانێ لە دواڕۆژدا ئەوانی دیکەش ڕێک بخا و بڵاویان بکاتەوە. ئەم کتێبەی لەبەر دەست دایە بەشێکی زۆر کەم لە وتە و ئاموژگارییەکانی دوکتۆری شەهید لە خۆی دەگرێ و ئەوی دیکەی ئەو وتار و نووسین و وتووێژانەن کە بە زمان و قەڵەمی تێکۆشەرانی کورد و غەیر کورد و بیروباوەڕی جیاوازەوە لەبارەی دوکتۆری نەمرەوە بەرهەم هاتوون. خوێندنەوەی ئەم کۆمەڵە بابەتە هەم ئۆگرانی دوکتور قاسملوو شەهید دەگەڵ بەشێک لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتیی ئەو ڕێبەرە کەم هاوتایە ئاشنا دەکا و هەم دەرس و ئەزموونی باشی بۆ تێکۆشەرانی ڕێی ڕزگاری بەتایبەتی بەرەی لاوی ئەمڕۆ و دواڕۆژ لێ وەردەگیرێ. وێڕای دەست خۆشی و پیرۆزبایی لە کاک ڕەحمان ئاواتەخوازم زۆر کەسی دیکە ئەو ڕچەیەی کاک ڕەحمان هەڵگرن و لە کۆکردنەوەی ئەو جۆرە بابەتانەدا کە دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی لێ فێربوون و کەرەسەیەک بۆ مێژوونووسین و مێژوونووسان، یارمەتیدەر بن.

***

  کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە نوسخەیەک لەو دیارییە بەنرخەی کاک "ڕەحمان نەقشی"یشی پێ گەیشتووە، بە چاوی ڕێزەوە لە خۆماندووکردنی بەڕێزیان بەو کارە بەبایەخە دەڕوانێ و هیوای ساغی و سڵامەتی و بەرهەمی زیاتری بۆ دەخوازێ.