کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: بۆچوونی پان‌ئیرانیستی بەسەر عەقڵییەتی بەشێک لە ئۆپۆزیسیپنی ڕێژیمیشدا زاڵە

23:11 - 15 سەرماوەز 2721

  بابەتی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە بەرنامەکانی دەستووری کاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاستیدا خەسارناسییەکی دۆخی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بەتایبەتی. لە باسەکاندا گوترا کە نەفسی ئۆپۆزیسیۆن بوون لەدژی جەمهووری ئیسلامی کە بەربڵاوە و زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکیشی لەگەڵدایە، بەس نییە. بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەبێ ببێ بە ئاڵتڕناتیڤ و لەو پەیوەندییەدا حیزبی دێموکرات هەروەک ڕابردوو تێدەکۆشێ بە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ لایەنەکانی موخالیفی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات و هەروەها دیتنەوەی بەردەنگ لە نێوخۆی وڵاتدا ئاراستەی ناڕەزایەتییەکان و خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی بەرەو دروست‌كردنی ئاڵتڕناتیڤ و بوون بە بەدیل لەدژی ئەو نیزامە بچێ. ئەگەر ئەو ئالترناتیڤە دروست ببێ، ئادرەسێک پێک دێ و ئەو ئادرەسە دەتوانێ لەسەر یەکڕیزی یەکگرتوویی کاری پتر بکا و، لەئاکامدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەکەش هەست بەوە بکەن ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوا کێ جێی دەگرێتەوە.   پرسی کورد و پێشنیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران، تورکیە و سووریە لەڕێگەی دانوستان و دیالۆگەوە هێنایە گۆڕێ باسێکی باش بوو. ئێمەش دەڵێین کە جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران دژی هیچ نەتەوەیەک نییە و بگرە دەرفەتێکی باشە بۆ سەقامگیربوونی دێموکراسی و مانەوەی ئێران لە داهاتوودا. هیوادارم ئەو داوا و ڕاسپاردەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببیسترێ و کاری بۆ بکرێ، ئەگینا وەک باسم کرد ئەگەر دەیان ساڵیش حکوومەتە مەرکەزییەکان لەگەڵ کورد بەدوای ئەوەدا بڕۆن کە کێشەکە لە ڕێگای نیزامییەوە حەل بکەن، سەرکەوتوو نابن و دواجار هەر دەبێ بگەڕێنەوە سەر میزی وتووێژ و دانوستان. ڕوونە کە سروشتی پرسی کورد لەگەڵ حکوومەتە مەرکەزییەکانە و لە هەمان کاتیشدا ئەو لایەنانەی لە ئێران دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە، تووشی بۆچوونێکی پان‌ئێرانیستی بوون و ئەو بۆچوونانە بە سەر بیرکردنەوەی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنیشدا زاڵە. بۆیە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامییشدا گرینگ ئەوەیە کێ و بە چ بیرکردنەوەیەک جێی دەگرێتەوە. ئەگەر قۆناغی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بۆ حکوومەتێکی دیکە تێکەڵاو بێ لەگەڵ جۆرێک تەمرینی دێموکراسی، تەحەممولی یەکتر، جێ‌کەوتنی فەرهەنگی حاوانەوە لەگەڵ یەکتری و لە ئاکامی ئەوەدا لەسەر بنەمای ڕیککەوتنی کورد لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەیکەل  و قانوونی ئەساسیی داهاتووی ئێران دابڕێژرێ، بەوە دەکرێ مانەوەی ئێران گەرەنتی بکرێ. بەڵام ئەوەش بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەر. لە نێوخۆماندا یەکڕیزی کورد و لە دەرەوەی ئەو بازنەیەش ڕادەی تێگەیشتنی خەڵکانی غەیری کورد، دامەزراوە و حیزبە سیاسییە غەیرە کوردەکان کە چەندە لە قەزیەی ئێمە تێ‌بگەن. ئێمە دیسان پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە کە پرسی کورد لەجیاتی هەڕەشە بە دەرفەتی ببینن و هیوادارم لایەنە ئێرانییەکان ئەو هەل و دەرفەتە لەکیس نەدەن. کێشەی ئێمە لەگەڵ تاران لە مەسیری دامەزراندنەوە و درووست‌کردنەوەی ئێران هەموو لایەکمان بە یەکەوە دەچێتە پێشێ و بۆیەشە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە حەوڵ‌داین تێگەیشتنی هاوبەشمان هەبێ، بۆ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان کە کۆماری ئیسلامی ڕووخا، ئیدی ئەو وەختی بەسەر بۆشایی و بەتاڵایی و بە جۆرێک ئانارشیزمدا نەکەوین. کورد لە ئێستادا دەبێ سەرنجی لەسەر تاران بێ و لە تاران حزووری هەبێ، بۆ ئەوەی کە دەنگی خۆی بە کۆمەڵانی خەڵکی وڵات بگەیەنێ.   دەوڵەتی ڕەئیسی و پرسی کورد ئێمە هەمیشە گوتومانە کە پرسی کورد لە ئێران ڕێگاچارەی نیزامیی نییە، بەڵام ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بۆ پرسی کورد هەمیشە میلیتاری بووە. لە ئێستاشدا کابینەی ڕەئیسی بە بەراوەرد لەگەڵ کابینەکانی پێشوو پتر ئەمنییەتی‌ترە و پتر بەرپرسان و فەرماندەکانی سپای لە پێکهاتەی دەوڵەت‌دا مەیدانیان دراوەتێ. کوردستانیش زیاتر لە پێشوو بە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوە سەیر دەکرێ و هەتا ئێستا لەلایەن کابینەی ڕەئیسییەوە هیچ پەیامێکمان بۆ نەهاتووە کە بیانەوێ وتووێژ و دانوستانیان لەگەڵمان هەبن.   ئێرانی سبەی و چارەنووسی پێکهاتەکان ئەمن پێم‌وایە ڕۆژ بە ڕۆژ زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران پتر و باشتر لە مەسەلەی کورد تێ‌دەگەن. گرینگیی مەسەلەی کورد لە پارچەکانی دیکە لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیال میدیاوە زۆرتر چۆتە نێو ئێران و، پێم وایە بەشی زۆری خەڵکی ئێران دژی ئەو سیاسەتی سەرکوت و تۆقاندن و گرتن و ئێعدامەن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دژی نەتەوەی کورد بەڕێوە دەچێ. تەنانەت زۆر لە لایەنە غەیرە کوردەکان لێرە و لەوێ شت دەڵێن و پێچەوانەی کۆماری ئیسلامی کە هەمیشە تێ‌دەکۆشێ حیزبە کوردییەکان و پرسی کورد بە دەسکیسی ئەمریکا و ئیسراییل و عەرەبستان دابنێ، ڕوانگەی باشیان بۆ پرسی کورد هەیە. ئێستا هەمووان دەزانن کە پرسی کورد لە کوردستانی ئێران پرسی زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەسە و خەباتی جەماوەری و جموجۆڵە مەدەنی و تێگەیشتنی سیاسی و هەستی نەتەوایەتیی کورد لە ئێران بۆتە ئەمری واقع و لە داهاتووشدا ناکرێ حاشای لێ بکرێ. بۆیە بۆ جارێکی دیکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرم کە چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوەندیی خۆیان لەگەڵ خەڵکەکانی ‌غەیری کورد لە بەشەکانی دیکەی ئێران پتەوتر بکەن بۆوەی هەموو لایەکمان بەیەکەوە و لە ئێستاوە بتوانین بناغەی ئێرانێکی دێموکراتیک و فێدڕاڵ لە داهاتوودا دابمەزرێنین.