کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی لەسێدارەدانی خەباتکاری سیاسی کورد حەیدەر قوربانی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

04:04 - 29 سەرماوەز 2721

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان !
ئازادیخوازانی ئێران !
کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان !
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بۆ جارێکی دیکەش دەسەڵاتی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جنایەتێکی دیکە دەرحەق بە گەلی کورد خولقاند وپێشێلی مافەکانی مرۆڤی کرد و خەباتکارێکی سیاسیی خۆشناو و ڕۆڵەیەکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری نەتەوەی کوردی کردە قوربانیی دەزگای سەرکوت و داپڵۆساندن و ڕەشەکوژیی خۆی. کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە "حەیدەر قوربانی"، ڕۆڵەی خەباتکاری کوردی بە شێوەیەکی دڕندانە لە سێدارە دا و پەڵەیەکی ڕیسوایی و شەرمی دیکەی خستە سەر لاپەڕەکانی مێژووی پڕشوورەیی خۆی. شەهید "حەیدەر قوربانی" کوڕی شەهید "عەلی قوربانی" پاش ئەوەی کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥دا بە تاوانی ئەندامیەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداری لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستاندا لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕاپێچی بەندیخانە کرا، کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕاستی درایە پاڵ تاکوو بەو شێوەیە بتوانن بیکەنە قوربانیی سیاسەتی زەبروزەنگی ڕێژیم بۆ تۆقاندنی چالاکانی سیاسی و ئازادیخوازانی کوردستان. لە ماوەی ٥ ساڵ دەسبەسەربوون لە بەندیخانەدا وێڕای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، لە هەموو مافێکی خۆی وەکوو بەندکراوێکی سیاسی و تەنانەت چاوپێکەوتنی ئاسایی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. لەو ماوەیەدا سەرەڕای هەوڵ و داکۆکییەکانی دوو پارێزەری حەیدەر قوربانی بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری و ڕەدکردنەوەی تۆمەتەکانی و لەگەڵ ئەوەی کە سیستمی قەزایی ستەمکاری ڕێژیم نەیتوانیبوو هیچکام لە تۆمەتەکانی ئەو بسەلمێنێت و هەروەها سەرەڕای پاڵپشتییەکی بەرینی ئازادیخوازان و بیروڕای گشتیی بۆ ئازادکردنی، ڕێژیم سوور بوو لەسەر سەپاندن و جێبەجێکردنی ئەو حوکمە ناڕەوایە. هەربۆیە دواجار سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز لە بەندیخانەی سنە حوکمی ناڕەوای ئێعدامی ئەو نیشتمانپەروەرە ئازادیخوازەی جێبەجێ کرد. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی ئەو جینایەتە نوێیەی کۆماری ئیسلامی، پرسەوسەرەخۆشی خۆی بە بنەماڵە و کەس و کاری حەیدەر قوربانی و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ڕادەگەیەنێت و خۆی به هاوبەشی خەمیان دەزانێت. هەروەها داوا لە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، نەتەوە ستەملێکراوەکان و ئازادیخوازانی ئێران و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە گرتنی هەڵوێستی شیاو و یەکگرتوویی لە بەرانبەر سیاسەتە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، تێچووی درێژەدانی ئەو سیاسەتانە بۆ ڕێژێم ببەنە سەر و ڕێگە نەدەن ئەو ڕێژیمە تاوانکارە لەوە زیاتر، لاوازیی هەڵوێستەکانی ئەوان وەکوو دەرفەتێک بۆ درێژەدانی تاوانەکانی دژ بە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە کار بهێنێت. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٩ی دسامبری ٢٠٢١ی زایینی