کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

22:05 - 30 سەرماوەز 2721

ئاماژە: لەو ڕۆژانەدا کتێبی "دیپلۆماسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە نووسینی ژیوار ڕەسووڵی چاپ و بڵاو بۆوە. عەزیز ماملێ کە پێشەکیی بۆ ئەم کتێبە نووسیوە، دەڵێ: نەوەی ئێستا جیلێكی توێژەر و لێكۆڵەرە، كتێبی بەرچاوتان لە لاپەرەكانی نێوخۆیدا وەدووی جوابی كۆمەڵێك پرسیار كەوتووە، مەبەستی نووسەر لە ئامادەكردنی ئەو كتێبە بەرپرچدانەوە بەو باس و خواستانەیە كە كۆڕ و كۆمەڵی كوردەواری و بەتایبەت گەنجەكانی وریا و بەشدار لە ژیانی سیاسی و مەدەنیدا، لە چوارچێوەی پرسی سەرەكیی بابەتی كتێبەكە كە بریتییە لە "دیپلۆماسی" دەیهێننە گۆرێ. نووسەر، مێژووی سەردەمی 1917 ھەتا 2017-ی خەبات و ھەوڵەكانی كورد بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی نەتەوەی كوردی لە پێش چاوی خوێنەران داناوە، ھیممەت و زەحمەتێكی بەرچاوی خستۆتە سەر ملی خۆی بۆ بەبەڵگەكردنی لێدوانەكانی و بە پشتبەستن بە سەرچاوەكان، كتێبێكی ئەوتۆ لە ڕاستیدا و بەكردەوە ئەشێ بە چالاكییەكی ورد و ڕژد و توێژینەوەیەكی ھەڵسووڕانانە ئامادە بێت بۆ دەرخستنی ڕاستی ڕووداوەكان بە شێوەیەكی ئۆبژێكتیو و بەبێ دەستێوردان، بەبێ گرژەملی و بەبێ لایەنداری و لایەنگری. بەڕێزیان هەروەها لە کۆتاییدا دەڵێ: خوێندنەوەی ئەو کتێبە ھاسانكاری دەكا بۆ چاوخشاندن بە ڕووداوەكان، وەرگرتنی ئەزموونەكان و ڕوونكردنەوەی ئەوە كە لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان چ چەشنە ڕێكار و ستراتیژییەك سامانە بكرێ بۆ داھاتوو. یەك شت سوورە ئەویش ئەوەیە كە دێمۆكراتیزاسیۆن لە وڵاتێكی فرەنەتەوەیی وەك ئێران بە بەشداری و چالاكی تەواوی نەتەوەكان دەستەبەر دەبێ. لە كوردستانیش بە لەبەرچاوگرتنی ھەموو نوێنەرانی لایەنە جیاوازەكان، تەنیا لەو حاڵەتەدایە كە ئەسلی پلۆرالیزمی سیاسی و ئێران و كوردستان وەدی دێ. "کوردستان" بۆ پتر باسکردن لە نێوەرۆکی ئەم کتێبە وتووێژێکی لەگەڵ ژیوار ڕەسووڵی، نووسەری "دیپلۆماسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" کردووە.   چی وای كرد كە كتێبێك لەسەر دیپلۆماسی ئەویش لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بنووسیت، ئەو بیرۆكەیە لەكوێ‌وە ھات؟ لەڕاستیدا باسكردن لە دیپلۆماسی بۆ نەتەوەیەكی خاوەن پرسێكی سیاسی كە لەپێناویدا خەبات دەكا، یەكجار زۆر گرنگە. دەزانین ھیچ نەتەوە و وڵاتێك بەتەنیا ناتوانێ ھەڵسوكەوت بكا و، چاوەڕێی سەركەوتن یان تەنانەت مانەوە بێت. بۆ نموونە تەنانەت كۆماری ئیسلامیی ئێران وەكوو وڵاتێك كە لە ھەموو نۆرمێكی نێودەوڵەتیش لای داوە، بەڵام بەردەوام بەدوای ھاوبەشكردنی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ بەرەیەكی جیهانیدا دەگەڕێ. بۆ ئەو كارەش كار لەسەر دۆزینەوەی دوژمنی ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی وەكوو چین یان ڕووسیە و ھەندێك وڵاتی ئەمریكای لاتین دەكا. لەوەش سەرنجڕاكێشتر كۆرەی باكوورە كە لەلایەن زۆرترین وڵاتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پەراوێزخراوە، دراوسێكانی وەكوو ژاپۆن و كۆرەی باشوور گەورەترین دوژمنەكانی ئەو وڵاتەن، بەڵام ئەگەرچی بەتەواوەتی لە ڕووی كۆمەڵایەتی داخراوە، کەچی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی هەوڵی پەیدا کردنی پارتنەر دەدا؛ چونكە باش دەزانێ كە ناتوانێ بەتەنیا بەردەوام بێت. جا ئەوە بۆ ئێمەی كورد لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان ھەر زۆر ڕوونتر و بەرچاوتریشە، ئێمە خاوەن نزیكەی یەك سەدە خەباتی بەردەوامی سیاسی و سەربازی لەدژی داگیركەرانین، خاوەن یەكەم حیزبی مۆدێرنی سیاسی و یەكەم كۆماری كوردستانین، لەگەڵ ئەوەش كاتی ئەوە ھاتووە لە خۆمان بپرسین كە ئایا شتێك بە ناوی دیپلۆماسیمان ھەبووە یان نا؟ ئەگەر ھەمانبووە چ تایبەتمەندییەكی ھەبووە، ئەگەریش لاوازبووە، ھۆكارەكانی باس بكەین. ئەو كتێبەش تەنیا سەرەداوی وەڵامی دەیان پرسیارن كە دەبێ لە داھاتوودا توێژەران و ناوەندە ئاكادیمییەكان بەدوای وەڵامەكانیدا بگەرێن.   بەپێی زانستی سیاسی یان ئەزموونی ڕابردووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، دیپلۆماسی لەنێوان دوو وڵاتی خاوەن سەروەری دەكرێ، پێناسەكان لە دیپلۆماسیش ھەر ئەوەمان پێ دەڵێ. بەو پێیە دیپلۆماسی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان چۆن دەكرێ پێناسە بكرێ؟ ئەوە ڕاستە كە دیپلۆماسیی كلاسیك لەسەر بنەمای پەیوەندیی دوو وڵاتی ئەندام لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەكرێ، بەڵام لەلایەك پرسیار ئەوەیە كە چونكە كورد لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان یان كورد بەگشتی خاوەن ئاڵا و سەروەریی سیاسیی خۆی نییە، نابێ بیر لە دیپلۆماسی‌كردن بكاتەوە؟ یان ئایا بزووتنەوە بەبێ دۆزینەوەی پشتیوانی دەرەكی دەتوانێ بە ئاكام بگا یان لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە؟ وەڵامەكەی زۆر سادەیە، نەخێر. لەگەڵ ئەوەش دەیەی كۆتایی سەدەی بیستەمەوە جۆرێكی دیكە لە دیپلۆماسی ھاتووەتە ئاراوە كە بە دیپلۆماسی بێدەوڵەتەكان دەناسرێ. جا ئەوە كۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەكان و براندە جیهانییەكان دەگرێتەوە كە وڵاتان یان خودی ئەو كۆمپانیایانە لە ڕێگەی دیپلۆماسی پشتیوان بۆ خۆیان دەدۆزنەوە. جگە لەوانەش ئێستا دیپلۆماسیی شەقام، دیپلۆماسیی گشتی، دیپلۆماسیی كولتووری و تەنانەت دیپلۆماسیی زانستیش قسەیان لەسەر دەكرێ كە نەتەوەیەكی وەكوو ئێمە دەتوانێ بۆ خۆناساندن بەكاریان بهێنێ.   پرسیارێك كە دێتەپێش ئەوەیە كە جیاوازییەك لەنێوان دیپلۆماسی و لۆبیكردن ھەیە، نەدەكرا جەنابت كتێبەكەت لەسەر بنەمای لۆبیكردن دانابا، بۆ ئەوەی تووشی ناكۆكیی نێوان پێناسەی دیپلۆماسی و گونجاندن لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی كوردستان نەبیتەوە؟ پرسیارێكی گرنگە، چونكە ھەندێك لەو خوێنەرە جیدی و شارەزایانەی كە كتێبەكەیان خوێندووەتەوە، ھەمان پرسیاریان لێم كردووە، كە ئەوەی باسی دەكەیت، دەكرێ وەكوو لۆبیكردن سەیر بكرێ نەك دیپلۆماسی‌كردن. لەڕاستیدا پێم‌وایە جیاكردنەوەی لۆبیكردن لە دیپلۆماسی‌كردن ھەڵەیە، لۆبیكردن پەیوەندییەكی تەواوی بە دیپلۆماسییەوە ھەیە، واتا ھەبوون یان نەبوونی لۆبی دەرەنجامی ھەبوون یان نەبوونی دیپلۆماسییەكی سەركەوتووە. ھەر لایەن و وڵاتێك بۆ ئەوەی لۆبی یان پشتیوانێك بدۆزێتەوە، دەبێ سەرەتا خۆی بەو لایەنە بناسێنێ، گفتوگۆی لەگەڵدا بكا، مەترسییە ھاوبەشەكانی بۆ وێنا بكا و بەرژەوەندیی ھاوبەشیش بدۆزێتەوە.   دەکرێ بەکورتی بفەرمووی لە كتێبەكەتدا چەند قۆناغت بۆ دیپلۆماسی‌كردن یان تێروانینی نوخبەی سیاسی كوردی بۆ زڵهێزەكان و وڵاتان دیاری كردووە؟ دیارە نامەوێ بەر لە خوێندنەوەی كتێبەكە لەلایەن خوێنەران ناوەرۆكی كتێبەكە بەدەستەوە بدەم، بەڵام پێویستە ئەوە بوترێ كە لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا دوو ڕووداو ھەبوون كە دەكرێ توێژەر بە خەسارناسی‌كردنیان قسە لەسەر سەركەوتووبوون یان نەبوونی دیپلۆماسی كوردی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بكاتەوە. سەرەتا ھەبوونی دوو جەمسەری ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات لە سەردەمی شەڕی ساردە، كە ھەتا كۆماری كوردستان لە مەھابادیش دەكەوێتە ئەو قۆناغەوە، دواتر بەردەوامیی ئەو شەڕە ڕێك ھاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی بزاڤی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان. لێرەدا ھەوڵم داوە كە سەرەتا ڕوونی بكەمەوە كە حیزبی دێموكراتی كوردستان چۆنی لەو دوو جەمسەرییە ڕوانیوە، دواتر ڕای خۆشم لەسەر ئەوەی كە ئایا جۆری تێڕوانینەكەی درووست بووە یان ھەڵە باس كردووە. قۆناغی دووەمیش شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی 1979-یە، لەوێش دەكرێ ھەڵسەنگاندنێكی جووڵەی دیپلۆماسیانەی نوخبەی سیاسی كورد بكەین. چوونكە لەڕاستیدا باشترین ژینگە بۆ دیپلۆماسی‌كردنی نەتەوەیەكی بێدەوڵەتی وەكوو كورد كاتە نائاساییەكانە، كاتێكە كە داگیركەران لەلایەك و ھاوپەیمان و نەیارە كۆنەكانی ئەو داگیركەرە كەوتوونەتە پوزیشەینێكی دیكەوە. لەو دۆخەدایە كە نوخبەی سیاسی كورد دەتوانێ لە كێشمەكێشی نێوان ئەو دوو لایەنە خۆی بناسێنێ.   لەو كتێبەدا ئێوە ڕەخنەتان لەوە گرتووە كە نوخبەی سیاسیی كورد نەیتوانیوە كەڵك لە شەڕی ساردی نێوان دوو جەمسەری ڕۆژئاواو ڕۆژھەڵات وەربگرێ، پرسیار ئەوەیە كە كورد ئەو ئامرازانەی لەبەردەستدا ھەبوو كە بتوانێ لە پێكدادانی دوو زڵهێزدا ڕۆڵ بگێڕێ؟ دیارە دەبێ خوێنەران كتێبەكە بخوێننەوە، ئینجا باشتر لە مەبەستەكەم تێ بگەن، لەگەڵ ئەوەش بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی جەنابتم دابێتەوە، دەبێ ئاوڕێك لە پاوەری كورد و ھاوكات مامەڵەی جەمسەرەكان لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان بدەینەوە. لەڕاستیدا ڕێژێمی پەھلەوی سەنگەری بەھێزی ڕۆژئاواییەكان بۆ ڕێگریكردن لە كۆمۆنیزم بوو، بەو مانایەی كە ئەمریكا ڕەواییەكی زۆری بە شا دابوو، یارمەتییەكی زۆریشی دەكرد، تەنیا بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەسەڵاتی سۆڤییەت و كۆمۆنیزم بكا، كەواتا ئاساییە یەكەم پرسیاری خوێنەران ئەوە بێ كە ڕێژیمێك كە یارمەتیی ڕۆژئاوای لەپشتە، كەواتا دژبەرانی ئەو ڕێژێمە دەبێ خۆیان لە بەرەی ڕۆژھەڵات واتا سۆڤییەت و كۆمۆنیزمدا بدۆزنەوە. بەڵام ئەو وەڵامە زۆر سادە و ساویلكانەیە. چوونكە ھیچ كات حكوومەتی پەھلەوی و بەتایبەت محەمەد ڕەزاشا پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی سۆڤییەت نەپچراندووە، بەتایبەت لە سەرەتای پەنجاكانی ھەتاوی دەیان ڕێككەوتنی سیاسی و ئابووری و بگرە سەربازیشیان ھەبووە. ڕاستە ڕێژێمی ئێران ڕووی لە ئەمریكا بوو، بەڵام ھەرگیزیش پشتی لە سۆڤییەت نەكردووە، كە ئێمە پێمان‌وابێ دەتوانین لەو كێشمەكێشەدا كەڵك وەردەگرین. ھەربۆیە بە ڕای من دەبووا نوخبەی سیاسیی كورد و بەدیاریكراوی حیزبی دیموكرات وەكوو ڕۆڵگێری سەرەكیی ئەوكات لانیكەم بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاندبا، بێلایەنی بەو مانایەی كە بەو ڕادەیە پێناسەی خۆی لەسەر بنەمای دژایەتی‌كردنی ئیمپریالیزم و بەدیاریكراوی ئەمریكا نەكردبا.   پرسی دیپلۆماسی و لۆبیكردن بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی ڕۆژھەڵاتی كوردستان زۆر گرینگە، لەسەر بنەمای ئەو بەدواداچوون و خوێندنەوانەی بۆ ئەو كتێبە كردووتە، پێت‌وایە حیزبەكان و بەگشتی ڕای گشتی ڕۆژھەڵاتی كوردستان دەبێ چ ھەنگاوێك بۆ دیپلۆماسییەكی سەركەوتووانە باوێن؟ دیارە ھەر وەكوو لە پێشەكیی و پاشەكیی كتێبەكەدا باسم كردووە، كۆی نێوەرۆكی كتێبەكە بۆ ئەوەیە كە لەگەڵ خەسارناسی‌كردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ڕۆژھەڵاتی كوردستان ڕێكارێكی كردەییش پێشنیار بكەین. ھەر وەكوو باسمان كرد كورد تەنانەت لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستانیش كە دیفاكتۆیەكی سیاسیشیان ھەیە، ناتوانن بە میكانیزم و ئامرازەكانی دیپلۆماسی زانستی و كلاسیك بە ئامانجەكانیان بگەن. بەو مانایەی كە ھەرێمی كوردستان نە ئابوورییەكی ھێندە بەھێزی ھەیە كە بتوانێ كاریگەری لەسەر وڵاتان دابنێ، نە چەك‌وچۆلێكی ھێندە پێشكەوتووی ھەیە كە ھاوسەنگییەك ڕابگرێ، ھاوكات خاوەن دەنگێكی فەرمیش لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نییە كە بتوانێ دیپلۆماسی بەو دەنگەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بكا، جا بۆ ڕۆژھەڵاتی كوردستان دۆخەكە خراپتریشە. نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت دەبێ بیر لە شێوازی دیكەی دیپلۆماسی‌كردن بكاتەوە، لە ھەموویان گرینگتر دیپلۆماسی گشتییە. سادەترین پێناسەی دیپلۆماسیی گشتی ئەوەیە كە كاریگەری لەسەر ڕای گشتی وڵاتانی خاوەن بڕیار دابنێی بۆ ئەوەی بڕیاردەرانی وڵاتەكانیان پشتیوانی لە پرسی ڕۆژھەڵاتی كوردستان بكەن، ئەو شێوە دیپلۆماسییەش میكانیزم و شێوازی جیاوازی ھەیە كە لە كتێبەكەدا باسم كردووە.   زۆر سپاس کە کاتت بۆ ئەو دیمانەیە دانا. سپاس بۆ ئیوە کە بایەختان بەو مژارە دا و ئاوڕتان لەو کتێبە دایەوە.