کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کۆمەڵگەی جیهانی پێویستە لە ناخی کۆمەڵگەی ئێرانەوە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی ئێران و کوردستانی ئێران ببیستێ

21:26 - 4 بەفرانبار 2721

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەرەبەری نوێبوونەوەی ساڵی نوێی زایینیدا و لە پەیامێکدا ڕوو بۆ ڕێبەرانی وڵاتانی ئازاد و دێموکرات سەرنجی دنیای پێشکەوتوو و دێموکراتی بۆ بارودۆخی ئێرانی بن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕاكێشاوە.   دەقی پەیامەکە بەوجۆرەیە:   ڕێبەرانی وڵاتانی ئازاد و دێموکرات! دامەزراوە و ڕێکخراوە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان! لەکاتێکدا خەڵک لە وڵاتانی دێموکراتیکی دنیا لە قەیرانی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بەرەو ئەوە دەچن لە نوێبوونەوەی ساڵی زایینیدا ئەو دەرد و خەمانە لەبیر خۆیان بەرنەوە، بەڵام لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا سەرەڕای ئەو هەمووە نەهامەتییەی ڕێژیم بەسەر خەڵکی هێناوە، ئێعدامکردنی زیندانیی سیاسیی کورد حەیدەر قوربانی، هیندەی دیکەش خەڵکی ماتەمبار و نوقمی خەم و ئازار کرد. حەیدەر قوربانی چالاکێکی سیاسیی کورد بوو کە دوای دەسبەسەرکرانی پەروەندەی ئەمنییەتیی لەدژی دروست کرا و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە داننان بە تاوانی نەکردوو کرا و، سەرەڕای چەندین جار ناڕەزایەتیی ئەمنێستی ئینترناشناڵ و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ، دواجار لە زیندانی شاری سنە ئێعدام کرا. خەڵکی کوردستان سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابوورییان کە بەرهەمی ڕوانینی ئەمنیەتی دەسەڵات بۆ کوردستان و هەڵاواردنی پتری ئەو بەشە لە ئێرانە، هەروەها سەرەڕای بەردەوامیی پەتای کۆرۆنا و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی دیکە کە کۆمەڵگەی کوردستانی بە خۆیەوە گرفتار کردووە؛ بەڵام کۆڵیان نەداوە و لە خەبات و تێکۆشان و ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە سیاسەتەکانی حکوومەت بەردەوام بوون. دوای ئێعدامی حەیدەر قوربانییش بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەکەی و ناڕەزایەتی بە سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی، لە مانگرتنێکی گشتیدا لە چەند شارێکی کوردستان دوکان و بازاڕەکان داخران کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەمە بە هەڵوێست و شعووری بەرزی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دادەنێ کە بە نسیبەت چارەنووسی خۆی بێ‌تەفاوت نییە و لە هەموو دەرفەتەکان بۆ مافخوازی و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کەلک وەردەگرێ. ئێمە پێشتریش و بەردەوام گوتومانە کە کێشەی سەرەکیی ئێران نەک بەرجام و بەرنامەی ئەتومی، بەڵکوو پرسی بێ‌مافیی خەڵک و کێشەی نێوان خەڵک و دەسەڵات لەسەر مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیانە. خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستانی ئێرانیش بە تایبەت بە شعووری سیاسیی بەرزی خۆیان هەمیشە لەسەر خەت بوون و بە هاتنەسەر شەقام و مانگرتن و شێوازی جۆراوجۆری دیکە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە حکوومەت و دەسەڵات پێشان داوە و سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانییان بۆ لای ویست و داخوازەکانی خۆیان ڕاکێشاوە. بەو هیوایەی کە دنیای دەرەوەش دەنگیان ببیستێ و ئاوڕیان لێ بداتەوە. لە بەرەبەری ساڵی نوێی زایینیدا پێ لەسەر ئەم بۆچوونە دادەگرینەوە کە ئەگەر دەتانەوێ کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی سیاسیی بەرپرسیار و وەڵامدەر بێ، دەبێ تا ئێستا زانیبێتتان کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بۆ ئیوە هاوبەشێکی سیاسیی جێی متمانە بێ. ئەو حکوومەتە یان دەبێ بڕوا بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی جیهانی هۆکارێکی بنەڕەتیی تێرۆریزم و ناسەقامگیریی لەکۆڵ بێتەوە، یان دەبێ یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران بە ئاکام بگا و ڕێژیمێکی خەڵکی و دێموکرات بێتە سەر کار. ئاشکرایە حکوومەتێک کە بەرامبەر بە خەڵکەکەی، خۆی بە بەرپرسیار نەزانێ و شەرعییەتی لێ وەرنەگرتبێ، ناشتوانێ بەرپرس بێ بەرامبەر بە دنیای دەرەوە. بۆیە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر ئەم ئەسڵە پێ دادەگرینەوە کە باشترین ئەهرۆمی گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ خەبات و تێکۆشانی خەڵک و مەوقعییەتی ئەوان لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا بکەن و لەو پێوەندییەدا خەڵک هیوا و ئومێدی ئەوەی پێ بدرێ کە دنیای دەرەوە چیدی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە کێشەی "بەرجام" پێناسە ناکا. بێگومان خەڵکی ئێران و کوردستان لە ساڵی نوێی زایینیشدا بە هەموو جۆراوجۆرییە ئایینی و نەتەوەییەکان لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بۆ دەستەبەری مافەکانیان بەردەوام دەبن و وڵاتانی ئازاد و دێموکراتیش دەتوانن پاڵپشتی بزووتنەوەی مافخوازیی سەرانسەریی گەلانی ئێران بن. بە هیوای ساڵێکی خۆش بۆ سەرکەوتن هەموو لایەک.  

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢٥ی دێسامبری ٢٠٢١