کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ڕێژیم کوردستانی کردووە بە پادگانێکی ئەمنیەتی و لەسەر سیاسەتی دوژمنکارانەی بەنیسبەت ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان بەردەوامە

22:15 - 15 بەفرانبار 2721

    هۆکاری سەردانەکەی واشنگتۆن؟ ساڵانیکە ئێمە ڕوو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێین پرسی ئێران تەنیا لە بەرنامەی ئەتومیی کۆماری ئیسلامیدا مەبینن، سەردانەکەی ئەمجارەشم بۆ واشنگتۆن بۆ ئەوەیە لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ دامەزراوە دەوڵەتییەکان، ژوورەفیکری و ناوەندە غەیرەدەوڵەتییەکاندا پێ لەسەر ئەوە دابگرینەوە لە پرسی ئێران کێشەی وڵاتێکی ٨٠-٩٠ میلیۆن کەسی لەگەڵ ڕێژێمی سیاسیی نادێموکراتیکە کە ئەو خەڵکەی لەپێناو بەرژەوەندییە ئیدئۆلۆژیکییەکانیدا بەبارمتە گرتووە. کێشەی ئەو خەڵکەش نەبوونی دێموکراسی و ئازادییە مەدەنییەکان، پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ و قووڵبوونەوەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە کە هەمووی لە سۆنگەی سیاسەتە نیوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرۆکی کۆمەڵگەی گرتووە. سەردانەکەم بۆ واشنگتۆن و دیدارەکانم بۆ ئەوەیە بڵێم ئەگەر ئێوە لە پرسی بووژانەوەی بەرجامیشدا لەگەڵ ڕێژیم ڕێک‌بکەون، بەڵام پرسە سەرەکییەکە بە چارەسەرنەکراوی هەر لەجێی خۆیەتی. چونکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر ڕێژیمە نەگۆڕەکەی جارانە و هەروا وەک مەترسییەکی جدی بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتیی ناوچە و جیهان ڕۆڵی نیگەتیڤ و تێکدەرانەی خۆی دەگێڕێ، بۆیە پێویستە وڵاتانی بڕیاردەر لە خوێندنەوەی خۆیان بۆ هاوکێشەکاندا سەرنج بدەنە ماکە و سەرچاوەی کێشە و قەیرانەکان. ئەو پەیامەشمان بە بەرپرسانی دەوڵەتی لە کابینەی بەڕێز بایدەن، دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان و تینک‌تانکەکان لەو وڵاتە گەیاندووە و سەبارەت بە کەمتەرخەمییەکانیان و جۆری ڕوانگەیان بۆ کۆماری ئیسلامی و پشتگوێ‌خستنی فاکتەری خەڵک و ناڕەزایەتییەکان لە ڕەخنەمان لێ گرتوون.   دەسکەوتی ئەوجۆرە دیپلۆماسییە بۆ بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات ئەمە بەشێک لە کار و ئەرکی ئێمەیە کە لە پێوەندییەکانماندا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بڕیار لەسەر ئێران دەدەن تێ‌بکۆشین پێیان بڵێین کە دەبێ بیرکردنەوەکانیان بەنیسبەت ئێران بگۆڕن. پێ لەسەر ئەوەش دابگرین هەتا کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت، نە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئارامی و سەقامگیریی تێدا بەدی دەکرێ، نە ئەو سەقامگیرییە لە نیوخۆی وڵاتیش ئێرانیش ڕوو دەدات. دیپلۆماسیی ئێمە بۆ ئەو ئامانجەیە ئەو قەناعەتە لای وڵاتانی بڕیاردەر بەنیسبەت کەیسی ئێرانەوە دروست بکەین کە چیدی ڕێگە نەدەن ئەو ڕێژیمە پرسی ئەتومی و مووشەکییەکەی وەک کارتێکی گوشار بەکار بێنێ. ئەوەش ڕاستە کە ئێمە سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی خۆمان نەمانتوانیوە ئەو دەسکەوتە گرینگە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەستەبەر بکەین، هۆکارەکەشی بۆ پەرش‌وبڵاوی و لاوازی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە کە نەیتوانیوە لە دژبەرەوە ببێتە ئاڵتەرناتیڤ. هەوڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دیپلۆماسیی حیزبی ئێمە بۆ ئەوەیە کە بۆ ئەو مەبەست و ئامانجە یارمەتیدەر بین.   کاریگەریی ئەگەری سازانی زلهێزەکان و بووژانەوەی بەرجام لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی کورد پرسی کورد و ململانێی ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەر مافەکانمان مێژووەکەی بۆ زۆر پێش لە بەرجام و تەنانەت هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمەش دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی پرسی ئێمە و خەباتەکەمان و ڕەوشی جووڵانەوەی کورد تابعێک نییە لە هاوکێشەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بووژانەوە یان لەبارچوونەوەی بەرجام، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بابەتەمان بە لاوە گرینگە. ئێمە لە هەوڵ و تێکۆشان و خەباتی خۆمان بەردەوام دەبین و بە کۆمەڵگەی جیهانییش دەڵێین کە کۆماری ئیسلامی ناتوانی هاوبەشێکی ئابووریی شیاو و عونسورێکی سیاسی و ئەمنیەتیی کاریگەر بۆ سەقامگیریی ناوچە بێ، بەڵکوو پێچەوانەکەی ڕاستە و ئەو ڕێژیمە خۆی هۆکاری سەرەکیی ئەو نائەمنییانەیە.   پێوەندیی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وەک داوێک بۆ مووشەک‌بارانی بنکەکانی حیزب وانییە کە ئێمە شکمان لە جەوهەر و ماهییەتی کۆماری بووبێ. ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە نێوبژیوانیی ڕێکخراوێکی نۆروێژی چەند قۆناغی سەرەتایی بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیمان بڕیوە. ئێمە ئەوکاتانەش کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی قسەمان کردووە هیچ شک و دوودڵی و ڕاڕاییەکمان بەنیسبەت نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی نەبووە. بەڵام پێمان وانییە کە ئەوە ڕێی لە وتووێژ و دانوستان بگرێ. ئێمە هەمیشە ویستوومانە لە ڕێگەی وتووێژەوە ئەو پەیامە بە خەڵکی ئێران بدەین کە کورد داوای چارەسەری ئاشتییانەی مافەکانی خۆی دەکا. ئێمە شەڕخواز نین، بەڵکوو قوربانیی سیاسەتی شەڕ و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و سیاسەتی سەرکوت و تێرۆری ئەو ڕێژیمەین. بۆیە لام وایە کە مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات و کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی هیچ پێوەندییەکی بەو دانیشتنانەی ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەبوو. خوێندنەوەی ئێمە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی خەڵکی کوردستان و لە سیاسەتەکانی بۆ بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی کورد و ئیرادەی مافخوازیی خەڵکی کوردستان گەیوەتە بۆنبەست و پێی‌وایە تاکەڕێگا هەر بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی میلیتاری و هێرشی سەربازییە. لایەنێکی دیکەی ئەو هێرشە ناردنی پەیامی تایبەت بۆ ئەمریکا، عەڕەبستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بوو، لەبەر ئەوەش کە ئێمە توانای بەرگری لە بەرامبەر هێرشی مووشەکیمان نەبوو، هەروەها خاوەنی چەکی هاوشێوە بۆ وەڵامدانەوە بەو پەلامارە نەبووین، کراین بە ئامانج. بۆیە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات چەند ئامانجی لەپشت بوو.   ئاکامی وتووێژەکانی تا ئێستا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران؟ وەک باسم کرد ئێمە پێش ئەوەی وەک ناوەندی هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتووێژمان هەبێ، چەند جارێکیش لە هەرێمی کوردستان دانیشتنمان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی هەبوو. لە دانیشتنەکانی ناوەندی هاوکارییش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە نێوبژیوانیی ڕێکخراوی نۆروێژیی "نۆرێڤ" ئێمە مەرجەکانی خۆمان بۆ ئەو وتووێژانە باس کردووە. مەرجەکانی ئێمە ئەوە بووە کۆماری ئیسلامیی ئێران دان بەوە دابنێ پرسێک بە ناوی پرسی کورد لە ئێراندا هەیە، پرسێک کە کۆماری ئیسلامییش دەیەوێ یارمەتیی چارەسەرکردنی بێ و بۆ ئەو مەبەستەیە کە لەگەڵ حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری وتووێژ دەکا. ئەوان ئەو مەرجانەیان نەسەلماند و بۆیەش دانیشتنەکان قەت نەگەیشتنە ئەو ئاستەی کە بتوانی ناوی وتووێژیان لەسەر دابنێین. دیارە دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئێمە لە سەرەتاوە دەمانزانی و هیچ شک و دوودڵییەکمان لەوە نەبوو کە کۆماری ئیسلامی مل بۆ ئەوە ڕاناکێشێ، بەڵام حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری بە سیاسەتی دروستی خۆیان پێشانیان دا کە نەک لایەنگری شەڕ و لێکدان نین، بەڵکوو قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامین و هەموو کاتێک ئامادە بوون بە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ و سازانەوە یارمەتیدەری چارەسەری پرسی کورد لە ئێران بن.   دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەریی کۆماری ئیسلامی ڕەخنە لە نایەکگرتوویی و بڵاویی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەجێی خۆی‌دایە. ئەو ڕەخنەیە هەم دەکرێ بەرەوڕووی ئۆپۆزیسیۆنی کورد بکرێتەوە، هەم ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری کە بێتوو نەتوانێ خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێ بخا، ناتوانێ ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە داهاتووی هاوکێشە نێوخۆییەکانی ئێران و پرسی ئێران لە دەرهاویشتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا هەبێ. ڕاستە من جارێک گوتومە کە ناتوانین گوندێک ڕزگار بکەین، ئەو تەعبیرەم ڕەخنەیەکی توند و ڕاشکاوانە بەنیسبەت لێک‌بڵاوی و نایەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بوو کە دەتوانم ئێستا ئەو ڕەخنەیەم جارێکی دیکە و بە جۆرێکی دیکەش هەبێ و بڵێم کە ئەگەر یەکگرتوو بین، بێتوو یەک‌ڕێز و لە مەیدانی کردەوەدا هاوبەش و هاوپڕۆژە و هاوپەیمانی یەکتر بین، دەتوانین زۆر گوند و شاری نیشتمانەکەمان ئازاد بکەین و پێکەوە بەڕێوەیان ببەین.   حیزبی دێموکرات و خەباتی مەدەنی فەلسەفەی وجوودی حیزبی دێموکرات بۆ مافخوازیی مەدەنی دەگەڕێتەوە. ئێمە قەت بەدوای شەڕدا نەگەڕاوین و هەر ئەوەش کە دەبینین ئەمڕۆکە بە سەدان ڕێکخراو و دامەزراوەی مەدەنی لە بواری جۆراوجۆری ئەدەبی، ژینگە، زمان و کەلەپووریدا دامەزراون بۆ نهادینەبوونی ئەو فەرهەنگە سیاسییە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەگەرێتەوە. لە بەرامبەردا ئەوە حکوومەتی پاشایەتی و پاشان کۆماری ئیسلامیی کە شەڕیان بە کورد فرۆشتووە و هێرشی سەربازییان کردووەتە سەری. لە ئێستاشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بەو ڕوانگە ئەمنیەتی و میلیتارییە دەروانێتە کوردستان و سیاسەتی دوژمنکارانە و داگیرکەرانەشی بەنیسبەت ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان ئاوێتەی ئەو ڕوانگەیە کردووە. کۆماری ئیسلامی لەلایەک کوردستانی کردووەتە پادگانێکی ئەمنیەتی و، لەلایەکی دیکەشەوە  سیاسەتی بەنیسبەت پرسی دارستانەکانی کوردستان و بەتاڵانبردنی ئاو و سەرچاوە ژێرزەوییەکانی کوردستان هەموو کاولکاری و دوژمنانە بووە. بۆیەشە چالاکان و ڕێکخراوە مەدنییەکان لە کوردستان بەردەوام بەرهەڵستی ئەو سیاسەتانەی ڕێژیم بوونەتەوە کە بەداخەوە زۆر لەوان لەسەر ئەو مافخوازییە ڕەوایە گیراون و دەگیرێن و پەروەندەی ئەمنیەتییان بۆ دروست دەکرێ و سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپێ. بەڵام سەرەڕای تێچووی زۆری چالاکیی مەدەنی، خەڵک لە کوردستان لەو سەنگەرە لە خەباتی شوناسخوازی و ماف‌ویستیی خۆیاندا بەردەوامن.   پێگەی سیاسیی ئێران لە عێراق و ناوچەدا چوار دەیە پترە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێکی زۆری داهات و سامانی گشتیی وڵات بۆ دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ و پەرەدان بە شیعەگەری و نانەوەی کێشە و قەیران و دروست‌کردنی میلیشیا و گرووپی چەکدار بۆ شەڕی نیابەتی خەرج دەکا. ئاکامی ئەو سیاسەتە کە خۆیان بە "مەیدان"ی ناو دەبەن، بۆ ناوچەکە بشێوی و نائارامی و ناسەقامگیری و بۆ خەڵکی نێوخۆی وڵاتیش بێکاری و گرانی و کەڵەکەبوونی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان بووە. سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا سەرکەوتوو نەبوون و هەموومان دەبینین کە ڕۆژانە لە سووریە، یەمەن، لوبنان بە عێراقیشەوە چ ڕادەبرێ. تەنانەت لە عێراق تا هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەش کۆماری ئیسلامیی ئێران قسەی یەکلاکەرەوەی دەکرد، بەڵام بینیمان کە ئاکامی هەڵبژاردنەکان دڵخوازی کۆماری ئیسلامی نەبوون و ئەو هەڵبژاردنە وەک نوێنگەی ئیرادەی خەڵکی عێراق پرسیاری جیدیی لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتەدا دروست کرد. بۆیە بە ئەگەری زۆر کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا لە عیڕاق تووشی بەرگژەی زیاتر دەبێتەوە و خەڵکی ئەم وڵاتە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دوور دەکەونەوە.