کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی پارتی شەپیلی پاشەڕۆژی کوردستان لە سکرتاریای حیزب

00:47 - 22 بەفرانبار 2721

لە کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی پارتی شەپیلی پێشڤەرۆیا کوردستان_سووریە و حیزبی دێموکراتی کوردستان، پرسی کورد و ئاستەنگەکانی لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ کران. ڕۆژی سێ‌شەممە، ٢١ی بەفرانبار شاندێکی پارتی شەپیلی پێشڤەرۆیا کوردستانی سووریە بە سەرپەرستیی سولەیمان حوسێن، ئەندامی هەیئەتی ئیجڕایی و بەرپرسی پێوەندییەکانی ئەم حیزبە لە هەرێمی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. شاندی پارتی شەپیلی پێشڤەرۆیا کوردستان لەلایەن هەیئەتی خانەخوێ بە سەرپەرستیی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێ‌کرا. لەم دیدارەدا دوایین پێشڤەچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم پرسی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و چەندی‌وچۆنیی ڕۆڵی کورد لە نووسینەوەی یاسای بنەڕەتیی نوێی سووریە و داڕشتنەوە و دروست‌کردنەوەی ئەو وڵاتە شەڕلێدراوە قسەوباس و ئاڵوگۆڕی بیروڕای لەسەر کرا. دوولایەن کۆک بوون کە بەهاری عەڕەبی و شۆڕشی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەرفەتێکی نوێ و باشی بۆ ئاڵوگۆڕ لەو وڵاتە بەتایبەت گۆڕانکاری لە دۆخی کوردە بێ‌مافەکانی ئەو بەشەی نیشتمانی کورد پێک‌هێنا؛ بەڵام دەستێوەردانە دەرەکییەکان بەتایبەت ڕۆڵی خراپی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو وڵاتەی لە شەڕی نێوخۆییەوە گلاند و بووە هۆی قەیرانێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کۆچبەری لە سووریە. پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەوتی بەرەوپێش‌چوونی خەباتی شوناس‌خوازانەی کورد لەو بەشەی نیشتمان تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دیدارە بوو. لە کۆبەندی باسەکانی کۆبوونەوەکەشدا پێ لەسەر ئەوە داگیرایەوە کە دەستەبەری دەسکەوتی نەتەوەیی پتر و بردنەسەرێی سەنگ و قورسایی کورد لە هاوکێشە نێوخۆیی و ناوچەییەکان، لەگرەوی یەکڕیزی و یەکیەتیی بەکردەوەی هێزە سیاسییەکانی هەر کام لە بەشەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتری و، لە ئاستی گشتیشدا ڕەچاوکردنی پرەنسیپ و هێڵە گشتییە نەتەوەییەکان‌دایە.