کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان

23:31 - 24 بەفرانبار 2721

مەسعود تەک، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکراتی کرد. ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی بەفرانبار (١٣/١/٢٠٢٢)ی زایینی هەیئەتێکی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان-باکوور بە سەرپەرەستیی مەسعود تەک، سەرۆکی گشتیی ئەم حیزبە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە سەرپەرەستیی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێ‌کرا. تاوتوێی پرسە گرینگەکانی ڕۆژەڤی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتی حکوومەتی ناوەندیی لەهەمبەر پرسی کورد و تیشک‌خستنە سەر هەڕەشە و دەرفەتەکان بۆ دۆزی کورد لەو دوو بەشەی کوردستان،‌ تەوەری سەرەکیی باسەکانی ئەو دیدارە بوون. لەم دیدارەدا خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دۆخی سیاسی-ئەمنیەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەوشی خەباتی مەدەنی و بەردەوامیی خەباتی شونا‌خوازیی کورد سەرەڕای تیچووی قورسی بۆ چالاکانی مەدەنی هێنایە بەر باس. هەروەها بە ئاماژە بە دۆخی تێک‌تەپیوی ئابووریی وڵات و کەڵەکەبوونی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان تیشکی خستە سەر ئەو بابەتە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەڵکی وڵاتی بەبارمتە گرتووە و خەڵک لە سۆنگەی سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی ڕێژیمە لە ناوچە کە ئەو گوشارە زۆرەی خراوەتە سەر. دواتر مەسعود تەک، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان باسێکی تێروتەسەلی لە دۆخی پرسی کورد لە باکووری کوردستان کرد و کێشە و ئاستەنگ و هەروەها دەرفەتەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لەو بەشەی کوردستانی شی کردەوە. پرسی هاوخەباتی و هاوچارەنووسیی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و پێویستیی یەکڕیزی و هاوپێوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و لەگەڵ یەکتری و، هەروەها ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە گشتییە نەتەوەییەکان وەک ئەرکێک لەسەر شانی هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دیدارە بوون.