کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: ویست و داخوازیی مامۆستایان بەرحەق و ڕەوان

15:03 - 14 رێبەندان 2721

مامۆستایانی خوێندنگە و زانکۆکانی ئێران و توێژی فەرهەنگی و خانەنشین‌کراوانی کەرتی فێرکردن و پەروەردە لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان بە دۆخی ژیان و مافە سینفییەکانیان، جارێکی دیکە هاتوونەتەوە سەر شەقام و شەپۆلێکی دی لە ناڕەزایەتییەکانیان وەڕێ خستۆتەوە. وەک هەمووان ئاگادارن لە سەرەتای ئەم حەوتوویەوە و لەسەر بانگەوازی "ئەنجوومەنی سێنفیی مامۆستایان" لە بەشیکی زۆری شار و گوندەکانی سەرانسەری ئێران بە کوردستانیشەوە مامۆستایان بە مەبەستی داواکردنی دابینکردنی مووچەی خانەنشینی، مووچە و پلەبەندی وەک یەک و، هەروەها داواکاری بۆ ئازادکردنی هاوپیشەکانیان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا، بەشێوەی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین نەچوونەتە سەر کار و لەسەر داواکارییەکانیان پێداگر بوون. وتەبێژی ئەنجوومەنی سێنفی مامۆستایان دەڵێ ئەم ناڕەزایەتییانە سێ‌سەد شاری ئێرانی گرتۆتەوە و هەر لەم بانگەوازەدا داوا لە قوتابییان و خوێندکاران کراوە کە بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان بێنە ڕیزی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە. دادخوازیی مامۆستایان و ناڕەزایەتییەکانیان لە هەمبەر ڕەوشی خوێندن لە قوتابخانەکان وەک نەمانی ئاسەواری خوێندنی بەخۆرایی بۆ هەمووان، بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی، هەڵاواردنی سیستماتیک، و هەروەها ڕێگری لە خوێندن بە زمانی دایک و دواکەوتنی مووچە و حەقدەستەکان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم نەک هەر تا ئێستا وڵامی داوا ڕەواکانی مامۆستایانیان نەداوەتەوە، بەڵکوو بەشێک مامۆستایانیان خستۆتە بەندیخانە و لە زۆر شوێن لە لایەن هێزەکانی بە ناو دژە شۆڕش بێڕێزی بە مامۆستایان کراوە و ئەشکەنجە و ئازار دروان. هاوکات ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی گەشەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییانە هەوڵی گرتن، سەرکوت، بەلاڕێدا بردن و چەواشەی داوخوازییە ڕەواکانیان دەدەن. ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەو ماوەیەدا هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە سەربەخۆیی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و داخوازییە ڕەواکانیان بخەنە ژێر پرسیار و وا نیشان بدەن کە دەستی دەرەکی لە پشت وەڕێ‌خستنی ناڕەزایەتییەکانەوەن. مامۆستایان وەک توێژی پێشەنگی کۆمەڵگە کە هەردەم لە خزمەت پێگەیاندن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە‌دان، لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی ڕابردوودا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و کاربەدەستان و ئۆرگانە پێوەندیدارەکانەوە پشتگوێ‌ خراون و بایەخێکی ئەوتۆ بە کار و ئەرک و خزمەت و ژیانیان نەدراوە. وەک چۆن لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا بودجەی ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازی و ئیدئۆلۆکیکییەکانی ڕێژیم چەند سەت بەرابەر زیاد دەکرێ، کەچی سەرەڕای ئاوسانی ئابووریی سەتا ٥٠ بەڵام مووچە و مزی مامۆستایان سەتا ١٠ دەجێتە سەرێ. سەرباری ئەوەش زۆر جار لەسەر داواکردنی مافەکانیان و دەربڕینی بیروڕا دەگیرێن و سزای قورسی بەندکردنی درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپێ. لەو نێوەدا ڕەوتی سەرکوتی مامۆستایان و بێ‌بایەخ‌کردنی مافەکانیان لە کوردستان دیارتر و بەرهەستتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بووە و زۆر جار مامسۆتایان لەسەر وانەگوتنەوە بە زمانی غەیرە فارسی کەوتوونەتە بەندیخانەوە و سەرەتاییترین مافەکانیان پێشێل کراون. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە خواستی بەرهەق و ڕەوای مامۆستایان، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکا کە هاوپشت و پشتیوانی مامۆستایان بن و لە خەبات و تێکۆشانی ئەوان کە لەپێناو دەستبەری داهاتوویەکی گەش بۆ کۆمەڵگەیە، پشتیان بەرنەدەن و لەگەڵیان بمێننەوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی