کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سۆران عەلیپوور: کۆماری کوردستان پێناسەیەکی نوێی لە شوناسی کوردی کرد

03:31 - 16 رێبەندان 2721

  کاک سۆران با باسەکەمان بەو پرسیارە دەست پێ بکەین؛ سەڕەڕای ئەوەی کە پێش لە کۆماری کوردستان، گەلی کورد شۆڕش‌گەلێکی جیاوازتر و تەنانەت کۆماری ئاگریی هەبوو، بۆچی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە خاڵی وەرچەرخانی مێژووی کورد دادەنرێ؟ بۆ تێگەیشتن لە کۆماری کوردستان دەبێ چاوێک بەسەر ئەو ڕووداوو و وێستگە مێژووییانەدا بخشێنینەوە کە بەر لە کۆمار جێ‌پەنجەی خۆیان لەسەر نەخشەی مێژووی ئەو نەتەوەیە بەجێ هێشتووە. لە دەورانی کۆماری کوردستاندا بۆ یەکەمجار چینی مامناوەندیی شارنشینی خوێندەوار، لەگەڵ ئەوەدا کەمینە و لاواز بوو، ڕەوڕەوەی ڕووداوەکان دەگرنە دەست. ئێمە دەزانین دوای هەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان، بۆشایییەک کەوتە نێو کۆمەلگەی کوردییەوە کە دواجار ئەو بۆشاییە لەلایەن شێخ و بنەماڵە ئایینییەکان و پاشانیش نەوەی میرە کوردییەکان و خاوەن موڵکەکان کە لە تاراوگە دەژیان پڕ کرایەوە. ئەو هاوکێشەی هێزە لە کۆمەڵەی ژێکافەوە بەرەبەرە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و چی دیکە بنەماڵەی شێخ و دەرەبەگە خاوەن موڵکەکان تاکە ئەکتەری شانۆی سیاسیی کوردستان نەبوون، ئەگەر سەرنج بدەینە کەسایەتییەکانی دامەزرێنەری ژ ــ کاف دەبینین کە ئەوان سەر بە چینی شارنشینی وردەبورژوا بوون. لە کۆماردا لەپاڵ هێزی چەکداری عەشایردا، ئەرتەشێکی قەوارە مۆدێرنیش دانرا، لەلایەکی دیکەوە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا لە ڕێگەی دامەزراوە و دەزگا و ناوەندی دێموکراتیک و مەدەنییەوە ویستی ناسیۆنالیستیی کوردان بەرجەستە کرا، لە بڵاوکراوە و وێژمانی سیاسیی کۆماردا هەست بە وشیارییەکی سیاسیی هاوبەش سەبارەت بە بوونی هاوبەشیی نەتەوەیی و مێژوویەکی هاوبەش و چارەنوسێکی هاوبەش دەکرا. ئەو وێژمانە هەرچەند وێژمانێکی یەکگرتووی ڕوون نەبوو، بەڵام هەم لە وێژمانی سیاسیی سەرانی کۆماری کوردستان و هەم لە دروشمی ستراتیژیکیی حیزبی دێموکراتدا مافی چارەی خۆنووسین بەڕوونی هەستی پێ دەکرێ. تێکەڵییەک لە ویستی ڕۆمانتیکی سەربەخۆیی لەگەڵ سیاسەتی ڕۆژ و ڕیئالیستی ئۆتۆنۆمیخوازیدا، کۆماری کردبوو بە خاڵیکی وەرچەرخان، ئەوە بێجگە لە گرینگیدانێکی کەم‌وێنە بە پرسی ناسنامە و زمان. سەرانی کۆمار ئامادەبوون دەغڵ‌ودانی ساڵێکی کۆمار بە سۆڤییەت پێش‌فرۆش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن چاپخانە دابنێن. بۆ یەکەمجار دامەزراوە ئیدارییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هاوکات لەگەڵ پرۆگرامێکی سیاسیی هاوچەرخ بۆ ماوەیەکی کورتخایەن وێنەیەکی مۆدێڕن و تۆکمەیان لە ناسیۆنالیزمی کوردی بەدەستەوە دا. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە هاوپێوەندی و یەکگرتوویەک کە لەنێو کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لە ئاست کۆماردا هەبوو، دیاردەیەکی کەم‌وێنە بوو لە مێژووی کورداندا، بەشداریی بارزانییەکان و ئەفسەرە سەربازییەکانی گەرمێن لە کۆماری کوردستاندا لوتکەی هاوپێوەندیی نەتەوەییدا بوو. هەر لەبەر ئەم هۆیانە و زۆر هۆی دیکە کۆماری کوردستان بە خاڵی وەرچەرخانی مێژووی کورد دادەنرێ.   پرسی بووژانەوە و گەشەکردنی زمان لە کۆماری کوردستاندا چەندە گرینگی پێ دراوە و تاکوو چەند هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە؟ ئەو پرسیارە کە بۆ زمان و ناسنامە لە کۆماری کوردستاندا بایەخی پێ دەدرا و پێداگریی لەسەر دەکرا، کاتێک وەڵام دەدرێتەوە کە سەرنج بدەینە دۆخی سیاسیی ئێران و پڕۆسەی بەناو مۆدێڕنکردنی کۆمەڵگەی ئێرانی لەلایەن ڕەزاشاوە. ڕەزاشا لە ڕێگەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەند و لە ڕێگەی سانتراڵیزمی سیاسی و ئیدارییەوە لە هەوڵی دروستکردنی شوناسێکدا بوو بۆ خەڵکی ئێران، ئەو شوناسە داتاشراوە لەسەر بنەمای سڕینەوە و پەراوێزخستن و شێواندنی کولتوور و مێژووی نەتەوەکانی دیکە داڕێژرابوو، لەڕاستیدا پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی ئاسمیلەکردن بوو کە لە  لە خوێندنگەکانەوە تاکوو پادگانەکانی ئەرتەش پیادە دەکرا. زمانی فارسی وەکوو زمانی فەرمی دیاری کرا و هەرچی لەگەڵ پێناسەی ڕەزاشا بۆ ئەو شوناسە نوێیە ئێرانییە دەگونجا بە مۆدێڕن و پێشکەوتوو و شارستانی ئەژمار دەکرا و ئەوی دیکەش کە کولتوور و ناسنامەی نەتەوەکانی دیکە بوو بە دواکەوتوویی و عەشیرەییی بێ‌کەڵک لەقەڵەم درا. کۆنسێپتی دەوڵەت ــ نەتەوەی پەهلەوی هەر زوو لە کوردستاندا کاردانەوەی لێ کەوتەوە، بۆ نموونە ڕاپەڕینی مەحموود خانی کانی‌سانان و ڕاپەڕینەکەی مەلا خەلیل، ئەو جووڵانەوانە لەگەڵ ئەوەدا بەرنامەی سیاسیی دیاریکراویان نەبوو، بەڵام دژکردەوەیەک بوون بەرانبەر بە سیاسەتی یەکدەست‌کردن و حاشاکردن لە ناسنامەی کوردەکان. سەرانی ژ ــ کاف و پاشان سەرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستانیش بەتەواوەتی هەستیان بە مەترسییەکانی کۆنسێپتی دەوڵەت ــ نەتەوەی پەهلەوی کردبوو، هەم لە بڵاوکراوەی "نیشتمان" و هەم لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی "کوردستانـ"ـیشدا ئەو گرینگیدانە بە شوناسی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەشی کورد بەتەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە. دووهەم داواکاریی حیزبی دێموکراتیش لە بەیاننامەی دامەزراندنیدا پرسی مافی خوێندن بە زمانی دایک و بەکارهێنانی زمانی کوردییە لە بەڕێوەبەرایەتی و ئیدارەکاندا، لە کاتێکدا خاڵی یەکەم باسی لە شێوەی مافی چارەی خۆنووسین لە سیتەمێکی ئۆتۆنۆمیدا دەکرد. لەو ماوە کورتەدا زمانی کوردی کرایە زمانی فەرمی و بێجگە لە ڕۆژنامەی "کوردستان" کە زمانحاڵی حیزبی دێموکراتیش بوو، کۆمەڵێک بلاڤۆک و گۆڤاری دیکەش وەکوو "هاواری کورد"، "هاواری نیشتمان"، "هەڵالە" و "گروگاڵی منداڵی کورد" بڵاو کرانەوە.   زۆر جار دەوترێ کە یەکیەتیی سۆڤییەت کۆماری کودستانی دامەزراندووە و ئەگەر خەیانەتی لە کۆمار و ئەو بەڵێنەی کە بە پێشەوا درابوو نەکردایە، کۆماری کوردستان نەدەڕووخا، ئەمە تاکوو چەند ڕاستە؟ هەر ڕووداوێکی مێژوویی لە بەستێنیکی دیاریکراودا لەدایک دەبێ و کاریگەریی شوێن و کاتی لەسەرە، یەکیەتیی سۆڤییەت لەو ڕووداوانەی کە لە ئازەربایجان و کوردستاندا ڕوویان دا بێ ڕۆڵ نەبوو، هاوکات تاکە هۆکاریش نەبووە لە دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەگەڵ دەست‌پێکردنی شەڕی جیهانیی دووهەم هاتنە ئاراوە، ویستی نێوخۆییی کوردەکان و بێزاری لە کۆنسپێتی دەوڵەت ــ نەتەوەی پەهلەوی و بۆشایییەکی دەسەڵات کە لەو ناوچەیەدا دروست ببوون، هۆکاری سەرەکیی دامەزراندنی کۆماری کوردستانن. ئەو ڕوانگەیەی کە دامەزرانی کۆماری کوردستان و تەنانەت دامەزرانی حیزبی دێموکراتیش دەبەستێتەوە بە ویستی یەکیەتیی سۆڤییەت، لەنێو کۆڕی پان‌ئێرانیزم  و نووسەرانی جیرەخۆردا زۆر باوە، ئەوان دەیانهەوێ بە هەموو شێوەیەک داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بە تێئۆریی دەستی دەرەکی ڕاڤە بکەن و بەو شێوەیە لە هۆکارە نێوخۆیییەکان خۆ ببوێرن. لەو و دانوستان و وتووێژانەدا کە لەنێوان نوێنەرانی کورد و باقرۆڤ، سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجاندا ئەنجام دران باس لە دامەزراندنی کۆمارێکی کوردی نەکراوە، ئەوان دەیانویست کوردستانیش بکەوێتە سەر ئازەربایجان و ڕاستیی دابەشبوونی ئیداری لە ئێراندا قەبووڵ بکەن، لەو بەڵێنانەشدا کە لەو دوو دیدارەدا بە کوردەکانیان دابوو، زۆربەی هەرە زۆریان جێبەجێ نەکرد. بەڵام نابێت لەبیریشمان بچێ کە لەو سەردەمەدا مۆدێلی سۆڤییەتی نموونەیەکی بەرچاو و باڵای سیاسەت و ئیدارەکردن و بەڕێوەبردن بوو لەلای سەرانی کۆماری کوردستان و کاریگەریی ئەو ڕوانگەیە بە لێدواندەرانی سیاسی کۆمارەوە دیارە. بەڵێن و وادەکانی سۆڤییەت وای کرد کە ڕووداوەکان زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بڕۆنە پێشەوە، بەڵام دەبێ لە بەستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا بە دوای هۆکارەکانی ڕووخانی کۆماری کوردستاندا بگەڕێین، نەک تەنیا لە پەیوەندیی لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤییەتدا.   لەسەر کۆماری کوردستان دوو بۆچوون لە ئارادایە، بۆچوونێک دەوترێ کۆماری کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە و بۆچوونێکیش دەوترێ دەوڵەتێکی خودمۆختار بووە، ئێوە پێتان وایە دەوڵەتی کۆماری کوردستان چ جۆرە کیانیک بووە؟ ئەگەر سەیری نووسراوە فەرمییەکانی حیزبی دێموکرات کە دامەزرێنەری کۆماری کوردستانیشە بکەین، لەوێدا باس لە مافی چارەی خۆنووسین لە فۆرمی ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆمیدا کراوە، ئەوەی کە کوردەکان خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن و زمانی کوردی زمانی فەرمی بێ و کۆمەڵێک خاڵی دیکەش کە بە تەواوەتی ئاماژە بە مانەوە لە چوارچێوەی ئێراندا دەکا و بە ڕوونییش ئەو هۆشیارییە سیاسییە لە ئاست مێژوو و چارەنووسی هاوبەشی گەلی کورددا هەست پێ دەکرێت، بەڵام  ئەو بۆشاییی دەسەڵاتەی کە لە کوردستاندا هەبوو وای کرد کە کۆماری کوردستان لە کردەوەدا وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەڵسوکەوتی دەکرد، کۆماری کوردستان ئەرتەش و ئاڵا و سروودی نەتەوەییی خۆی هەبوو، مامەڵە ئابوورییەکانی ڕاستەوخۆ لەگەل سۆڤییەتدا ئەنجام دەدا. هەر وەکوو پێشتریش ئاماژەم پێ دا لە وێژمانی سیاسیی ئەو کاتدا هێنانەبەرباسی پرسی سەربەخۆیی کارێکی ئاسایی بووە و هەر لەوسەردەمەشدا پێناسەیەکی نوێ لە شوناسی کوردی کرا و ئەو پێناسە نوێیە شوناسی کوردیی جیا کردەوە لەو شوناسە ئێرانییەی کە ڕەزاشا تەمەن و وزەیەکی زۆری بۆی تەرخان کردبوو. ئەو تێگەیشتنە لە شوناسی کوردی ئاستی ڕەگەزە ئێتنیکییەکان دەبەزێنێ و کوردبوون لە چوارچێوەیەکی بەربڵاوتری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداریدا پێناسە دەکا، پێم وایە ویستی ئۆتۆنۆمیخوازیی کۆماری کوردستان لەو سەردەمەدا کاریگەریی باشی لەسەر دیاریکردن و پێناسەکردنی شوناسی کوردی هەبووە لە ئاست شوناسی بە زۆر داتاشراوی ئێرانیدا.   ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان تاکوو چەند بوونەتە سەرباشقە بۆ گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا؟ کۆماری کوردستان بەو تەمەنە کورتەی خۆیەوە بایەخێکی سێمبۆلیی مێژوویی و سیاسی هەیە. بۆ یەکەمجار دامەزراندنی دەوڵەتێک بە ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و سوپایەکی سەربەخۆ ڕووداوێکی دەگمەنە، کۆماری کوردستان بەرهەمی پێگەیشتوویی وشیاریی سیاسی بوو، بەرهەمی پێگەیشتنی هەستی نەتەوەیی و شوناسی کوردی بوو، هەربۆیەش بۆ یەکەمجار سەرکردە و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان سەرۆک عەشیرەت، شێخ یان ئاغایەکی خاوەن موڵک نەبوو، چینی خاوەن موڵکەکان هەر لە سەرەتاوە هەستیان بە مەترسییەکانی ئەو دیسکۆرسە سیاسییە مۆدێڕنە کرد، لەگەڵ ئەوەدا سەرەتا کەم و زۆر پشتیوانییان لە کۆمار کرد بەڵام پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ناوەند نەپچڕاند و لە دواییدا پشتیان لە کۆماری کوردستان کرد. کۆمار لە ڕووبەڕووبوونەوە و بێ بنەما پێشاندانی کۆنسپێتی دەوڵەت ــ نەتەوەی پەهلەویدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی گێڕا، ئەو دەوڵەتە بەناو مۆدێڕنەی کە ڕەزاشا دەیویست بە ئاگر و ئاسن بنیادی بنێ، لە ئاست دیسکۆرسی ناسیۆنالیستی و وشیاریی سیاسیی سەرانی کۆماری کوردستاندا دەستەوەستان بوو. گواستنەوەی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی لە دژکردەوەی چەکداریی عەشیرەیی و لۆکاڵییەوە بۆ دیسکۆرسێکی گشتگیریی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دامەزراوەی دێموکراتیکی مەدەنیدا هەم خاڵی وەرچەرخانە و هەمیش دەسکەوتێکی سێمبۆلیکی مێژوووییە، لە کۆماردا هاودەنگی و هاوکاری و بەشداریی کۆڕوکۆمەڵە جیاوازەکانی کوردستان و کوردانی پارچەکانی دیکە ڕەنگ‌وڕووی یۆتۆپیایەکی بەو کۆمارە بەخشیبوو کە تەنانەت ئەو بێگانانەی کە لەو سەردەمەشدا سەردانی کۆماری کوردستانیان کردووە سەریان لەو کەشوهەوا سیاسییە ئازاد و ئارامە سوڕ ماوە. دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی لاوان و بایەخدان بە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی ئەو کاتدا کردەوەیەکی ڕادیکاڵ و بوێرانە بوو.   کاک سۆرانی بەڕێز، سپاس کە کاتتان بۆ ئەم دیمانەیە تەرخان کرد سپاس بۆ ئێوەش کە ئەم دەرفەتەتان ڕەخساند تاکوو لە یادی ٧٦ ساڵەی کۆماری دێموکراتیکی کوردستاندا باسێک لەسەر کۆمار بکەین.