کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی حیزبی دێموکراتی بە ئامانج گرتووە

19:18 - 17 رێبەندان 2721

خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی سیاسی-تەشکیلاتیدا تیشکی خستە سەر دەرفەت و مەترسییەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران. بەڕێزیان یەکڕیزی و یەکگرتنی هێزە سەرەکییەکانی مەیدانی خەباتی سیاسیی کوردی بە زامنی دەستەبەری مافە نەتەوایەتییەکان و دەسکەوتی پتر بۆ بزووتنەوەی کورد زانی. لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی، یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان بە بەشداریی سەدان کادری حیزب پێک‌هاتبوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمەڵێک پرس و بابەتی ڕۆژەڤی سیاسیی ئێران و کوردستانی هێنایە بەر باس و سیاسەت و خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو باسانەدا شی کردەوە. بەڕێزیان بە بایەخەوە ئاوڕی لە جموجۆڵە سیاسی و مەدەنی و جەماوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایەوە و پرسی شوناس‌خوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە فەلسەفەی وجوودی و میراتی فکریی حیزبی دێموکرات، پێشەوا قازی محەممەد و کۆماری کوردستان گرێ دایەوە. پێگەی حیزبی دێموکرات لە هاوکێشە سیاسی و مەدەنییەکانی بزووتنەوەی کورد و پشتگیریی هەمەلایەنەی خەڵک لە حیزبی دێموکرات لە هەموو بەستێنەکان تەوەرێکی دیکەی باسە سیاسییەکەی کاک خالید عەزیزی بوو. بەڕێزیان لەو بەشە لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو ماوەی تەمەنیدا حیزبی دێموکرات و سیاسەتەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتوە و بە لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان، سەپاندنی شەڕ، تێرۆری ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و گرتن و ئێعدامکردنی ئەندامانی ئەم حیزبە هەوڵی بەچۆکداهێنانی جووڵانەوەی کوردی بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی داوە. ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەی دواییشدا بە تێرۆری شەوی یەلدا، مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات و تێرۆری ئەندامانی ڕێبەری و کادرە دیارەکانی حیزب هەر درێژەی بووە، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان پشت‌قایم بە خەڵکی کوردستان لە مەیداندا ماوەتەوە و خاوەندارەتیی لە پرسی شوناسخوازیی کورد لە ئێران کردوە. خاڵێکی دیکەی باسەکەی سکرتێری گشتیی حیزب پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بوو. بەڕێزیان وێڕای پێداگری لەسەر سیاسەت و هەڵوێست و ڕێوشوێنە دروست و ئوسولییەکانی حیزبی دێموکرات بەبایەخەوە باسی لە قۆناغەکانی تا ئێستای دانوستانەکان کرد و پێی لەسەر بەردەوامیی ئەم سیاسەتە تا وەسەریەک‌کەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات داگرتەوە. سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشی کۆتایی باسەکەیدا کۆمەڵە پرس و بابەتێکی دەروون‌تەشکیلاتیی حیزبی لەگەڵ کادرەکانی حیزب هێنایە بەر باس و لەو پێوندییەدا ڕا و سەرنجی بەشدارانی کۆبوونەوەکە وەرگیرا.