کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان

13:22 - 22 رێبەندان 2721

هاونیشتمانیانی خۆشەویست! گەلانی ئازادیخوازی ئێران! ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ چل و سێ ساڵی تەواو بە سەر شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێراندا تێدەپەڕێ، شۆڕشێک کە بە هیوا و تێچوویەکی زۆر بە سەر ڕێژیمی پاشایەتیدا سەرکەوت، بەڵام بەداخەوە هەر زوو لە لایەن خومەینی و دەست‌وپێوەندەکانییەوە دەستی بەسەردا گیرا و بەلاڕێدا برا. خومەینی و تازە بەدەسەڵات گەیشتووەکانی ئێران لە سەرەتاوە وێڕای نکۆڵی لە بوونی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و مافەکانیان هەر زوو پشتیان لەو قەول و بەڵێنانە سەبارەت بەو ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە کرد کە بە خەڵکی ئێرانیان دابوو و دەستبەجێ دەستیان کرد بە گرتن و کوشتن و ڕاوەدوونانی جیابیران و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە. پاش ماوەیەکی کورت لە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاویدا ڕێفراندۆمێکیان بەڕێوە برد کە لە ڕاستیدا بێ ماناترین ڕێفراندۆمی مێژوویە، لەودا خەڵک جگە لە کۆماری ئیسلامی هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لە بەردەستدا نەبوو، دەبوو بیانوتایە؛ کۆماری ئیسلامی ئەرێ یا نە. لە ڕاستیدا ئاکامی ئەو ڕێفراندۆمە بوو بە هۆی داسەپاندنی ڕێژیمێکی پاوانخواز و توندڕەو کە ئاکامەکەی وێران بوونی ئێران و لەبەین‌چوونی هەموو بایەخە مرۆییەکان و لە کۆتاییدا ئەوەی کە ئێستا دەیبینین، وڵاتێکی داڕووخاوە لە هەموو ڕوویەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کە بڕستی لە خەڵکی ئێران بڕیوە. ئێستا دوای چل و سێ ساڵ لەو شۆڕشە خوێناوییە کە تێچووەکەی خەڵکی ئێران دایان، دەسکەوتەکەی بووە بە گرانی و هەژاری و نەداری و قات و قڕی و دەیان و سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی و لە کۆتاییشدا داخرانی هەر چەشنە فەزایەکی سیاسی. بیری تەسکی ئیدئۆلۆژیکی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وای لە ئێران کردووە کە بەپێی ستانداردەکانی جیهانی خەلكی ئێران لە ڕیزی بێ هیواترین خەڵکی جیهان‌دان. دەستێوەردانی ڕێژیم لە ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتانی دەوروبەر کە سەرچاوەکەی لە بیری ناردنەدەرەوەی شۆڕش لە لایەن خومەینییەوە بوو، وای کردوە کە ڕۆژانە سەدان کەس لە ئاکامی ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە وڵاتانی عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن لەبەین بچن. هەروەها مانگانە و ساڵانە بە میلیۆنان دۆلار لە داهاتی وڵات لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ گرووپە توندڕەو و تیرۆریستەکانی جیهان بەڕێ دەکرێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بۆ وێنە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ویروسی کرۆناوە بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ئەوەی کە بە لای کۆماری ئیسلامییەوە گرینگ نەبوو گیانی خەڵک بوو، بە جۆرێک کە خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم هاوردنی هەرچەشنە واکسێنێکی بۆ ئێران قەدەغە ڕاگەیاند. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کە خەڵکی وەزاڵەهاتوو هەر جارە و بە بیانوویەک ناڕەزایەتییان دەبڕیوە بە توندترین شێوە سەرکوت کراون و لە دوایین نموونەشدا خۆپیشاندانەکانی ٩٨ بوو کە بەپێی ئامارە دزەپێکراوەکانی خودی ڕێژیم زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە ماوەی سێ ڕۆژدا کوژران. ڕووداوێک کە هەر ئێستا دادگایییەکی سەمبۆلیکی بەو ناوە لە لەندەن بۆ پێک هێناوە کە لە دوایین بڕیاریدا زۆربەی هەرە زۆری بەرپرسانی سەرووی ڕێژیم لە خامنەییەوە بگرە تا کەسانی خوارتر بە تاوانباری دژە مرۆیی ناساندووە و کاری لە سەر دەکرێ. لە کوردستان دەکرێ بڵێین جینایەتەکانی ڕێژیم هەر لە سەرەتاوە چەند قات بووە، تا ئەو جێگایەی کە چل و دوو ساڵە کار بە فتوا بەدناوەکەی خومەینی سەبارەت بە هێرش بۆ سەر کوردستان دەکرێ و چل و دوو ساڵە بە کردەوە کوردستان بووەتە پادگانێکی ئەمنیەتی و ڕۆژ نییە کە لە هەموو شارەکانی کوردستان کەسانێک بە تاوانی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان نەکرێن. تێرۆری ڕێبەران و تێکۆشەرانی سیاسیی کورد چەند قاتی شوێنەکانی دیکەی ئێرانە و قەیرانە ئابوورییەکانیش هەروەتر. بەڵام خەڵکی کوردستان هەر لە سەرەتاوە بە بایکۆتی ڕێفراندۆمە بێ ماناکە، کوردستانی کردووەتە قەڵایەکی پتەو و هەتا ئێستاش سەرەڕای هەموو پیلان و سەرکوت و ڕەشبگیری و تێرۆر و کوشتنی بە کۆمەڵ و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی، سەری لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمە نەچەماندووە و لە خەباتی خۆی بۆ وەدەست هێنانی مافەکانی بەردەوام بووە و هەیە. ئێستا و دوای چل و سێ ساڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو کات چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی نێوخۆیی تووشی شکستی سیاسی بووە و قەیرانەکانی وڵات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر قووڵتر دەبنەوە. لەم پێناوەدا خەڵکی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر ماهییەتی دژەمرۆیی ڕێژیمیان بۆ دەرکەوتووە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن. لەو نێوەدا ئەوەی کە زیاتر لە باقی شوێنەکانی ئێران لە مەیداندا ماوەتەوە و خەباتی بە دژی کۆماری ئیسلامی درێژە پێداوە خەڵکی کوردستان و حیزبە تێکۆشەرکانی بوون. ئەوان سەرەڕای هەموو سەختییەکی تاقەتپڕووکێن لەو چل و سێ ساڵەدا، هیچکات ڕێژیم نەیتوانی لە خەڵکی خۆیانی داببڕێ و مەیدانی خەباتیان بە جێ نەهێشت. ئێستاش دوای ئەو هەموو ساڵە بە هەنگاوی قایمترەوە درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن و هەوڵەکان بۆ یەکگرتوویی زیاتری حیزبەکان و یەکگرتوویی نێوان خەڵک و حیزبەکان هیوای دواڕۆژێکی ڕوون و هیوا بەخش بە کۆمەڵگە دەدا. خەڵکی خۆشەویستی کوردستان! حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری بەڵێنتان لە گەڵ نوێ دەکەنەوە کە بە گوڕتر و قورس و قایمتر لە جاران لە خەباتی خۆیان بەردەوام بن و بەو هیوایە کە ئێوەی تێکۆشەر و بەهەڵوێستیش هەروا لە خەبات و پشتگیری حیزبەکان بەردەوام بن. بەهیوای گەییشتن بە مافەکانی نەتەوەکەمان و نەمانی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ئێران. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی