کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ڕۆڵ و قورسایی کورد لە ئێرانی داهاتوو لە گرەوی یەکگرتووییمان‌دایە

13:44 - 23 رێبەندان 2721

لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی ئەندامانی حیزبدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئاوڕدانەوە لە کارنامەی ٤٣ ساڵەی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەردەوامبوونی خەباتی خەڵکی کوردستان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانیان و، به ئاماژەدان به پەیام و سیاسەتە ئاشتیخوازانەکانی حیزبی دێموکرات و بەرەنگاریی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرانبەر بە سیاسەتی هێرش و سەرکوت، یەکگرتوویی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و دێموکراتەکانی بە زامنی سەنگ و قورسایی کورد لە هاوکێشەکانی داهاتووی ئێران زانی. دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٢٢ی ڕێبەندان کۆبوونەوەیەکی بەرینی تەشکیلاتی بۆ ئەندامانی حیزب، لە شاری هەولێری پایتەختی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد، بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان قسەی بۆ بەشداران کرد. کاک خالید عەزیزی سەرەتای قسەکانی بە ئاوڕدانەوەیەک لە شۆڕشی ١٣٥٧ و کارنامەی پڕ لە سەرکوت و قەیرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێ کرد. باسکردن لە ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بەڕێوەبەریی وڵات و بە دامەزراوەیی‌کردنی ئیدارەی بەڕێوەبەریی لە کوردستان، گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک و وەدەستهێنانی زۆربەی زۆری دەنگەکانی خەڵکی کوردستان لە لایەن بەربژێرانی حیزبی دێموکرات و پەیامی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموکرات، ماهییەتی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات‌گەیشتوو لە تاران لەسەر ئەساسی هێرش و سەرکوت و حاشالێکردن، بەرەنگاریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە ڕێژیم و، قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تەوەری یەکەم بەشی باسەکانی بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بوون. بەڕێز عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا پەڕژایە سەر دۆخی خەبات لە ئێستای ئێران و کوردستاندا و بە ئاماژەدان بە هەلومەرجی پڕ لە قەیرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بێ‌توانایی ئەم ڕێژیمە لە چارەسەرکردنیان و لەدەستدانی مەشرووعیەت، باسی لە بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانیان کرد و، وێڕای بە نموونە هێنانەوەی خەباتی شوناسخوازانەی خەڵک لە بەستێنە جۆراوجۆرەکان‌‌دا، بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی، زیندوو و هیوابەخش ناودێر کرد. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە درێژەی ئەم بەشە لە قسەکانیدا و بە باسکردن لە داهاتووی ئێران و ڕۆڵ و قورسایی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکاندا، گوتی؛ لە ئێرانی داهاتوودا کەس ناتوانێ کورد و حیزبی دێموکرات نادیدە بگرێ. درووست‌کردنەوەی ئێرانی داهاتوو بە بەبێ ‌بەشداریی کورد و حیزبی دێموکرات بە دڵخوازی هیچ لایەک نابێت، بۆیە لەم سۆنگەیەوە لە سەرمانە بیر لە بەهێزکردنی خۆمان بکەینەوە. کاک خالید عەزیزی لەم پێوەندییەدا وێڕای بە گرینگ زانینی خەباتی خەڵک لە نێوخۆی وڵات کە بە مەیدانی سەرەکیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دێتە ئەژمار و، هەروەها ئاماژەدان بە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتوودا؛ لە لایەک جەختی لەسەر بەهێزکردنی جموجۆڵی شوناسخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد و لە لایەکی دیکەوە پێداگریی لە سەر زەروورەتی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کردەوە. بەڕێزیان لەم پێوەندییەدا گوتی: ئەو خەبات و تێکۆشانەی ئەمڕۆ لە نێو شارو ناوچەکانی کوردستان لە ئارادایە، ماهییەتێکی جەماوەری و شوناسخوازانەی هەیە و جێی شانازی و ئیفتخاری هەموومانە و پێویستە بەهێزی بکەین و بەتەواوەتی پشتیوانیی لێ بکەین. هەر لەم سۆنگەیەوە کە بیر لە داهاتووی ئێران و ڕۆڵی خۆمان وەک کورد و حیزبی دێموکرات دەکەینەوە، زەروورەتێک زیاتر لە هەمیشە هەستی پێ دەکرێ کە ئەویش یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و درووست‌کردنەوەی دێموکراتێکی یەکگرتووی بەهێزە. بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب لە شاری هەولێر، لە پێوەندی لەگەڵ کتێبەکەی بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان‌دا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. سەرەتا بەڕێزیان بە ئاماژەدان بە پێوەندیی نێوان بزووتنەوەی کورد لە دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتیی و هاوپێوەندیی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و بارزانییەکان کە بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە، کورتەیەک لە ڕەوتی پێوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و پارتی دێموکراتی کە قۆناغی جیاوازی بەخۆیەوە بینیەوە، هێنایە بەرباس. کاک خالید عەزیزی لە پێوەندی لە گەڵ ئەو بەشە لە کتێبەکەی بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی‌دا کە تایبەتە بە پێوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و پارتی دێموکرات، گوتی؛ هەر لایەنێک مافی سروشتیی خۆیەتی کە چۆن مێژوو و ڕابردووی خۆی دەنووسێتەوە و تۆماری دەکا؛ لە ڕابردوودا بەشی زۆری ڕابردووی هەردوو حیزب نووسراوەتەوە و باسی لە سەر کراوە. پێوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و پارتی لە گەڵ ئەوەیکە هەوراز و نشێوی تێدایە، لە زۆر قۆناغ‌ و بە تایبەت لەم چەند دەیەی دواییدا لە سەر ئەساسی دۆستایەتی و هاوکاری بووە. بە گشتیی هاوپێوەندیی سیاسی و نەتەوەیی نێوان خەڵکی ئەم دوو بەشە لە کوردستان کە مێژوویەکی پڕ هاوسۆزی، فیداکاری و هاوکاریی هەیە، بۆ حیزبی ئێمە جێی شانازییە و دڵنیاین کە هاوپێوەندیی نێوان خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان تا دێ قوڵ و بەرین دەبێتەوە. ئێستا کە کاک مەسعوود لە بەشێک لە کتێبەکەیدا ئەم پێوەندییانەی بە جۆرێکی دیکە نووسیوەتەوە، ئێمە وەک دوو لایەنی دێموکرات لە ڕاگەیاندراوێکدا هەڵوێستی خۆمان باس کردوە و پەیامی سەرەکیمان ئەوەیە کە بڵێین کە دۆستایەتی و پێوەندیی نێوان حیزبی دێموکرات و پارتی دێموکرات و بەگشتی حیزبه کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان بۆ هەموو قۆناغێک زەروورییە وسەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتنی خۆمان دەزانین و لە هەمان کاتدا، ئێمە وەک تێکۆشەرانی دێموکرات بە مافی خۆمانی دەزانین دیفاع لە مێژووی حیزبەکەمان و کەسایەتییەکانمان بکەین. دوابەشی ئەم کۆبوونەوە سیاسی تەشکیلاتییە بۆ وەرگرتنی ڕا و سەرنج و وەڵامدانەوە بە پرسیاری بەشداران تەرخان کرابوو.