کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی زمان و ناسنامەپارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێش کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا

22:49 - 30 رێبەندان 2721

ئاماژە: پرسی زمان یەک لە پرسە هەستیار و هەرە زیندووەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەتایبەت کە ئەم بابەتە گرێدراوی پرسی سیاسەتی تاک‌زمانیی دەسەڵاتی ناوەندییە کە لە دوو ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە پڕۆسەی دەوڵەت-نەتەوەدا ڕەچاو کراوە. "کوردستان" بەبۆنەی ٢ی ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک وتووێژێکی لەگەڵ کاک قادر وریا، مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی کۆیە پێک‌هێناوە و کۆمەڵە بابەتێکی پێوەندیدار بەو مژارەی لەگەڵ بەڕێزیان هێناوەتە بەر باس. ئەم وتووێژە بە شێوەی زارەکی کراوە و دوایە دابەزێندراوە.   کاک قادر! بە سەرنجدان بەوەی‌ کە حکوومەتی ناوەندی لە سەردەمی پەهلەویی یەکەمەوە پڕۆژەی ئێرانی نوێی بۆ یەکدەست‌کردن و تواندنەوەی سەرجەم نەتەوەکان خستبووە بواری جێبەجێ‌کردنەوە، کۆمەڵگەی کوردستان لە سەرەتادا چۆن بەرهەڵستی ئەم سیاسەتە داسەپاوەی تاران بۆوە؟ لە ڕەشەمەی ١٢٩٩ ڕەزاشا هاتە سەر کار و کوودەتای کرد و تا لەسەر کار لابرانی کە دەبێتە ١٣٢٠، لە ماوەی ئەم زیاتر لە ٢٠ ساڵەدا، هەلومەرجی کوردستان و دۆخێک کە کورد تێیدا دەژیا لە ئێران ناخۆشترین هەلومەرج بوو، چونکە ڕەزاشا دەیویست هەرچەشنە بەرهەڵستێک هەیە تێکی بشکێنێ. بۆیە لەگەڵ بزووتنەوەی سمکۆی شکاک و لەگەڵ هێندێک بزووتنەوە و بەرگری کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا هەبوو، بۆ وێنە لە خوارووی کوردستان وەک بزووتنەوەی مەحموودخانی کانی سانان یا مەحموودخانی دزڵی، جافر سوڵتان، هەروەها لە سەردەشت مەلا خەلیل، جۆرێک بەرگریی هەبوو کە بەشێکی ڕاوەستان بوو لە بەرانبەر ئەو زۆردارییەی کە دەیانویست جلوبەرگ بە خەڵک بگۆڕن، بە زۆری زمانی فارسییان بەسەردا بسەپێنن و ڕەزاشا دەیویست چەک لە عەشایرەکان بستێنێتەوە و هەرچەشنە بەرگرییەکی چەکدارانە یان بڵێین بەرهەڵستێکی چەکدارانە نەهێڵێ. بۆیە هەم بەرگریی چەکدارانە بەرانبەر بە ڕەزاشا و هێزە چەکدارەکانی هەبوو هەم هەوڵ و بەرگریی شوناسخوازانە هەبوو. دەزانین سمکۆی شکاک بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەربەرەکانێی هەبوو بەرانبەر بە دەوڵەتی ناوەندی و لەگەڵ ئەوەی هەوراز و نشێو هەبوو لە ماوەی بەردەوامی بزووتنەوەکەیدا- سەرکەوتن، شکست، پاشەکشە و تەنانەت ماوەیەک خۆئەمن‌کردنەوە هەبووە و دواتر تێهەڵچووەتەوە- یەکێک لەو حەرەکەتانەی کوردی بووە کە داوای مافە نەتەوایەتییەکانی کردوە. جاری وایە باسی لە خودموختاری کردوە، باسی لە سەربەخۆیی کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو هەوڵانەی کە جێگای ئاماژەپێکردنە، لە ساڵی ١٩١٣ لە باری کولتوورییەوە چەند هەوڵێک دەبینین کە بۆ وێنە لە شاری "خۆی"، سمکۆ بە هاوکاریی عەبدولڕەزاق بەدرخان کە "کۆمەڵەی جیهاندانی"ی هەبوو، قوتابخانەی کوردییان دامەزراند کە ئەمە یەکەم‌جار بوو قوتابخانەی کوردی لەم ناوچەیە دەکرایەوە. هەروەها خودی سمکۆ ڕۆژنامەیەکی دەرکرد بە ناوی "کورد" کە بەداخەوە سێ ژمارەی زیاتر لێ دەرنەچوو. دیارە ئەو هەوڵانە هەن، بەڵام زەبروزەنگ بە ڕادەیەک بوو کە زۆربەی ئەو کەسایەتییانەی لە ناو کورددا داوای مافەکانی کوردیان دەکرد، بە جۆریک بەربەرەکانییان هەبوو بەرانبەر بە دەوڵەتی ناوەندی، کەوتبوونە زیندان، دوور خرابوونەوە و لە وەزعییەتێکی ئاوادا دەژیان. بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە ئەمجۆرە بەربەرەکانێیانە هەبوو دەکرێ بڵێم ئەو چەند ساڵەی کە ڕەزاشا لەسەر کار بوو سەردەمی خەفەقان بوو، سەردەمی زەبروزەنگ بوو و سەردەمی ئەوپەڕی ناخۆشی و تاڵی  بۆ کورد بوو.   کە واتا دەکرێ بڵێین دامەزرانی کۆماری کوردستان پەرچەکردارێکی شوناسخوازانە بووە بەرامبەر بە سیاسەتی سیستماتیکی تواندنەوەی نەتەوەی کورد، ئەو مۆدێلەی دەوڵەت-نەتەوە ناکرێ وەک ئایدیۆلۆژی یان فۆرمێک لە سیاسەت پێناسە بکەین و زیاتر ڕیشەی لە کولتوور و فەرهەنگ‌دایە. ڕەسمیەتدان و پەرەپێدان بە زمان و ئەدەبی کوردی چۆن بوو بە بنچینەی کۆمار و دەوڵەت-نەتەوە؟ ئەوە کە بڵێین پێکهاتنی کۆماری کوردستان پەرچەکردارێک بوو بەرانبەر بەو زەبروزەنگ و سەرکوت و هەوڵی تواندنەوە و لەنێوبردنی شوناسی کوردی، ڕاستە. چونکە لە ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات، ئەو هەشت ئامانجەی کە حیزبی دێموکرات لە کاتی دامەزرانیدا گەڵاڵەی کردبوون، ئەوەی تێدایە کە کورد دەیهەوێ بۆ خۆی ناوچەی خۆی بەڕێوە بەرێ، دەیهەوێ چارەنووسی خۆی لە کوردستانی ئێران بە دەست خۆی بێت و مەسەلەیەکی دیکە یانی دووهەم ئامانج کە حیزبی دێموکرات لە دامەزرانیدا ئاماژەی پێ دەکا و کۆماری کوردستانیش ئەمەی لە کاروباری خۆیدا و لە سیاسەتەکانی خۆیدا ڕایی کرد، ئەوە بوو کە زمانی کوردی بە ڕەسمی بناسرێ، ببێتە زمانی خوێندن، ببێتە زمانی ئیداری لە ناوچەکانی کوردستان و تاکی کورد و خەڵکی کورد هەست بە ئازادی بکا و مافەکانی دابین بێ. بە گشتی ئەوە تەواو ڕاستە کە کۆماری کوردستان داواکاری مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد بوو و دەیهەویست ئەم ڕابردووە کە پڕ بووە لە سەرکوت و سڕینەوە، کۆتایی پێ بێ و  هەلومەرجێکی نوێ بۆ کورد بێنێتە کایەوە کە بۆ خۆی بەسەر چارەنووسی خۆیدا زاڵ بێ. بەڵام چۆن بوو زمان ئەم گرینگییەی پێدرا لە کۆماری کوردستاندا؟ زمان فاکتەرێکی گرینگە لە ناساندنی نەتەوەیەک و جیاکردنەوەی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی دیکە. بەتایبەتی ئەو نەتەوانەی کە لە ئێران و لەو ناوچانە بەیەکەوە دەژین. چونکە ئێمە و نەتەوەکانی دەوروبەری ئێمە لە ڕووی ئایینەوە جیاوازییەکی ئایینی گەورەمان نییە. ئەو نەتەوانە بە زۆری ئایینی ئیسلامیان هەیە، لە ڕووی ڕەنگی پێست و شێوازی دەموچاو زۆر جیاواز نین، لە ڕاستیدا ئەوە زمانە کە ئێمە لە یەکتر جیا دەکاتەوە و ئەگەر کوردیش توانیویەتی هەست بە بوونی خۆی بکا و خۆی وەک نەتەوەیەک ببینێ، هی ئەوەیە کە زمانەکەی خۆی پاراستووە. ئەگەر کوردیش زمانەکەی نەپاراستبایە و وەکوو زۆر نەتەوەی دیکە کە تواونەوە و زمانی نەتەوەیەکی دیکەیان وەرگرتوە و ئێستا خۆیان بە نەتەوەیەکی دیکە دەزانن، ئێمەش ئاوامان لێ دەهات. بۆیە بە ئاگاداری لەو لایەنە گرنگەی زمان کە دەتوانێ ناسنامەی نەتەوەیەک بێ و جیای بکاتەوە لەوانی دیکە، لە کۆماری کوردستاندا زۆر بایەخ درا بە زمان. پاشانیش چونکە ئەوەندە لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی ڕەزاشادا هەوڵ درابوو ئەم زمانە سەرکوت بکرێ، ئەوەندە خەڵک بە زۆر ناچار کرابوو بە زمانی فارسی قسە بکا، ئەوەندە کتێبی کوردی و گۆرانیی کوردی و ئەم جۆرە شتانە قەدەغە کرابوو، ئەمانە زمانەکەیان لەلای خەڵک خۆشەویستتر کردبوو. یانی شتێک کە دوژمن هەوڵ دەدا بە هەموو شێوەیەک لێت بستێنێتەوە، وای کردبوو کە لای خەڵک بایەخێکی زیاتر پەیدا بکا. بۆیە زۆر بە تامەزرۆییەوە بەرەو خزمەتکردنی زمانەکەیان و بایەخدان بە زمانەکەیان چوونە پێشێ.   ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەم چ بوون و لەلایەن چ کەسانێکەوە ئێدارە دەکران؟ دەکرێ بڵێم یەکێک لە ڕووە گەشەکانی کۆماری کوردستان گرینگید‌ان بە چاپەمەنیی کوردی، بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی بوو. بۆ یەکەم‌جار کوردستان، لە پێتەختی کۆمار کە مەهاباد بووە دەبێتە خاوەنی چاپخانەی کوردستان، دوایە لەو چاپخانەیە گۆڤاری "کوردستان" چاپ دەکرێ، ڕۆژنامەی "کوردستان" کە ١١٣ ژمارەی لە ماوەی تەمەنی کۆماردا لێ بڵاو بۆوە (ئەگەرچی دەکوترێ ١١٤ـ ژمارەی لێ بڵاو بووەتەوە بەڵام ئاخرین ژمارەی لەبەر هێرشی دەوڵەتی مەرکەزی کە ئەرتەش هاتووەتەوە و دەستی بەسەر مەهاباددا گرتووە، کەوتووەتە دەستیان و بڵاو نەبووەتەوە). بێجگە لە ڕۆژنامەی "کوردستان" و گۆڤاری "کوردستان"، گۆڤاری "هەڵاڵە" لە بۆکان دەردەچوو کە هی ڕێکخراوی بۆکان بووە و ئەویش گۆڤاری گشتی و شتی ئەدەبی و سیاسیی تێدا بڵاو بۆتەوە. هەروەها "هاواری نیشتمان" گۆڤاری یەکیەتیی لاوان بووە کە لەو سەردەمدا دەرچووە. گۆڤاری "گڕوگاڵی منداڵان" دەرچووە. ئەمە لە ماوەیەکی کەمدا یانی بۆ تەمەنی ١١ مانگەی کۆمار زۆرە کە توانیویەتی ئەوەندە گۆڤار و ڕۆژنامە بڵاو بکاتەوە. وەک ئێستاش نەبووە بڵێی ئیمکاناتی تایپ، ئیمکاناتی چاپ و بڵاوکردنەوە ئەوندە ئاسان بووە، ئەو وەختی ئەوانە زۆر بە زەحمەت بوون. لە بابەت ئەوە کە کێ تێیدا بەشدار بووە، دیارە کۆمەڵێک ناو هەن: سەید محەممەد حەمیدی یەکێک لەو کەسانەیە کە ڕۆڵی هەبووە لە بەرپرسایەتیی چاپخانە و ڕۆژنامەی "کوردستان"دا، زیندەیاد سەدیقی ئەنجیری‌ئازەر لەو کەسانە بووە کە بە تایبەتی لە "هاواری نیشتمان"دا نووسیویەتی و سەرپەرستیی کردوە. کەسانێکی وەکوو هێمن و هەژار کە ئەو وەختی جەوان بوون، بە شێعر بەشدار بوون. زۆر کەسی دیکە هەن بۆ نموونە محەممەد عەتری گڵۆڵانی کە دواتر بووە شاعیرێکی ناودار و لەم ساڵانەی دواییدا کۆچی دوایی کرد، لە سەردەمی کۆمار و لە چاپەمەنیی ئەو کاتدا شتی بڵاو کردۆتەوە. زۆر شاعیر و نووسەر هەن کە دوایە زۆربەیان بوون بە ناوی پڕشنگداری ئەدەبی کوردی، لە سەردەمی کۆماردا دەستیان پێ کردبوو و لە ڕێگای چاپەمەنیی سەردەمی کۆمارەوە هاتنە مەیدان. کە باس لەو کەسانە دەکەین با یادێک لە زیندەیاد محەممەد شاپەسەندی بکەمەوە کە لە کارگێڕانی چاپخانەی کوردستان بووە.   کاک قادر! ڕەنگە هەندێ کەس تێبینییان هەبێ لەسەر ڕێنووسی زمانی کوردی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان و بڵێن کە وشەی فارسی یان هەڵەی ئیملایی لە نووسینەکانی ئەو سەردەمدا دەبینرێ. جەنابت وەک شارەزایەکی زمان، ئەمە بۆچی دەگەڕێنیەوە و قسەت بۆ ئەو تیپە لە ڕەخنەگرانی زمان چییە؟ بە بڕوای من ئەگەر زۆر واقعبینانە سەیر بکەین، دەبینین ئەم ڕخنانە زۆر لە جێی خۆیاندا نین. وەختێک کە کۆماری کوردستان پێک هات و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی نووسینی کوردی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسین بە کوردی هەر سابقەی نەبوو، یانی مەجال بە کورد نەدرابوو کە بە زمانەکەی خۆی بنووسێ. چاپەمەنیی کوردی نەبوو و ئەمە ئەزموونێکی تازە بوو. پاشان ئەووەختی تەنیا لە باشووری کوردستان نزیکەی ٢٠ ساڵێک بوو کە کورد ئەو ئیجازەیەی هەبوو و بە جۆرێک دان بە کورددا نرابوو، کوردی نووسین و کوردی خوێندن و قوتابخانەی کوردی هەبوو. وەک ئێستاش نەبوو کە پێوەندیی فەرهەنگی لە ڕێگای سەتەلایت و ئەنتەرنێت و ڕادیۆ و ئەو  جۆرە پێوەندییە، زۆر و هاسان بێ. هەرچەند لە باشووری کوردستانەوە گۆڤاری "گەلاوێژ" و هێندێک بڵاوکراوەی دیکە دەگەیشت، بەڵام دەگەیشتە دەست ژمارەیەکی کەم و بە قاچاغی دەهات و بە سەرنجدان بەو واقعییەتانە بە بڕوای من ڕێنووسی کوردیی ئەو کات ئەگەر کەموکوڕییشی تێدا بووە یا وشەی فارسیی تێدا بووە؛ ئەمانە زۆر لە جێی خۆیان نین. یانی لە هەر جێگەیەک کە تازە دەست دەکرێ بە حەرەکەتێکی ئاوا گەورە، ئەو کەموکوڕییانە دەبن. پاشان ئەوە کە بگوترێ وشەی فارسیی تێدابوو، بە بروای من هیچ زمانێک نییە وشەی زمانێکی دیکەی تێدا نەبێ و وشەی بیگانەی تێدا نەبێ، ئەوە بە کێشە نازانم. بەتایبەتیش زۆر وشە هەن کە کەسانێک بەهەڵە پێیان وایە فارسیین. نا هی زمانی فارسی نیین بەڵكوو دەکرێ بڵێین وشەی کوردین و چوونەتە نێو زمانی فارسی. زمانی کوردی و زمانی فارسی لە یەک بنەماڵەن. دەکرێ لە چەند پشت ئەولاتر کە یەک زمان بوون یا یەک دایکەزمانیان هەبووە، ئەو وشانە لەوێوە هاتوونە نێو زمانی کوردی و فارسییش. بۆیە وشەی وا هەیە لە کوردیدا ماوە و لە فارسیدا نییە و بە پێچەوانەوە. بەڵام ڕۆژگارێک ئەم دووانە هێشتا نەبوون بە دوو زمانی سەربەخۆ، ئەم وشانەیان هەبووە. من ئەوە بە کێشە نازانم و لە ڕووی ڕێنووسیشەوە چونکە بەهەرحاڵ زمانی کوردی وەک زمانی فارسی و وەک زمانی عەرەبی بەو ئەلفوبێیەی کە پێی دەگوترێ ئارامی، زمانی کوردیش بەوە نووسراوە. تازە زمانی کوردی لە ماوەی ٧٥ یا ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی ڕێنووسەوە یا لە ڕووی ئەلفوبێوە توانیویەتی زۆر گۆڕان بەسەر خۆیدا بێنێ کە دەکرێ بڵێم ئەو ئەلفوبێیە و ئەو ڕێنووسە کە ئێستا کورد پێی دەنووسێ، کەم‌وکوڕیی زۆریان تێدا نەماوە، توانیویانە لەگەڵ زمانەکەدا خۆیان بگونجێنن. واتە دەتوانین بڵێین ڕێنووس و ئەلفوبێیەکی سەرکەوتوومان هەیە کە دەتوانن وەڵامدەری نیازی زمانەکەمان بن.   کە واتا گەشەکردن یەکێک لە هۆکارەکانی زیندوویی زمانی نەتەوەکانە و زمانی کوردی لە ڕەوتی مێژوودا ئاڵوگۆڕ و گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش دەرفەتە بۆ زیندووبوونی زمانی کوردی، بەڵام لێرەدا پرسێکی دی دێتە ئاراوە، ئەویش زمانی یەکگرتوویە، لە هەلومەرجێکدا کە زمانی کوردی زاراوە و بنەزاری جیاوازی لێ دەبنەوە، ئەم فرەییە چۆن دەرفەت دەدا بە یەکدەستی و یەکگرتوویی زمان؟ ئەم پرسیارە زۆر لکی لێ دەبنەوە کە بڕێک لەسەر ڕاوەستانیان دەوێ. لەپێشدا کە باس لە گەشەی زمانی کوردی دەکەین، هەرکات کورد لە هەر شوێنێک دەسەڵاتی بەدەست خۆی بووە، زمانی کوردی زۆر گەشەی کردوە. چونکە توانیویەتی چاپەمەنی هەبێ، ڕادیۆ و کتێبی هەبێ، ببێتە زمانی دەسەڵات، ببێتە زمانی قانوون و بەڕێوەبەری و ئەمانە یارمەتییان کردووە بە گەشە کردنی زمانی کوردی، کۆماری کوردستانیش بە نۆبەی خۆی بوو بە هۆی گەشەکردنی زمانی کوردی، بە جۆرێک کە زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و بازرگانی و ئیداری. بەڵام ئەو بەشەی دیکە کە دەڵێن زمانی کوردی لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا گەشەی کردووە، بەڵام کێشەی بوونی زمانی یەکگرتوو، بوونی زاراوە و بن زاراوەی جۆراوجۆری هەیە، لە پێشدا ئێمە دەبی ئەمانە وەکوو شانسێک چاو لێبکەین کە زمانی کوردی دیالێکت و بن‌زاری جۆراوجۆری هەن، چونکە ئەمانە هەموویان سامانی زمانی کوردین. بۆ مەسەلەی زمانی یەکگرتووش بە بڕوای من ئێمە زمانی یەکگرتوومان هەیە. تەنانەت زمانی ئەدەبیی یەکگرتووشمان هەیە. ئەوەی کە ڕەنگە ئێستا وەکوو کێشەیەک سەیری بکرێ زمانی ستانداردە کە باش جێگیر نەبووە؛ ئەگینا زمانی ئەدەبیی یەکگرتوومان لە کۆماری کوردستان و پێش کۆماری کوردستانیشەوە  هەیە، واتە ئەو زمانەی لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان پێی دەنووسرێ، کەس نییە لێی تێ نەگا. ئەوەی کە ساڵانێکە قسەی لێ‌دەکرێ، پێویستیی بوونی زمانی ستانداردە. ئەو زمانەیە کە دەبێ لە هەر دەرفەتێکدا هەوڵی بۆ بدرێ. ئێمە ئێستا لە باشووری کوردستان دەسەڵاتێکی کوردیمان هەیە، دەسەڵات دەتوانێ لەم بارەیەوە هەنگاو بنێ، بەڵام هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم لەو پێوەندییەدا نەگەیشتووەتە ئەنجامێکی دڵخواز.   جاروبار ڕێژیمی ئێران پرسی ئازادیی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی لە مێدیاکانیدا دەورووژێنێ، بەڵام لەکرداردا کە بابەتی زمان گەیشتە سنووری شوناسخوازی و داواکردنی مافی نەتەوەیی، ئەوە هێڵی سوورە و دژکردەوەی توندی بەدوودا دێ، وەکوو ئەو دواییانە دیتمان خاتوو زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی  لەسەر گوتنەوەی وانەی کوردی ڕاپێچی بەندیخانە کرا، پرسی زمانی کوردی بۆچی بۆتە مۆتەکە لەسەر تاران؟ من پێم وانییە کۆماری ئیسلامی باسی لە ئازادیی خوێندن بە زمانی کوردی کردوە. ئەسڵێک هەیە لە قانوونی ئەساسیدا کە ئەو ئەسلەشیان تا ئێستا جێبەجێ نەکردوە، بەڵام جاروبار لەسەر ئەو ئەسلەیە مانۆڕ دەدەن؛ ئەسلێک کە باسی "قومیت"ەکانی ئێران و زمانەکانیان دەکا. لەنێو نەتەوە ژێردەستەکانیشدا کەسانێک زۆر جار بە پشت‌بەستن بەو ئەسڵەی قانوونی ئەساسی ویستەکانی خۆیان دەردەبڕن و داوای خوێندن بە زمانی دایک دەکەن. دیارە ئێستا دەسەڵاتدارانی وڵات دەڵێن لێتان تێک نەچێ! ئەو ئەسڵە ناڵێ خوێندن بەو زمانانە ئازادە، بەڵكوو دەڵێ خوێندنی ئەدەبیاتی ئەو زمانانە لە تەنیشت زمانی فارسییەوە ئازادە. یانی لە ڕاستیدا دەوڵەت و دەسەڵات ئەرکێکیان وەئەستۆی خۆیان نەگرتوە. حکوومەت لەو چوارچێوەیەشدا هێشتا هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە. بەڵام خەڵک بە تایبەتی لە کوردستان هەوڵیان داوە کە زمانەکەی خۆیان فێر بن و بیپارێزن. هەستیاریی دەوڵەتی ناوەندییش سەبارەت بەو بابەتە ئەوەیەکە خەڵک دەیانەوێ ئەم زمانەیان ببێتە زمانی خوێندن. مامۆستایانیک یان کەسانێکی چالاک لە مەیدان‌دان و دەڵێن زمانی ئێمە ناسنامەی ئێمەیە و بە هەستێکی نەتەوەییەوە داوای ئەم مافە دەکەن، کاربەدەستانی ڕێژیمیش تا دێ هەستیارییان لەسەر ئەم داوایە زیاتر دەبێ و سەرکوتی داواکەیان دەکەن. ئاماژەت بە مامۆستا زارا محەممەدی کرد کە بەداخەوە ئێستا لە بەندیخانەیە، تەنیا تاوانی ئەوەیە کە شێلگیر و پێداگر بووە کە خوێندن بە زمانی کوردی هەبێ و خەڵکی هان داوە بۆ بەرگری لە زمانەکەیان و پەرەپێدانی زمانەکەیان و، تەسلیمی هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ئەمنیەتی نەبووە. کەسێک بە شێوەی زۆر ئاشتیخوازانەش داوای مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی کردبێ و تەسلیم نەبووبێ، دەوڵەت زیاتر لێی بە ڕقدا دەچێ. خاتوو زارا محەممەدی یا موژگان کاوسی دوو نموونە لەو جۆرە کەسانەن. موژگان کاوسییش لەسەر هەوڵدان بۆ پاراستنی زمانی کوردی گیرا و چووە زیندان و،  دەسەڵات لێیان بە ڕقدا چووە.   کاک قادر! مەسەلەیەک هەیە کە دەگوترێ زمان لەنێو نەتەوەکاندا پێناسەیە و دواجار چەکە، مرۆڤەکان تەنها و تەنها لە ڕێگەی زمانەکەیانەوە دەناسرێنەوە و دەبن بە نەتەوە، ئایا ئێستا کورد ئەو چەکە بەهێزەی هەیە کە مان و مەوجودیەتی خۆی پێ بپارێزێ؟ یا مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە؟ بە خۆشییەوە زمانی کوردی لەگەڵ ئەوەی زۆر هەوڵی سڕینەوە و سەرکوتی دراوە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەر نییە. چونکە لە باشووری کوردستان کە دەسەڵاتی کوردی هەیە، زمان جێگە و پێگەی ڕەسمی و قانوونیی هەیە، لە ڕۆژهەڵاتیش بە هۆی خۆشەویستیی خەڵک بۆ زمان و ناسنامەی خۆیان و بەرگری لێکردنیان، لەوێش مەترسیی لەنێوچوونی لەسەر نییە، بەڵام مەترسیی دیکەی بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەوەی کە پرسیتان زمان چەکی ئێمەیە، بەڵێ بە دڵنیاییەوە. شتێک کە ئێمە لە نەتەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە زمانەکەمانە. ئێمە وەک کورد توانیومانە کاری ڕۆژنامەنووسی بە زمانەکەمان بکەین، لە باشووری کوردستان، کاروباری حکوومەتیی پێ بەڕێوە دەچێ، لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا لە ئاستەکانی سەرەتایی، ناوەندی و بەرزدا خوێندن بەو زمانە هەیە. زمانی کوردی لە بواری میدیایی، یاسایی، زانستی، بازرگانی وهتددا بەکار هێنراوە و توانایی خۆی سەلماندووە. ئەو زمانە تەنیا پاراستن و خزمەتکردنی زیاتری دەوێ. بەڵێ ڕاست وایە، زمانەکەمان چەکی ئێمەیە و دەبێ زیاتر خزمەتی بکەین. بەو خزمەتەش کە بە زمانەکەمانی دەکەین، دەتوانین مانەوەی خۆمان وەک نەتەوەیەک لە داهاتوودا دەستەبەر بکەین.   وەکوو دوا پرسیار چۆن دەکرێ زمانەکەمان باشتر بپارێزین؟ ئەم پرسیارە دەتوانێ بەرەوڕووی هەر تاکێک لە هەر بەشێکی کوردستانی بکەی، بەو پێیە کە تاکەکە هی کام بەشی کوردستان بێ، وڵامی جیاوازت پێ دەداتەوە، چونکە ئەرکەکانی دانیشتووانی هەر بەشێکی کوردستان لە ئاست زمانی کوردی، بەپێی بارودۆخی سیاسی و نەتەوەیی بەشەکەی خۆیان جیاوازە. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی کوردی هەیە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵاتێکی کوردی نییە. ئەمن پێم خۆشە چونکە باسی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، لەو ڕوانگەیەوە وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە و بڵێم وەکوو کەسێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەتوانین زمانەکەی خۆمان بپارێزین؟ پێش هەمو شتێک هەموو تاکێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵ بدا بە زمانەکەی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێ و زمانەکەی خۆی بزانێ. ئەگەر لە قوتابخانە ڕێگەی پێ نادرێ، دەبێ بتوانێ لە پەراوێزی قوتابخانەش فێری زمانەکەی خۆی بێ. ئەگەر شاعیرە، وەرگێڕە یا نووسەرە دەبێ بە زمانەکەی خۆی و وەربگێڕێ. ئەگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنووسێ با بە زمانی کوردی بنووسێ. ئێستاش زەحمەت نییە وەکوو پێشوو، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەن و ڕیگاکانی فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی ئاسانتر بووە. ئەرکێکی دیکە بۆ پاراستنی زمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە بنەماڵەکان هەوڵ بدەن لە ماڵەوە بە زمانی کوردی قسە بکەن و منداڵەکانیان هان بدەن کە گرینگی بە زمانی خۆیان بدەن. شتی دیکە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە ئەوەیە کە بە خۆشییەوە بزووتنەوەیەکی گەورە هەیە بۆ پاراستنی زمانی کوردی. کاتی خۆی کۆماری ئیسلامی ڕێگەی دا گۆڤاری "سروە" بڵاو بێتەوە و پێی وابوو ئەم گۆڤارە دەبێتە تریبوونێک بۆ پێداهەڵکوتنی حکوومەت یا خۆی تەرخان دەکا بۆ بابەتی ئەدەبی و فولکلۆری. بەڵام ئەو کەسانەی لە گۆڤارەکەدا کاریان دەکرد هاتن ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە بۆ فێرکردن و پەرەپێدانی زمانی کوردی. دوایە کە ڕێگەدرا ئەنجومەنە ئەدەبییەکان لە شارەکانی کوردستان پێک هاتن، بەو هۆیەوە کە خەڵک بە تایبەتی نووسەران، ئەدیبان و لاوەکان هۆگر و دڵسۆزی زمانەکەی خۆیان بوون، ئەم ئەنجومەنانەیان کرد بە شوێنێک بۆ  فێربوون و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبی  کوردی. ئەم بزوتنەوەیە بە خۆشییەوە هەر بەردەوام بووە و چووەتە ئەو قۆناغەوە کە خەڵکانێک خۆبەخشانە کۆر و کۆبوونەوە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی پێکدێنن، کچ و کوڕی ئەم وڵاتە  تێیدا بەشدار دەبن کە ئەمە پێشوازییە جێگای شانازییە. بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێ ئەم بزووتنەوەیە درێژە پەیدا بکا و ڕەهەندی دیکەش بگرێتە بەر. بۆ نموونە بەرە بەرە توێژینەوەی زانستی لەسەر زمانی کوردی و ئەدەب و مێژووی کورد، لە نێو نووسەران و ڕووناکبیران لە هەموو پارێزگەکانی ڕۆژهەڵات سەری هەڵداوە. کۆکردنەوە و تۆماری بەڵگە و ئاسەوارە مێژووییەکانیش بەشێکی دیکە لەو خزمەتەیە. ئەرکێکی دیکە کە لەوانە گرینگترە، ئەوەیە ئەو کەسانەی کە لەوێ خزمەت دەکەن و بەرەوڕووی تۆڵەستاندنەوەی ڕێژیم دەبنەوە، پێویستە خەڵک پشتیوانییان لێ بکا؛ بۆ ئەوەی ئەگەر بە ناحەق سزا دران، خەڵک بە دەنگیانەوە بێن و لە پشتیان ڕاوەستن و ڕێژیم نەتوانێ بە هاسانی سەرکوت و دەمکوتیان بکا. لە ڕاستیدا باشترین کار بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕێژیم دەیهەوێ خۆیان و ناسنامەی نەتەوەییان بتوێنێتەوە ئەوەیە زۆر بەتوندی بەرگری لە مانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن.   زۆر سپاس کاک قادر بۆ ئەم دەرفەتەی بە ئێمەت دا. سپاس بۆ ئێوەش.