کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. جەعفەر شێخولئیسلامی: زمان هەم دەتوانێ نەتەوەیەک پارچە پارچە بکا و هەم دەتوانێ بیکاتە یەک‌پارچە

22:53 - 30 رێبەندان 2721

ئاماژە: بەپێی ئەوەی کە بوون، هەست، هزر، تێفکرین، پێگەیشتن و تێگەیشتنی مرۆڤەکان بە زمانەوە گرێ دراوە و زمانی دایکیش کاریگەییەکی یەکجار زۆری لەسەر ڕەوتی پێشکەوتووی مرۆڤەکان هەیە، زمانی دایکی بە پێوەری سەرەکیی ڕەوڕەوەی گەشەی کەسایەتی و فەرهەنگی تاکەکانی کۆمەڵگە و هەروەها زمان بە شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێ. بەبۆنەی ٢١ی فێورییە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لەسەر زمان بەگشتی و زمانی دایکی و بەتایبەت ڕۆڵ و گرنگیی زمانی دایک، "کوردستان"، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز پـ. د. جەعغەر شێخولئیسلامی، پڕۆفێسۆری یاریدەدەر و مامۆستای زمانناسی و لێکۆڵینەوەی زمانی لە زانکۆی "کارلتن" لە کانادا و هەروەها زمانناس و لێکۆڵەری زمانەوانی، پێک هێناوە.   بەرێز پرۆفیسۆر شێخولئیسلامی، با سەرەتا بەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین؛ لە کاتێکدا گەلێک دیاردەی سەرکوتکردنی زمانەکان و کۆمەڵکوژیی ئاخێوەرانی زمانە جیاوازەکان لە جیهاندا هەبووە و هەنووکەش ئەو ڕەوتانە درێژەی هەیە، بۆچی ڕۆژی کوژرانی کۆمەڵێک خوێندکاری بێنگلادشی وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاری کراوە؟ بەر لە جووڵانەوەی کۆمەڵگەی زمانیی بەنگالی (بەنگلا بە زمانی خۆیان) لە پاکستان، ئێمە نەتەوەیەکی دیکەمان پێ شک نایە کە پاڵنەری سەرەکیی ڕاپەڕینەکەی زمان بووبێ و لە جووڵانەوە زمانییەکەشیدا و بۆ وەدەستهێنانی مافی دەستڕاگەیشتن بە زمانەکەی خۆیان لە پاکستان ئاوا سەرکەوتوو بووبێ.  ڕۆژی ٢١ی فێڤرییەی ١٩٥٢ی زایینی بەرانبەر بە ٢ی ڕەشەممەی ١٣٣٠ی هەتاوی، کۆمەڵگەی بەنگالی خۆپێشاندانێکی گەورەیان چێ کرد. پۆلیس تەقەی لێ‌کردن و چەند خوێندکاری زانکۆی "داکا" کوژران و زۆریش بریندار بوون.  ئەم هەوڵە و ئەوانی دوای ئەمەش بەفیڕۆ نەچوون و لە مانگی ٥ی ١٩٥٤ی زایینی، زمانی بەنگالی بوو بە یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی پاکستان و، لە ١٩٧١ی زایینیشەوە زمانی فەرمیی وڵاتی سەربەخۆی بەنگلادێشە. ساڵی ١٩٩٩ی زایینی، بەنگلادیشییەک بە ناوی "ڕەفیقولئیسلام"، کە لە کەنەدا دەژیا، پێشنیاری بە کۆنفرانسی یونسکۆ کرد بۆ ئەوە کە ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناودێر بکرێ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سالی ٢٠٠٢ی زایینی، ئەم پێشنیارەی پەسند کرد. لەو کاتەوە تاکوو ئێستە، ئەم بۆنەیە هەموو ساڵێک ڕۆژی ٢١ی فێڤرییە یادی دەکرێتەوە. ئەمە بەتایبەت دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ئاخێوان و چالاکانی زمانە بەکەمینەکراوەکان کە خۆشەویستییان بۆ زمانی خۆیان دەرببڕن و داواکانیان بۆ خوێندن بە زمانی دایکی چڕتر بکەنەوە. هەروەها، دەرفەتێکە بۆ لێکۆڵەر و ئاکادیمیی وەکوو من کە بڵێم و نیشان بدەم: چەندزمانەبوون و جۆراوجۆریی زمانی نەتەنیا دیاردەیەکی سروشتی و مرۆیین، بەڵکوو لەسەرمان پێویستە، لەسەر حکومەتەکان و دەسەڵاتدارانیش پێویستە، کە ئەم جۆراوجۆرییە زمانییە وەکوو دەسمایەیەکی مرۆڤایەتی بپارێزن.   جیاوازیی نێوان زمانی دایک و زمانی نەتەوەیی چییە؟ زمانی دایک یەکەم زمانە کە منداڵ فێری دەبێ. بۆیە پێی دەڵێن "زمانی دایک"، چونکە زۆربەی کاتەکان منداڵ یەکەم زمانی لە دایکی فێر دەبێ، هەرچەند هەموو کاتیش ئاوا نییە.  بۆ وێنە، ئەگەر دایکەکە و منداڵەکە لە کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە کۆمەڵگەی زمانیی دایکەکەدا بژین، لەو هەلومەرجەدا لەوانەیە منداڵەکە زمانی باوکی و ئەو کۆمەڵگەیەی کە بنەماڵەکەی تێیدا دەژی وەکوو زمانی یەکەم فێر ببێ (نموونە: لەبەرچاو بگرە ژنێکی تورکی ئازەری کە هاوژینی کوردێکی پیرانشارییە و لەو شارە دەژی). هۆی تریش هەیە کە ڕێگا نەدا منداڵ زمانی یەکەمی لە دایکی فێر بێ. بۆ نموونە، زۆر دایکی فیلیپینی بۆ ماوەیەکی ئەوتۆ لەگەڵ منداڵەکانیان نابن و خۆیان دەچن لە وڵاتێکی دیکە کار دەکەن، منداڵەکان لەلای باوکیان یان ماڵی بابەگەورە و دایەگەورە یان لای منداڵێکی گەورەتر هەڵدەدەن و باڵا دەکەن. زمانی دایک دەکرێ زمانی نەتەوەییش بێت، بەڵام بۆ هەموو کەس ئاوا نییە. بۆ زۆربەی خەڵکانی بەکەمینەکراو زمانی دایک و زمانی نەتەوایەتی ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژین جیاوازە. زمانی دایکی شتێکی سروشتییە؛ ئەو زمانەی کە بۆ یەکەمجار منداڵێک فێری دەبێت، ئەمەش زۆربەی کاتان زمانی دایکە، بەڵام زمانی نەتەوایەتی لەلایەن دەوڵەت یان خەڵکەوە دیار و ناودێر دەکرێ. لە هەندێک وڵاتدا زمانی نەتەوایەتی و زمانی فەرمی یەکێکن، بەڵام لە هەندێک شوێنی دیکە ئاوا نییە. جاری وایە لە وڵاتێک زمانێک یان چەند زمان وەکوو زمانی نەتەوایەتی دیاری دەکرێن، لەبەر ئەوە کە لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە قسەیان پێ دەکرێ یان لە ڕابردوودا قسەیان پێ کراوە و بایەخی سیمبۆلیکیان هەیە. زمانی فەرمی، زمانی حکوومەت، پەروەردە و میدیایە.   بۆچی گرنگە لەسەر زمانی دایک پێداگری بکرێ و ڕۆڵی زمانی دایکی لە زمانی نەتەوەییدا چییە؟ زمانی دایک بە زۆر هۆوە گرینگە:  ١- شێوەی بیرکردنەوە و هەستیاری و سۆزداریی مرۆڤەکان لە زمانی دایکدا دەگوورێ. ٢- هەر لەبەر ئەمەش زمانی دایک لە قەوارەگرتن و بەخۆداهاتنی هزر و توانا هۆشەکییەکانی منداڵدا دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ. ٣- زمانی دایک لکێنەرێکی بنەماڵەییە، منداڵ بە دایک و باوک و دایەگەورە و بابەگەورە بەیەکەوە گرێ دەدا. واتە ئەڵقەی سەرەکیی نێو زنجیرەی نەوە و بەرەکانە. ٤ـ لانکی کولتوورە، کولتووری ئیتنیکی و هەرە نیزیک لە مرۆڤەکان کە بە شێوەیەکی ئاسایی تێیدا گەورە دەبن لە زمانی دایکدا دەگوورێ و شکڵ دەگرێ. ٥ـ زمانی دایک بۆ فێربوونی زمانی دیکە گرینگە، واتە ئەو کەسانەی زمانی دایکیی خۆیان باش و ئاسایی فێر دەبن دەتوانن چەند زمانی دیکەش بەباشی فێر بن، تەنانەت باشتر لەو کەسانەی کە زمانی دایکیی خۆیان بە باشی فێر نابن. ٦ـ زمانی دایک سەرمایەیەکی مرۆییە، بەم واتایە کە هەر زمانێک لەم دنیایەدا دیاردەیەکی یەکجار ئاڵۆزە و شاکارێکی هزری و مێشکیی مرۆڤە. ئەم پێکهاتەیە بە هەزاران ساڵ گەیشتووەتە ئەم شوێنەی کە ئێستا تێی‌دایە. تێگەیشتن لە میکانیزمی کارکردنی ئەو زمانە دەتوانێ پەنجەرەیەک بێ بۆ تێگەیشتنی زۆرتر لە مێشکی مرۆڤ لەلایەک و تێگەیشتنی قەوارە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەکی‌تر. دەکرێ زمانی دایک و زمانی نەتەوەیی یەک شت بن، بەڵام دەکرێ ئاواش نەبێت. لەڕاستیدا پێوەندیی زمانێکی تایبەت و نەتەوەیەک وەکوو پێوەندییەکی پێویست و پێداویستی نییە، بۆ نموونە ئینگلیسی ئێستا زمانی زۆرتر لە یەک نەتەوە و دەوڵەت-نەتەوەیە، یان نەتەوە-دەوڵەت هەیە کە زۆرتر لە یەک زمانی هەیە،  لەڕاستیدا، بە شێوەیەکی سروشتی، من زمان لە پێوەندی لەگەڵ ئیتنیسیتەدا دەبینم.  پێوەندییەکەی زمان لەگەڵ نەتەوە دەستکرد و سازکراوە (بەرساختێکی کۆمەڵایەتییە). بۆیە، نەتەوەیەک دەتوانێ زۆرتر لە یەک زمانی هەبێ چونکە دەتوانێ زۆرتر لە یەک ئیتنیسیتە پێکی بێنێ.  بۆ نموونە ئەگەر ئێمە کورد بە یەک نەتەوە دابنێین، دەتوانین بڵێین کە ئەم نەتەوەیە ئیتنیستیە و قەومی جیاوازی تێدایە، هەرکام لەم گرووپە ئیتنیکییانەش دەتوانێ زمان یان شێوەزار/شێوەزمانی تایبەت بە خۆی هەبێ و، هەر ئاواشە.   زمان چۆن دەپارێزرێ و هۆکارەکانی زیندوومانەوە یان لەنێوچوونی زمانەکان چین؟  دوو بەشی ئەم پرسیارە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان پێکەوە هەیە. واتە، ئەگەر هۆیەکانی فەوتانی زمان بزانین، دەبێت بۆمان دەرکەوێ کە چ هەنگاوگەلێک هەڵبگرین بۆ ئەوەی زمانێک نەفەوتێ. هۆیەکانی گۆڕان و هەروەها فەوتانی زمان دەتوانن هەم ناوەکی بن (واتە، ئاڵوگۆڕی نێوخۆی زمانەکە) و هەم دەرەکی بن (ئاڵوگۆڕ لە مەڕ لایەنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی و سیاسیی ئاخێوەرانی زمانەکە). لە هەر دوو حاڵەتدا، زمانێک ئەوکاتە لەنێو دەچێ کە ئیتر قسەکەری نامێنێ، جا یان ئەوەیە کە قسەکەرەکانی دەمرن/قەڵاچۆ دەکرێن (کە ئەمە کراوە، بۆ نموونە لە کەنەدا و ئەمریکا دژی خەڵکانی خۆجێیی)، یان ئەوەتا قسەکەرانی زمانێک لە زمانەکەی خۆیان بێبەش دەکرێن، یان ئەوەندە گرێ‌وگۆڵ دەخەنە سەر ڕێگەی کەڵک‌وەرگرتن لە زمانەکەیان کە ئیتر وازی لێ دەهێنن و دەچنە سەر زمانێکی دیکە.  نموونەی هەرە بەرچاوی ئەمەش لە باکووری کوردستان، سکاتلەند یان ئیرلەند دیتراوە. هەندێک لەم هۆیانە کە دەبنە هۆی ئەوەی خەڵکێک زمانەکەی وەلابنێ و زمانێکی دیکە وەربگرێ دەتوانن ئەمانە بن: قەدەغەکردنی زمانێک، هەڵکەندنی خەڵکێک لە خاک و مەڵبەندی لەمێژینەی حاوانەوەیان، داسەپاندنی زمانێکی دیکە وەکوو زمانی فەرمی یان ڕەسمی بۆ دۆزینەوەی کار، زانیاری‌وەرگرتن، کاروباری حکومیی و بەڕێوەبردن و، پەروەردە/فێرگە. مرۆڤەکان دەزانن چی بە قازانجیانە و چی بە زیانیانە. کاتێک بینییان کە زمانی باڵادەست نانی تێدایە، پریستیژی تێدایە، بەڵگەنامەی خوێندنی باڵای تێدایە، بەڵام زمانەکەی خۆی بە پێچەوانەوە شەرمەزاری تێدایە و لە فێرگە بەکەڵک نایە، لە دادگاکان بەکار نایە، لە زانکۆ بەکار نایە و لەوانەیە ڕاگرتنەکەی زیندان و سووکایەتی‌کردنی بەدواوە بێ، ئیتر چارەی نامێنێ و زمانەکەی خۆی وەلا دەنێ و لە زمانە باڵادەستەکەدا دەتوێتەوە. هیچ خەڵکێکی ئازاد خۆبەخشانە و بەدڵی خۆی زمانی خۆی وەلا نانێ.  لە سەردەمێکدا کە خوێندەواری بە شێوەیەکی خێرا بڵاو دەبێتەوە و خەڵک بە بەربڵاوی ڕوو دەکەنە شارەکان، پەروەردە بە زمانێک جگە لە زمانی دایک دەتوانێ گەورەترین مەترسی بێت بۆ سەر زمانە بەکەمینەکراوەکان.  واتە، ئەگەر پەرورەدە بە زمانی دایک نەبێت، دەتوانێت گەورەترین مەترسی بێت بۆ سەر زمانی دایک.   چ پێوەندییەک لەنێوان زمان و شوناسی نەتەوەییدا هەیە و ئەم دوو چەمکە چۆن پێکەوە گرێ دەدرێن؟ هەموو ناسنامەیەک و بەتایبەت ناسنامەی نەتەوەیی، سازکراوێکی کۆمەڵایەتییە و هەر بەم پێیەش سازکراوێکی زمانی و گوتارییە. لە زمان و گوتاردایە کە دەبیستین و دەخوێنیینەوە ئێمە کێین، ئەوان کێین و، بەو پێیەش، نەتەوە چییە.  بەڵام، ئەو دوو چەمکە چەندە بەیەکەوە گرێ دراون ماوەتەوە سەر ژینگە و تایبەتمەندیی زمان و نەتەوەی جیاواز.  بۆ ئاڵمانییەکان پێوەندییەکی چڕ هەیە لەنێوان ناسنامەی نەتەوەیییان و زمانەکەیان، بەڵام بۆ ئەوانی تر وا نییە. بۆ نموونە سویسییەک لە ژنێڤ ڕەنگە ئاڵمانی نەزانێ، کەچی خۆی بە سویسی دەزانێ، هەروەها سویسییەک لە زووریخ ڕەنگە فەرەنسەیی نەزانێ و هەر ئاڵمانی بزانێ، بەڵام ئەویش بە ڕادەی ژنێڤییەکە خۆی بە سویسی بزانێ. ئەمە لە کاناداش ئاوایە. هاووڵاتیی کوبەکی (پارێزگای خۆسەری فەرانسەیی زمانەکان) وا هەیە کە ئینگلیسی نازانێ، بەڵام خۆی بە کانادایی دەزانێ. لەو شوێنانە کە زمانێکئی هاوبەش رۆڵی پێکەوەگرێدانی خەڵکێک نابینێت، ڕابرووی هاوبەش، دامودەزگای فەرهەنگی، سەربازی و پەروەردەیی هاوبەش و حەز و خولیای هاوبەش خەڵکیان بەیەکەوە گرێ داوە.  لە سەردەمانێکی کۆنەوە، بۆ کورد زمانی کوردی سیمبۆلی کوردبوون بووە، چونکە کوردان بەو سیبمۆلە خۆیان لە "ئەوانی دیکە" جیا کردووەتەوە. پێوەندیی نێوان زمان و ئیتنیسیتە زۆر چڕوپڕترە هەتا پێوەندیی نێوان زمان و نەتەوە. ئەمەیان چێکراوێکی کۆمەڵایەتی و گوتارییە و هەر نەتەوەیەک بەپێی هەلومەرجی خۆی ئەو پێکهاتەیە چێ دەکات.  دەکرێ نەتەوەیەک چەند زمانی هەبێت؛ بەڵام، ئیتنیسیتەیەک یەک زمانی هەیە.   هۆکاری ئەوەی کە زمان و ناسیۆنالیزم بە دوو گراوەی دانەبڕاو ئەژمار دەکرێن چییە؟ ئەمەش هەمیشە وا نییە.  لە ناو تێئۆرییە زاڵەکانی ناسیۆنالیزمدا ڕۆمانتیکەکانی ئاڵمانی پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەنێوان زمان و ناسیۆنالیزمدا دەبینی. هەندێک بیرەوان و بیرمەند بە ئەمە دەڵێن: "ناسیۆنالیزمی ئینتیکی" یان "ناسیۆنالیزمی زمانی" بۆ ئەوە کە جیای بکەنەوە لەو ناسیۆنالیزمەی دیکەی دەورەی ڕۆشنگەی کە ئامانجی سەرەکیی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو، واتە، "ناسیۆنالیزمی سیڤیک/مەدەنی".  بۆ نموونە "ئەرنست ڕێنانـ"ـی فەرانسەیی ئەوکات گوتی: ئەوە زمان نییە کە خەڵکی فەرانسە دەکا بە نەتەوە، بەڵکوو مێژووی هاوبەش و خەونی هاوبەشە. هەڵبەت، دواتر ئەم بۆچوونە ڕەخنەی لێ گیراوە، گوتراوە کە ئەمە فێڵێک بوو فەرانسەیی‌زمانەکان لە ئەوانی دیکەیان کرد، گوتیان: ناسیۆنالیزمی ئێمە نەبەستراوەتەوە بە زمان و بەم جۆرە زمانی فەرانسەیی، کە ئەوکات تەنیا زمانی نزیک بە ٤٠ لە سەدی خەڵکی وڵات بوو، بەسەر ئەوانی دیکەدا سەپێندرا، واتە جەیکۆبیەکان فێڵیان لە بریتانەکان، باسکەکان و بەکەمینەکراوەکانی دیکە کرد.  بە بیانووی ئەوە کە زمان گرینگ نیە زمانی خۆیان نەتەنیا بەسەر ئەوانی دیکەدا سەپاند بەڵکوو کارێکی ئەوتۆیان کرد کە ڕادەیەکی بەرچاوی ئەوانی دیکە زمانی دایکی خۆیان لە بیر بچێتەوە. ناسیۆنالیستی ئیرانی—فارسی یش کەم‌تاکورت هەر ئەم سیاسەتەی ڕەچاو کردوە و دەیکا، بە هەندێک جیاوازییەوە.  بۆ نموونە دەڵێ: زمانی فارسی هی هیچ "قەومـ"ـێک نییە، لەبەر ئەوە هەموو دەبێت لە خزمەتیدا بن؛ بەڵام کوردی زمانی "قەومـ"ـێکی دیاری‌کراوە، بۆیە ئەگەر ببێتە زمانی ڕەسمی، ئێران هەڵدەوەشێتەوە. ئاشکرایە لێرە گریمانەیەکی ئایدیۆلۆژاوی بناغەی ئەم تێزەیە کە دەڵێ: فارس قەوم نییە. کەچی وا نییە. فارس یەکێک لە قەومەکان یان نەتەوایەتییەکانی ئەو ناوچەیە بووە و ئێستاش هەیە. کە ئەمەت بینی، دەبینی کە تێزەکەی ناسیۆنالیستە فارسەکان دەڕووخێ و زمانی فارسی هیچ ڕەوایەتییەکی نامێنێ کە لەسەر زمانەکانی دیکە ئاغایەتی بکا یان خۆی بە زۆرتر بزانێ. کەواتە، بۆمان دەردەکەوێ هەموو ئەو زمانانەی کە لە ئێران قسەیان پێ دەکرێ و ئاخێوانیان داوای مافی زمانیی دەکەن، مافی خۆیانە کە بەو مافە بگەن و هەموو ئەو دەرەتانەیان بۆ بڕەخسێ کە یارمەتییان بدا زۆرتر بەخۆدا بێن و ببنە زمانی زانست و هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان.   پێوەندیی نێوان زمان و دەسەڵات چییە و تاکوو چ ڕادەیەک کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە؟ بەداخەوە شوێن بۆ وەڵامێکی تێروتەسەل نییە. بە کورتی؛ لێرەدا دەتوانم ئاماژە بە پێنج خاڵ بکەم کە نیشان بدەین پێوەندیی نێوان زمان و دەسەڵات چییە و تا چ ڕادەیەک کاریگەرییان لەسەر یەکترە: ١ـ زمان ڕەنگە خۆی لە خۆیدا دەسەڵاتی نەبێ، بەڵکوو ئەو کاتە دەسەڵات پەیدا دەکا کە مرۆڤەکان کەڵکی لێ وەردەگرن.  لەم حاڵەتەدا زمان دەسەڵات و ئایدیۆلۆژیی مرۆڤەکان وەدەردەخا. ٢- زمانێک چۆن دەنوێنێ و چ دەورێک دەگێڕێ، دەتوانێ دەسەڵاتی ئەو زمانە ئاشکرا بکا،  بۆ نموونە زمانی ئینگلیسی خۆی لە خۆیدا هەر وەکوو هەموو زمانێکی دیکەیە، هیچ شتێکی لە زمانەکانی دیکە زیاد و کەم نییە، بەڵام بە حوکمی ئەو پێگەیەی کە ئێستە لە دنیادا هەیەتی، دەسەڵاتێکی زۆری بۆ خۆی پەیدا کردوە و سیمبۆلی هێز و باڵادەستییە. ٣ـ زمان خاوەن دەسەڵاتە بەو واتایە کە دەتوانێ دەسەڵات بەهێزتر بکا، بۆ نموونە درێژە بە تەمەنی ڕەگەزپەرستی بدا بە درێژەدان بە زمان و چەمکگەلی ڕەگەزپەرستانە. بۆ وێنە، هەتا نووسەری فارس و کورد بنووسن "سرخپوست" یان "سوورپێست" ئەوە خەڵکانی خۆجێیی بە چاوێکی سووک هەڵداوێرن و بە شارۆمەندی دەرەجە دووی هەندێک وڵاتیان (وەکوو ئەمریکا) دادەنێن. ئەم فارس و کوردانە، چ حەز بکەن و چ حەز نەکەن گوتاری ڕەگەزپەرستانەی سپیەکانی ئەمریکا بەرهەم دەهێننەوە. "سوورپێست" جنێوێکی پیسە لە ڕوانگەی خەڵکانی خۆجێیەوە، بۆیە دەبێت بڵێین: خەڵکانی یەکەمی ئەمریکا، نەتەوەگەلی یەکەمی ئەمریکا، یان خەڵکانی خۆجێیی و خەڵکانی ڕەسەنی ئەمریکا (یان کەنەدا، یان ئوسترالیا). ٤- زمان هەم دەتوانێ نەتەوەیەک پارچە پارچە بکا و هەم دەتوانێ بیکاتە یەکپارچە. ٥- زمان دەتوانێ پێوەندیی مرۆڤەکان تێک بدا، باشتری بکا و کارتێکەریی لەسەر هەست و سۆزی خەڵک دابنێ. کورد گوتەنی: بە قسەی خۆش مار لە کون دێتە دەر. یان نێلسۆن مەندێلا گوتوویەتی: "ئەگەر کەسێک بدوێنی بە زمانێک کە تێی دەگا، ڕێت دەکەوێتە نێو مێشکی،  بەڵام ئەگەر بە زمانی خۆی بیدوێنی، ڕێت دەکەوێتە نێو دڵی".   سپاس بۆ ئەوەی کە کاتتان بۆ ئەم دیمانەیە دانا. سپاس بۆ ئێوەش کە ئەم دەرفەتەتان ڕەخساند تاکوو لەسەر مژارێکی گرنگ و هەستیار پێکەوە بدوێین.