کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب بەبۆنەی هاتنی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

00:42 - 2 رەشەمه 2721

بەبۆنەی هاتنی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پیرۆزبایی بە هەموو خەڵکی کوردستان دەڵێم و سڵاوی تایبەتیش دەنێرم بۆ ئەو ڕۆڵە دەروەست و چالاکە مەدەنییانەی کوردستان کە لە سۆنگەی زمان‌پارێزی و بایەخدان بە پرسی زمان، وەک توخمی سەرەکیی نەتەوە و شوناسی نەتەوەییمان تێچوویەکی زۆر دەدەن و تەنانەت خراونەتە بەندیخانەوە. زمان بە یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکانی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی هەر نەتەوەیەک دادەنرێ. بۆیەشە کە حکوومەتە دیکتاتۆر و نادێموکراتیکەکانی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە ئێران بە درێژایی تەمەنیان، بە گرتنەبەری سیاسەتی تاک‌زمانی و پەراوێزخستنی زمانی نەتەوەکانی دیکە هەوڵی تواندنەوەی ئەو زمانە لە زمانی نەتەوەی سەردەست و لەو ڕێگەیەوە لاوازکردنی خەباتی هۆوییەت‌خوازیی کورد و نەتەوە نافارسەکانی دیکەیان داوە. نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە هەتا ئێستا پاراستن و بەرگری لە زمانەکەی بە ئەرکێکی گرینگ و بە سەنگەرێکی داکۆکی لە مافەکانی داناوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی خۆیدا گرینگیی تایبەتی بە زمانی کوردی داوە و لە سەرەتاوە و هەر لە مەرامنامەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٢٤دا یەکێک لە بنچینە سەرەکییەکان بووە. بایەخدان بە زمانی کوردی لە مێژووی ٧٦ ساڵەی حیزبی دێموکراتدا بە بەرنامە و پەسندکراوەکانی حیزبی دیموکراتەوە دیارە و، لە گەڵاڵەی داخواز و ڕێککەوتنەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکانیشدا، هەموو کاتێک خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی یەک لە بنەما بنەڕەتییەکان بووە. هاوکات لە هەر قۆناغ و بڕگەیەکی مێژووییشدا کە حیزبی دێموکرات دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی چەند ناوچەیەکی وڵاتی بووە، بۆ نموونە سەردەمی کۆماری کوردستان و ساڵانی یەکەمی پاش شۆڕشی ١٣٥٧، بە هەموو توانا و ئیمکاناتی خۆیەوە خزمەتی خەمڵاندنی زمانی کوردیی کردوە. بەو واتایە کە زمانی کوردیی کردوە بە زمانی خوێندن و پێوەندی‌گرتن و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و، بەشێکی زۆری کات و بەرنامەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پەرەپێدان و خزمەتی زمانی کوردی بووە. ئێستا بەخۆشییەوە لەسۆنگەی خەباتی فرەڕەهەند و جووڵانەوەی شوناس‌خوازیی کورد لە ئێراندا زمانی کوردی بایەخی پتری وەرگرتوە و دڵسۆزانی کورد لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کردنەوەی فێرگەی زمانی کوردی و چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان بە زمانی کوردی خزمەتی زمانەکەمان دەکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک جارێکی دیکەش پێداگری لەسەر داوا ڕەواکانی خەڵکی کورد بەتایبەتی "مافی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی" دەکا و خۆی بە پشتیوانی چالاکان و دڵسۆزانی ئەو بوارە دەزانێ.  

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

١ی ڕەشەممەی ١٤٠٠