کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوبەشی پێنج ڕێکخراوی مەدەنی بۆ ڕیزگرتن لە "ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک"

16:33 - 2 رەشەمه 2721

پێنج ڕێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆڤیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوبەشی بەیاننامەیەکیان لەهەمبەر ڕێزگرتن لە "ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک" بڵاو کردەوە، کە ئەمەی ژێرەوەی دەقەکەیتی: زمانی دایکی مێژوو و شوناسی نەتەوەییمانە زمانی دایکی تەنیا زمانێکە کە مرۆڤەکان شوناسی کۆمەڵایەتی و دەرونناسیی خۆیانی لێ وەردەگرن، ئەو زمانە زمانێکە کە ئەوان بە نیشتمان و نەتەوە گرێ دەداتەوە. ئەگەرچی جۆراوجۆری زمانی ڕەوشێکی سروشتییە بەڵام باسی هەرە گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە، بەپێی پەسندکراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ ڕێز لە مافی بەفەرمی بوونی زمانی دایک بگرین چوونکە منداڵەکان بۆ فێربوون و پەروەردە باشتر دەتوانن پێوەندی لەگەڵ زمانی دایکەوە بگرن و ئەو زانیارییانەش هەتا کۆتایی تەمەنیان لەگەڵیان دەمێنێتەوە. لە کۆنڤانسیۆن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا لە زۆر شوێن باسی ئەو مافە ڕەوایە کراوە، بۆ وێنە لە جاڕنامەی جیهانیی زمانی دایکیی "یونسکۆ"دا هاتووە: ۱ــ سەرجەم قوتابییانی قوتابخانەکانی دەبێ خوێندنی فەرمی خۆیان بە زمانی دایکی بێ. ۲ــ سەرجەم وڵاتان ئەرکدار دەکرێن کە بۆ بارهێنان و پەروەردە بە زمانی دایکی هەمووجۆرە کەرەستەیەک دابین بکەن. ۳ــ بۆ خوێندن بە زمانی دایکی دەبێ بە ڕادەی پێویست ماموستا پەروەردە بکرێن، چوونکە خوێندن بە زمانی دایکی هێمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە. قەدەغەکردنی زمانی نەتەوەکان و سووکایەتی پێکردن و پێناسەیان بە "زاراوەی گەڕەک" و داسەپاندنی زمانێکی دیکە بەسەر نەتەوەی کورد و باقیی گەلانی نیشتەجێی ئێران لە کاتێکدایە کە بەشی زۆری ئاخێوەرانی ئەو جوگرافیایەی بە ئێران دەێتە ناسین، مافی زمانیان لێ ستەندراوە و ناچار کراون بە زمانێکی تر بخوێنن. دەستەڵاتدارەکانی یەک سەدەی ڕابردوو بە پاساوی پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەیی و یەکدەست‌کردنی گەلان لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، بەردەوام هەوڵی بنەبڕکردن، خۆسەپاندن و بێبەشکردن لە پەرەسەندنی زمانەکان و کولتوری گەلانییان داوە و بەردەوام زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمی پەروەردە ئیزنی بەکارهێنانی پێدراوە و زمانگەلی تر قەدەغە کراون و تەنانەت ئەو چالاکانەی هەوڵی فێرکردنی زمانی دایک دەدەن، دەگیرێن و بەند دەکرێن کە دەتوانین ئاماژە بە مامۆستایانی زمانی کوردی "زارا محەممەدی، موژگان کاووسی، کەیوان مینوویی" و ... بکەین. دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای رێزگرتن لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، خوازیاری جێبەجێکردنی بڕگە یاساییەکانی زمانین بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجێکی لەبار و یەکسانی پەروەردە بە زمانی دایک کە دەبێ وەک دەرفەتێک سەیر بکرێ نەک مەترسی، هاوکات پەروەردەی منداڵانی کورد بە زمانی دووهەم وەک درێژەی سیاسەتی تواندنەوە و لەناوبردنی کولتوور و ناسنامەی گەلی کورد دەزانن کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێت. ئێمە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا لە سەرجەم کۆڕ و کۆمەڵە زمانی، کولتووری و مافی مرۆڤییەکانی ناوچەکە و جیهان دەکەین بە هانای مامۆستایانی دەسبەسەرکراوی زمانی دایکییەوە بێن و لانیکەمی پشتیوانییان لە چوارچێوەی ناساندنی ئەو مامۆستایانە وەک کەسایەتیی جێی ڕێز و شایەنی خەڵاتە جیهانییەکان کە لە بەرامبەر بەرگری لە زمان و پەروەردەی منداڵان بە زمانی دایکیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان گیراون و بێڕێزیان پێ کراوە، بناسێنن. هەروەها وێڕای مەحکوومکردنی هەوڵی سیستماتیکی ڕێژیم بۆ سەرکوتی زمانی، داوا لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، هەوڵی چڕتر بدەن بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە سەرەکی و سروشتییەی خۆیان و ڕێز لەو مامۆستایانە بگرن کە هانی منداڵان دەدەن بۆ فێربوون بە زمانی کوردی. بە سپاسەوە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا" ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز" ڕێکخراوی جیهانی کورد ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢١ی فێورییەی ٢٠٢٢ی زایینی