کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ۲ی ڕەشەمە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

16:37 - 2 رەشەمه 2721

زمانی دایك، بەو زمانە دەگوترێت كە منداڵ بۆ یەكەمجار لە خێزانەكەیەوە فێری دەبێت، واتە زمانی باوانی منداڵەكە دەگرێتەوە، بۆیە پێشی دەگوترێت زمانی دایك، چونكە دایك نزیكترین كەسە لە منداڵ و لەڕێی ئەوەوە بۆ یەكەمجار فێری قسەكردن دەبێت. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە هاوكاری رێكخراوی یونسكۆ لە كۆبونەوەیەكدا لە ساڵی (۱۹۹۹)، بڕیاریدا (۲۱)ى فێورییەی هەموو ساڵێك وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك دیاری بكات. یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایك ساڵانە لەژێر دروشمێکدا دەكرێتەوە، بۆ ساڵی (۲۰۲۱) دروشمەكەی بریتی بوو لە (هەمەچەشنی زمانەوانی لەپێناو تێكەڵاوی لە فێركردن و كۆمەڵگەدا) كە مەبەست لەو ناونیشانە دروستكردنی دەرفەتی گونجاوە بۆ هەمەچەشنی زمان و ڕۆشنبیرییە جیاوازەكان لە كۆمەڵگەدا. زمان لەسەر ئاستی جیهان قورساییەكی ستراتیژی و گرنگییەكی زۆری بۆ ژیانی مرۆڤایەتی هەیە لەڕووی كۆمەڵایەتی و زانستی چەند بابەتێكی دیكە، هەروەها یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی پێوەندی بەستن لەگەڵ دەوروبەردا. داگیركردنی كوردستان و دابەشكردنی بۆ چەند پارچەیەك، هەروەها قەدەغەكردنی خوێندن و نوسین بە زمانەكە لە بەشێكی ئەو وڵاتانەی كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە بۆتە یەكێك لە كێشەكان بۆ زمانی كوردی، بۆیە پێویستە گرنگییەكی زیاتری پێبدرێت و بەتایبەت لەڕووی دانانی زمانێكی ستاندارد، چونكە دەبێتە هۆی زیاتر بەهێز كردن و بڵاوبونەوەی زمانەكە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و جیهانی. کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زمانەکەی کەوتووەتە ژێر کاریگەری زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی ئەوەش ئەنجامی دابەشکردنیەتی بەسەر چوار وڵاتدا و دەیان و سەدان وشەی بیانی هاتوونەتە نێو ئەو زمانە. نوێترینیشیان قسەی گەنج و منداڵانە بە تێکەڵاوی لەنێوان وشەی ئینگلیزی و کوردی و خەریکە سۆشیال میدیاش کاریگەری نەرێنی گەورە دەخاتە سەر زمانێک کە هەزاران ساڵە شووناسی نەتەوەیەکە و ئامرازێکی سەرەکی مانەوەیەتی. لە سیستمی پەروەردەی ئێراندا دان بە مافی زمانی و پەروەردەیی پێکهاتە نەتەوەییەکان نەنراوە، بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک کەوتووەتە سەر شانی چالاکوانان و مامۆستایانی خۆبەخش. ئەوان خۆیان دەخەنە بەردەم گوشاری هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتیەکان و لەسەر ئەرکی خۆیان یان هاوکاریی خەڵک پێداویستییەکانی خوێندن دەکڕن و بە زەحمەتی زۆر، شوێن بۆ بەڕێوەبردنی کۆرسەکان دابین دەکەن. بەڵام ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە و مایەی شانازییە ساڵ بە ساڵ وشیاری کۆمەڵگا لەبارەی پێویستیی فێربوونی زمانی دایک دەچێتە سەرێ و بەشێک لە خێزانەکان بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، منداڵەکانیان دەنێرنە ناوەندەکانی فێرکردنی زمانی کوردی جا بە شێوەی نهێنی بێت یا ئاشکرا کە نموونەی بەرز و،جێی شانازییان خاتوو زارا محەممەدییە کە ئێستا بە تاوانی وتنەوەی زمانی دایک لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامییە. کەواتە دەسەڵاتی دیکتاتۆر و دژەکورد لە ئێران نەک نەیتوانیوە زمانی کوردی کەمڕەنگ بکات بەڵکوو لەئێستادا چالاکانی ناوخۆ بە تاک و ڕێکخراو لەرۆژهەڵات قەڵغانێکن بۆ پاراستنی شوناس و کولتووری خۆیان. یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکیی خۆی دەزانی کە زیاتر تێبکۆشی لە ڕێگای سوشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاری زیاتر بۆ ئەم ئەرکە نیشتمانییە بکات و داوا لە هەموو کوردستانیانی ئازیز دەکەین کە هاودەنگ و پاڵپشتمان بن، هەروەها لەم ڕۆژەدا جێی خۆیەتی ڕێز لە تێکۆشانی ئەو نیشتمانپەروەرانە بگرین کە بۆ مانەوەی گەلەکەیان و پاراستنی شوناسی نەتەوەکەیان تێکۆشاون و لەو پێناوەدا قوربانی زۆریان داوە. ژنان کە دایکانی نیشتمانن دەبێ زیاتر هەست بە بەرپرسیایەتی بکەن لەو پێوەندییەدا و وەک هەمیشە تێبکۆشن لە پەروەردە کردن و ئاشناکردنی نەوەی نوێ بە زمان و کولتووری کوردی. یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ۲ی ڕەشەمەی ۱٤۰۰ی هەتاوی