کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی سیاسی-تەشکیلاتیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەشێک لە پێشمەرگەکانی حیزب

15:07 - 16 رەشەمه 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی سیاسی-تەشکیلاتی بۆ بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب لەگەڵ بەشێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات پێک هات. خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای باسەکەیدا تیشکی خستە سەر دەرفەت و مەترسییەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و یەکڕیزی و یەکگرتنی هێزە سەرەکییەکانی مەیدانی خەباتی سیاسیی کوردی بە زامنی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکان و دەسکەوتی پتر بۆ بزووتنەوەی کورد زانی. هەروەها جێگە و پێگەی حیزبی دێموکرات لە هاوکێشە سیاسی و مەدەنییەکانی بزووتنەوەی کورد و پشتگیریی هەمەلایەنەی خەڵک لە حیزبی دێموکرات لە هەموو بەستێنەکان تەوەرێکی دیکەی باسە سیاسییەکەی سکرتێری گشتیی حیزب بوو عەزیزی وێڕای پێداگری لەسەر سیاسەت و هەڵوێست و ڕێوشوێنە ئوسولییەکانی حیزبی دێموکرات، جەختی لەسەر بەردەوامیی ئەم سیاسەتە تا یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات کردەوە. سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشی کۆتایی باسەکەیدا کۆمەڵە پرس و بابەتێکی ‌تەشکیلاتی لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزب هێنایە بەر باس و لەو پێوندییەدا ڕا و سەرنجی بەشدارانی کۆبوونەوەکە وەرگیرا.