کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن

16:56 - 16 رەشەمه 2721

بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن گەیشتن بە ئامانجەکانی هەموو ژنانی کوردستان، بەتایبەت ژنانی تێکۆشەر و مافخواز بە ئاوات دەخوازین و وەدیهێنانی ئامانج و تێکۆشانی ئەوان، کە هاوکات بەشێک لە بەرنامە و ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتیشە، هیوامانە. هەر لەم بۆنەیەدا سڵاوی تایبەت دەنێرین بۆ ئەو کچ و ژنە دەروەست و تێکۆشەرانەی کورد، کە لەپێناو بیروباوەڕی یەکسانیخوازی و نەتەوایەتییەکانیاندا ئێستا لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەند کراون، بەڵام بە ورەی بەرزەوە لەسەر بیروبڕواکانیان قورس و قایم ڕاوەستاون. ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر لە دەیان ساڵی ڕابردووی مێژووی هاوچەرخدا هەمیشە بەشێک لە هێزی خەبات و مافخوازی بەدژی ڕێژیمە ماف‌زەوتکەرەکانی ناوەندگەرا لە ئێران بوون، بەڵام لە ئێستادا و لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات بۆ ئازادی و مافە سیاسی و مەدەنییەکاندا تەنانەت ڕۆڵی پێشەنگیش دەگێڕن. بەشداریی ژنان لە جووڵانەوە مەدەنی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و هەروەها هاوبەشییان لە ناڕەزایەتییە مەدەنی و سینفییە جۆراوجۆرییەکان ئەگەر لەلایەک هیوابەخش و جێی سپاس و پێزانینە، هاوکات دەرخەری ئەم ڕاستییەشە کە ژنانی کورد چ لەنێوخۆی وڵات و چ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە شێلگیرییەوە خەبات بۆ مافە نەتەوایەتی و یەکسانیخوازانەکانی خۆیان دەکەن و لەدژی کۆماری ئیسلامی وەک لایەنی هەرە سەرەکیی پێشێلکردنی مافەکانیان ئازایانە و بوێرانە لە مەیداندا بوون. بەبۆنەی هاتنەوەی ٨ی مارس پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەردی بناغەی دامەزرانییەوە نەک هەر باوەڕی قووڵی بە مافە مرۆیی و جیهانداگرەکانی ژنان هەبووە و ئەو مافانەی لە بەرنامەی خۆیدا گونجاندوە، بەڵکوو بەکردەوەش هەوڵی جێبەجێکردنیانی داوە. بۆیە لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەتا وەدیهاتنی سەرجەم ماف و ئازادییەکانی ژنان، خۆی بە پشتیوانی هەمیشەیی خەباتی یەکسانیخوازانەی ئەوان دەزانێ. وێڕای بەرزنرخاندنی خەبات و تێکۆشانی ژنان و ئەو تێچووە قورسەش کە لەو مەیدانەدا دەیدەن، پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە کە بەرەوپێش‌چوونی پرسی مافەکانی ژنان لە ئێران لەگرەوی گۆڕینی نۆڕم و کەلتوور و ئەو قانوونە داسەپاوانە دایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران داژدارییان لێ دەکا و مانەوەیان بە مانەوەی ئەو ڕێژیمە ماف‌زەوتکەرەوە گرێ دراوە. بۆیە خەبات دژی ئەم ڕێژیمە دەبێ هەروا بەشێک لە خەبات و تێکۆشانی سەرەکیی ژنان بێ و هاوکات پیاوانیش شانبەشانی ژنان بۆ وەدیهاتنی ئامانجە بەرزە ئینسانییەکانی خەباتی ژنان پاڵپشت و هاوخەباتیان بن. بەم بۆنەوە لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی تێکوشەر و ئازادیخواز و بە تایبەت ژنانی کوردستان دەکەین.  

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٧ی مارسی ٢٠٢٢

١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠