کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

13:31 - 18 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٧ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەر چوار لایەنی پێکهێنەری ناوەند بە میوانداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرپرسی دەورەیی ناوەند، کۆ بوونەوە. سەرەتا کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی بەشدارانی کۆبوونەوەکە، باسەکەی کردەوە. کاک خالید باسێکی سیاسی بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان دەست پێکرد. بەڕێزیان بە ئاماژە بە قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وتی، حکوومەت سەرەڕای ئەو قەیرانگەلە کە هەر خۆیان واتە دەسەڵات خولقێنەری قەیرانەکانن، وازی لە سەرکوتی خەڵک نەهێناوە، لە بەرامبەریشدا ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕوو بە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە پەرەسەندن و زیادبووندایە. بەڵام ئەوەی یارمەتی بە مانەوەی ڕێژیم داوە ئەوەیە کە تا ئێستا ئالترناتیڤ لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا دروست نەبووە. بەڕێزیان دواتر هاتە سەر باسی کوردستان و وتی، بە خۆشییەوە لە کوردستان بارودۆخ لە ناوەند و باقیی شوێنەکانی دیکەی ئێران باشترە، چونکە کوردستان خاوەنی پاشخانێکی سیاسی و خەباتگێڕییە و خاوەنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئێستاش لە مەیدانی خەباتدان و ڕۆژانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا لە پێوەندیدان. ناوبراو بە ئاماژە بە جموجۆڵە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی کوردستان، وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو چالاکییانە، داوای بەردەوامی و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ بەئاوات خواستن. کاک خالید بە ئیشارە بە هەوڵەکانی وڵاتانی 1+5 لەگەڵ ئێران بۆ ڕێکەوتنی بەرجام وتی، خەباتی ئێمە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان پێش کێشەی ئێران و ئەمریکا و ڕۆژاوایە، بۆیە ئێمە لە هەر ئەگەرێکدا درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین و بەرجام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی ئێمە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێ. هەروەها بەڕێزان، کاک مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کاک عەبدوڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کاک ڕەزا کەعبی جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، وێڕای بەشدارییان لە باسەکە بیروڕای خۆیان لەسەر بابەتەکانی کۆبوونەوەکە خستە ڕوو. بەشداران لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وێڕای هێنانەبەرباسی شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین کە ئێستا هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بۆتە گرفتێکی گەورە و هەڕەشە لە ئاشتیی نێودەوڵەتی دەکا، لەسەر ئەوە هاودەنگ بوون کە ڕێگای چارەسەریی کێشە و ناکۆکییەکان، دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە، نەک هێرش و وێرانکاری، بۆیە هیوایان خواست کە کێشەی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین بە دانیشتن و ڕێکاری سیاسی و دیپلۆماسی چارەسەر بکرێ و خەڵکی ئۆکراین لەوە زیاتر تووشی ماڵوێرانی و کوشتن و کۆچی زۆرەملێ نەبن و ئاگری شەڕ لەوە زیاتر پەرە نەستێنێ. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک باس و بابەتی دیکەی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاروباری ناوەندی هاوکاری هاتە بەرباس کە لەلایەن بەشدارانەوە قسەیان لەسەر کرا و بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.  

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی ٧ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی