کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ برای کوردم

20:40 - 29 رەشەمه 2721

ڤاسیل سیمۆنینکۆ (لە‌دایک‌بووی ٨ی ژانیوەریی ١٩٣٥) شاعیری ناودار، ڕۆژنامەنووس و خەباتکاری جووڵانەوەی جیابیرانی ئۆکڕاین بە یەکێک لە سیما هەرە گرینگە ئەدەبییەکانی شەستەکانی سەدەی بیستەمی ئەو وڵاتە دادەنرێ. بە بۆچوونی کارگێڕانی مووزەی جووڵانەوەی جیابیرانی کییەڤ، بەرهەمەکان و مەرگی زووی سیمۆنینکۆ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جووڵانەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی ئۆكڕایندا داناوە. بڵاوبوونەوەی یەکەم دەفتەرە شێعری ئەو شاعیرە بە ناوی "بێدەنگی و تۆفان" بەهرەی گەورەی ئەوی لە ناو شاعیرە لاوەکان دەرخست. شاعیر لە دوا ساڵی تەمەنیدا کتێبێکی دیکەی شێعری بە ناوی "هێزی ڕاکێشەری زەوی" بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٦٢ سیمۆنینکۆ و هاوڕێکانی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئۆکڕاینییەکانیان کە لە کاتی سەرکوتی جووڵانەوەی ئۆكڕاینییەکان کوژرابوون دۆزیەوە و لەقاو دا. لەسەر ئەوە، ئەنجومەنی شارەوانیی کییەڤ شاعیریان هەڵپێچا. ئەم ڕووداوە بوو بە هۆی ئەوەی دەوڵەت پشتگوێی بخا و تەنانەت شارەزایان دەڵێن مردنەکەشی هەر لە سۆنگەی ئەوەوە بووە. شێعری "بۆ برای کوردم" کە لە مانگی ماڕسی ساڵی ١٩٦٣دا نووسرا قاچاغ بووە و دەستاو دەست گەڕاوە و دواتر ساڵی ١٩٦٥ لە گۆڤاری "سامیزدات" لە ئەڵمان چاپ کراوە. ئەم شێعرە بە یەکێک لە گرینگترین بەرهەمە شێعرییەکانی شاعیر دادەندرێ و بووە بە هۆی ئەوە کە سیمۆنینکۆ ببێ بە شاعیری نەتەوەیی. ئەو شێعرە لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان‌دا نووسراوە. پاییزی ئەو ساڵە و تەنیا چەند مانگ دوای نووسینی ئەو شێعرە، لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە کییەڤ چەند چەکداری سەر بە میلیشیایەکی دەوڵەت هەڵدەکوتنە سەر ڤاسیل و زۆری لێ دەدەن. دوای ئەو لێدانە ئیدی شاعیر جێی خۆی ناگرێتەوە، گورچیلەکانی لە کار دەکەون و مانگێک دواتر لە سێزدەی سێپتامبەری ١٩٦٣ لە تەمەنی بیست و هەشت ساڵیدا سەر دەنێتەوە. دوای مەرگی دڵتەزێنی شاعیر، ساڵی ١٩٦٤ کتێبێکی دیکەی بە ناوی "سەفەر بۆ وڵاتی پێچەوانە" چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. ڤاسیل سیمۆنینکۆ دوای مەرگی لای ئۆکڕاینییەکان خۆشەویستی و ناوبانگی پتری پەیدا دەکا. پەیکەری بۆ دروست دەکرێ و ساڵی ٢٠٠٨ بانکی ناوەندیی ئۆکڕاین وێنەکەی لە سەر دراوێکی خۆی چاپ دەکا.   بۆ برای کوردم   چیاکان، شەڵاڵی خوێن، ناڵە و زایەڵەیان دێ ئەستێرە پێکراوەکان هەڵدەدێرێن بۆ نێو دۆڵی بۆنخۆشی زامدار دێ داگیرکەر، شۆڤینیزمی چاوبرسی ... دەست بە گوللـەکانتەوە بگرە برای کورد! بەڵام دەستت مەپارێزە لەو پیاوکوژانە بە سەر زۆڵی زوڵم و داگیرکاریدا گێژەڵووکەی خوێن، تۆفانی مەرگ داببارێنە ... با تەنیا گوللـە لەتەکیان بدوێ خەونی گولیان پێوە دیوی هاتوون لێتی بئەستێنن ناو و زمانت هاتوون جێ‌بێڵن منداڵت بە هەتیوی ... لەتەک داگیرکەر مەحاڵە ژینی بە ئاسوودەیی ئەو دەوەشێنێ قامچی ئاغایی و تۆ ڕادەکێشی نیری کۆیلەیی بە خوێنی لەشی تۆ قەڵەو دەبێ ئەو زێرووە شۆڤینیزمە و بە خوێنی سەری ئێمە تینووە ... بێ بەڵێنە و لە پشت‌ڕا خەنجەروەشێنە هەموو شت دەکا پێت کەچ بکا مل دەست بە گوللـەکانتەوە بگرە برای کورد بەبێ گوللـە تەفرو تونا دەبن گەل ... مەهێڵە گڕی ڕقت دامرکێ ڕۆژێک دەبینم دروشمی ژینت میهرەبانییە کەی ئەمە دادێ؟  کەی لە گۆڕت نا دوا شۆڤینیستی ئەم گۆی زەوییە   ١٩٦٣