کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (زێنەب جەلالیان)

20:48 - 29 رەشەمه 2721

زێنەب جەلالیان یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی کوردە. زێنەب ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شاری ماکۆ لەدایک بوو و بە هۆکاری نەزاندراو تا سەرەتای قۆناغی ناوەندی خوێندی. ئەو ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە شاری کرماشان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەستبەسەر و ڕەوانەی یەکێک لە گرووتخانەکانی ئەو شارە کرا. زێنەب لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٧ هەتاوی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری کرماشان بە تۆمەتی سنووربەزاندنی نایاسایی و ئەندامەتیی پارتی ژیانەوەی کوردستان (پژاک) تاوانی "محارب" (دژایەتی لەگەڵ خودا) بەسەردا سەپا و لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بەبێ هەبوونی پارێزەر بە ئێعدام مەحکووم کرا. ئەگەرچی بۆخۆی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی هەموویانی ڕەد کردۆتەوە و دەڵێ بەبێ چەک لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە گیراوە. قازی مرادی لە حوکمەکەی خۆیدا نووسیبووی کە "ناوبراو ئەندامی گرووپێکی سیاسی بووە کە بەهۆی تەبلیغاتەوە کەسانێکی زۆری بۆ لای ڕێکخراوەکەی ڕاکێشاوە و لەوانەشە لە کردەوەی تێرۆریستییشدا بەشدار بووبێ و نەیدرکاندبێ." پارێزەران و کارناسانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەو ڕستەیە بەو مانایە دێ کە دادوەر هیچ بەڵگەیەکی بۆ دەست‌تێداهەبوونی زێنەب لە کردەوەی تێرۆریستیدا نەبووە و قازی مرادی بەهۆی پێشێلکردنی ئەسڵی "بەرائەت" و بە سەپاندنی سزای ئێعدام بە سەر زێنەب جەلالیان لە سەر بنەمای گومان و فەڕز خۆی تووشی تاوانێکی گەورە بووە و مافی مرۆڤێکی بێتاوانی پێشێل کردوە. حوکمی ئێعدامی زێنەب جەلالیان سەرەڕای تانەلێدانی ناوبراو لە دادگای سەرەتایی و تێهەڵچوونەوە، لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە وەک خۆی پەسند کرایەوە، بەڵام بەهۆی کاردانەوە توندە نێوخۆیی و دەرەکییەکان پلەیەک داشکا و لە ئێعدامەوە بۆ زیندانی تاهەتایی کەم کرایەوە. زێنەب لە ماوەی ئەم ١٥ ساڵە بەندکرانی لە زینداندا بێ‌بەزییانە و بە توندترین شێوە و بە شێوازی جۆراوجۆر وەکوو سەر لە دیواردان، هەڕەشەی دەستدرێژی، دارکاری و دانە بەر شەق و مست، قەدەغەکردنی چوونە ئاودەست و... ئەشکەنجە کراوە. ئەو لە ماوەی ئەم ١٥ ساڵەدا لە کاتی دەستبەسەکرانیەوە هەتا ساڵی ١٣٩٣ هەتاوی بۆ ماوەی ٧ ساڵ لە زیندانی دیزل‌ئاوی کرماشاندا بەند کراوە و ساڵی ١٣٨٨ بۆ ماوەی پێنج مانگ لە زیندانی ئێڤین بووە. پاشان ساڵی ١٣٩٣ دوای بەدواداچوونێکی زۆری بنەماڵە و پارێزەرەکەی بۆ زیندانی شاری خۆی ڕاگوێزرا و لە ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٩ هەتاوی بەڕێی زیندانی کرماشان کرا. زێنەب پاشان بە هۆکاری نەزاندراو و دوای چوار ڕۆژ لەو ڕاگوێزرانەی دەبردرێتە زیندانی قەرچەکی وەرامین کە خراپترین زیندانی ژنانە لە ئێران. ناوبراو هەر لە هاوینی ئەو ساڵە (١٣٩٩) بەڕێی زیندانی کرمان کرا و کۆتا جار لە گرتووخانەی یەزددا خۆی دیتەوە. زێنەب لە ماوەی ئەم ١٥ ساڵەدا تووشی چەند نەخۆشیی درێژخایەنی وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ و ڕیخۆلە و گورچیلە بووە و بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لای ڕاستی جەستەی بێ‌ھەستە؛ کەچی سەرەڕای ناڕەزایەتیی ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافۆ مرۆڤ ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. هۆکاری سەرەکیی توشبوونی بەو نەخۆشییانەش بۆ ئەو ئەشکەنجە جەستەیی و ڕوحییانە دەگەڕێتەوە کە لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی لەگەڵیاندا بووە. زێنەب لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٩ هەتاویدا، لە زیندانی قەرچەکی وەڕامین نەخۆشیی کۆڕۆنای گرت و، لەو ماوەیەدا کە بە دەم پەتای کۆڕۆناوە دەیناڵاند، بەرپرسانی زیندان ئەوپەڕی کەمتەرخەمییان لەهەمبەر ئەو هەبوو. لەو پێوەندییە‌دا عەلی جەلالیان، باوکی زێنەب ڕایگەیاند: "کاتێک ئاگادار کراینەوە کە زێنەب تووشی پەتای کۆڕۆنا بووە، داوامان لە بەرپرسانی زیندان کرد لەسەر خەرجی خۆمان بینێرنە نەخۆشخانەیەک، بەڵام هیچ بایەخێکیان بە داواکەی ئێمە نەدا." پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ دۆخی نەخۆشی زێنەب بوو بەهۆی ئەوەی کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەنگی لێ بەرز بێتەوە و لە ڕێکەوتی ٢٠ ی پووشپەڕی ١٣٩٩ داوای پێڕاگیشتنی دەرمانی بۆ زێنەب جەلالیان و سوهیلا حێجاب و نەرگیس محەممەدی، دوو زیندانی سیاسیی دیکە بکا کە کۆڕۆنایان گرتبوو. زێنەب جەلالیان لە ماوەی بەندکرانیدا بە بەردەوامی سەبارەت بە دۆخی نالەباری پێڕاگەیشتن بە خۆی و ڕەفتاری نامرۆڤانەی بەرپرسانی زیندان ناڕەزایەتیی دەربڕیوە. زێنەب لە ساڵی ١٣٩٧ هەتاویدا، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاواڵە ڕوو بە ڕای گشتی ئەو لە نامەکەی لەو ساڵەدا باس لەوە دەکا کە بۆ ماوەی یازدە ساڵە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دایە و، سەرەڕای ئەوەی تووشی چەند نەخۆشیی قورس بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان بەوپەڕی خەمساردییەوە لە تەنیشتی تێ‌پەڕیون. ئەو هەروەها باس لەوە دەکا کە لە مافەکانی هەر زیندانییەک لە قانوونەکانی خودی کۆماری ئیسلامیشدا هاتووە، بێبەش کراوە. ئەو لە نامەیەکی دیکەدا ئەو ئیدیعایەی کۆماری ئیسلامیی وەدرۆ خستۆتەوە کە گوایە چارەسەری پزیشکییان بۆ نەخۆشییەکانی کردوە و هەروەها باس لە نەبووبی پێوەندی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی و بێبەش‌بوون لە مەرەخسی کردوە و پەردەی لەو دەرد و ئەشکەنجە و مەینەتییانەی هەڵداوەتەوە کە لە زینداندا بەرۆکیان گرتوە. زێنەب جەلالیان لە ماوەی ئەو پازدە ساڵەدا بینایی چاوێکی لەدەست داوە، هەروەها نەک تاقەڕۆژێک مەرەخەسیی نەدراوەتێ، بەڵکوو نەیانهێشتووە بنەماڵەکەشی سەردانی بکەن. بەرپرسانی زیندان پێدانی مەرەخەسی بە ناوبراویان بە هیندێک مەرج بەستۆتەوە و یەک لە مەرجەکانیش  ناچار کردنی زێنەب بە دان‌پێدانانی تەلەڤزیۆنی بە تاوانی نەکردوو بووە کە ناوبراو تا ئێستا ملی بۆ ڕانەکێشاوە. زێنەب جەلالیان تاکەژنی زیندانیی سیاسی لە ئێرانە کە توندترین سزای بەسەردا سەپاوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لەسۆنگەی کوردبوونی لەگەڵ سانسۆڕی خەبەریی مێدیاکان و تەنانەت ڕێکخراوە ئێرانییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤیش بەرەوڕوو بۆتەوە.