کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی خالید عەزیزی بۆ ئیمانۆوێل ماکرۆن، سەرۆک‌کۆماری فەڕانسە

15:39 - 6 بانەمەڕ 2722

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی ئیمانۆویل ماکرۆن بە سەرۆکی کۆماری فەڕانسە پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ بەڕێزیان ناردوە. لەم پەیامەدا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە وەبیرهێنانەوەی پێوەندیی مێژوویی بزووتنەوەی کورد و گەل و کەسایەتییە دیارەکانی فەڕانسە داوای کردوە ئەم وڵاتە بە گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی لە بزوتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێراندا بکا.   دەقی پەیامی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئیمانۆویل ماکرۆن:   بەڕێز ماکرۆن، سەرۆک‌کۆماری وڵاتی فەڕانسە بەبۆنەی سەرکەوتنی بەڕێزتان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی فەڕانسە و هەڵبژێرانەوەتان بۆ ئەو بەرپرسایەتییە، لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەگەرمی پیرۆزبایتان لێ دەکەم. پێوەندیی مێژوویی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەتایبەت دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو لەگەڵ ڕێبەران و سیاسەتمەدارانی هەڵکەوتووی فەڕانسە لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمەوە ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەتی لە وڵاتەکەی ئێوە بۆ خەڵکی ئێمە دروست کردوە. هاوکات یارمەتییەکانی حکوومەتی فەڕانسە و کەسایەتییە دیارەکانی ئەم وڵاتە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران لە بواری جۆراوجۆردا بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و جووڵانەوەی کورد لە ئێران ئەو پێوەندییەی بەهێز کردوە و، لەگەڵ ئەوەشدا قورسایی فەڕانسە لە هاوکێشە نێودەو‌ەتییەکاندا چاوەڕوانیی خەڵکی کورد لە ئێرانی لە ئێوە زیاتر کردوە. بۆیە ھیوادارم بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پاشخانە لە پێوەندییەکان وەدەست‌ھێنانی متمانەی دەنگدەران لەو ھەڵبژاردنەدا هاندەر و پاڵپشتییەکی باش بێت بۆ بەڕێزتان لەپێناو پشتگیریی زیاتر لە جووڵانەوەی بەرحەق و دێموکراتیکی کورد لە ئێران.   بەڕێز ماکرۆن! وڵاتانی فەڕانسە بە بێشکەی ئازادی، دێموکراسی، ڕیزدانان لە بنەماکانی دێموکراسی، مافی مرۆڤ، یەکسانی و نەهێشتنی هەڵاواردنەکان ناسراوە و ئەو بایەخانە لەو وڵاتەدا یاسامەند بووە. بەڵام ئێوەش دەزانن کە لە کوردستان و ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا ماف و ئازادی و دێموکراسی جێگەی خۆی بە ئێعدام و ئەشکەنجە، کوشتن و تۆقاندن، بی‌مافی و سەرکوتی ئازادییەکان داوە. بۆیە چاوەڕوانیی ئێمە لە بەڕێزتان ئەوەیە کە بە مەبەستی دابینکردنی ئازادی و دێموکراسی لە ئێران و؛ ھەروەھا دەستەبەرکردنی پشتیوانیی فەڕانسە لە دۆزی ڕەوا و مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە ئێران، گوشاری زیاتر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی. جارێکی دیکەش بەبۆنەی هەڵبژێرانەوەتان بە سەرۆک‌کۆماری فەڕانسە پیرۆزباییتان پێ دەڵێم و سەرکەوتنتان بۆ بەئاوات دەخوازم.    

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢٦ی ئاپریلی ٢٠٢٢