کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو

04:26 - 5 جۆزەردان 2722

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی جۆزەردان (٢٤ی مانگی مەی ٢٠٢٢) كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە بەشداریی بەرپرسانی یەكەمی حیزبەكانی ئەندام و بە میوانداریی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆ ماوەی ٦ كاتژمێر بەڕێوە چوو. لە سەرەتای كۆبوونەوەکەدا بەڕێز عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، وەك بەرپرسی دەورەیی ناوەند بەگەرمی بەخێرهاتنی لایەنەكانی كرد و بە پەسەند گەیاندنی دەستووری کاری كۆبوونەوەكە دەرگای وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕای لەسەر تەورەكان واڵا كرد .دواتر بەڕێز خالیدی عەزیزی، سكرتێری حیزبی دێموكراتی كوردستان و بەرپرسی دەورەی پێشووی ناوەند ڕاپۆرتێکی لەبارەی كار و چالاكییەكانی ناوەند لە دەورەی پێشوودا پێشكەش كرد. تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی كوردستان، ئێران و ناوچەكە و ئەركە سەرەكییەكانی ناوەند، خرایە بەر باس. لەو بەشەی کاری کۆبوونەوەکەدا بەتایبەتی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانەی لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شارەكانی ئێران و كوردستان بەڕێوە چوو، داهاتووی ئەو بزوتنەوەیە، هەلومەرجی نێوخۆیی و دەرەكیی كۆماری ئیسلامی، هەلومەرجی سیاسی و ناكۆكییەكان لەو ناوچەیە و شەڕی ڕوسیە و ئۆكراین و كاریگەرییەكانی خرایە بەرباس. لەمبارەوە هەریەك لە بەڕێزان: كاك خالیدی عەزیزی سكرتێری حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، كاك حەمەنەزیف قادری جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، كاك عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و كاك عومەر ئێلخانیزادە قسەوباسێكی چڕوپڕیان لەسەر بارودۆخی ئێران و كوردستان و ناوچەكە، ئەگەرەكانی داهاتوو و سەرەكیترین ئەركەكانی ناوەند، پێشكەش كرد. هەروەها كاك مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە بەشێكی ئەو كۆبوونەوەیەدا بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریی كرد و ڕاوبۆچوونی خۆی باس كرد. لە کۆی باسەکاندا لایەنەكانی ئەندامی ناوەند كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە ناڕەزاییەكان لە ئێران نەك هەر بەردەوام دەبێ، بەڵكوو بە ڕوونی سیستەم و گشت دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی كردۆتە ئامانج. بەشداربووان لەو بڕوایەدا بوون كە كۆماری ئیسلامی كە لە نێوخۆ و ناوچەكەشدا تووشی قەیران بووە بە ئاسان ناتوانێ لێی دەرباز بێت و بە سیاسەتی سەركوت بۆی چارەسەر ناكرێت. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ناڕەزاییەكانی خەڵك بۆ گەیشتن بە داخوازییەكانی پێویستی بە هاوئاهەنگی و ڕێكخستنی زۆرترە. هاوکات پێداگری لەسەر ئەوە كرا كە ئەو ناڕەزایی و خەباتە جەماوەرییە گەیشتووەتە ئاستێك كە بۆ بەردەوامی و سەركەوتن بەسەر ڕێژیمدا پێویست بە پێكهاتنی ناوەند و سازەی سیاسیی هاوئاهەنگ و یەكگرتوو هەیە بۆ ڕابەریكردن و سەرخستنی. لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییەشدا لە باسەكاندا پێداگری لەسەر دوو ئەركی سەرەكی لە كاری دەورەی داهاتوی ناوەنددا كرا: یەكەم: بە هاودەنگیی ئێستای ناوەند و ئەزمونی كوردستان لە پێشووتردا، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ناوەند و حیزبەكانی كوردستانی ئێران پێویستە بە یەكگرتووییەكی سازماندراو و وەك سازەیەكی نەتەوەیی بەرەوڕووی ئەو هەلومەرجە ببنەوە و بۆ بوون بە ناوەندێكی سیاسی بەڕێوەبەر لە كوردستاندا هەنگاوەكانیان خێراتر بكەن. بۆ ئەو مەبەستە، تاوتوێكردنی هەندێك میكانیزمی گونجاو و پێویست خرایە دەستووری کاری زووی كۆبوونەوەكانی داهاتووی ناوەند كە كاریان لەسەر بكرێ. دووهەم: هەموو لایەك كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە بە هۆی یەكگرتوویی زۆرتری هێزە سیاسییەكانی كوردستان و دەركەوتنی زیاتری قورسایی بزوتنەوەی كوردستان، پێویستە ناوەند لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی دەورێكی زۆرتر بگێرێ بۆ پێكهێنانی ڕابەری و ئاڵترناتیڤ و بۆ جێخستنی زۆرتری داخوازییەكانی كوردستان. لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا چەندین تەوەر و بابەتی گرنگ پەیوەندیدار بە كاری ناوەند، لەوانە پەرەدان بە چالاكیی نێونەتەوەیی  خرایە بەر باس و ئەولەوییەتەكانی كاری داهاتووی ناوەندی هاوكاری دەستنیشان كرا.