کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی گوشارەکانی ئەمریکا و ئورووپا لەسەر ڕێژیمی ئێران

14:03 - 14 جۆزەردان 2722

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بەکاردانەوە لەهەمبەر ڕەشنووسی بڕیارنامەی وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆ شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی وتی: ئەو ڕەشنووسە پێویست نەبوو و بەو کارە درێژەی وتووێژەکان قورستر دەبێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا،" ئەمیر حوسێن‌عەبدوڵاهیان"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، سەرەڕای کاردانەوە لەهەمبەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەی وڵاتانی زلهێزی جیهان بەدژی بەرنامەی ناوکیی ئێران بۆ شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، بەزمانێکی تێکەڵ بە هەڕەشەوە وتی: هەرجۆرە هەوڵێکی سیاسیی لەلایەن ئەمریکا، بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسەوە لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بەدژی ئێران، بەبێ دوو دڵی ڕووبەڕووی کاردانەوەی خێرای ئێران دەبێتەوە. جێگای ئاماژەیە کە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی کە پێکهاتووە لە ٣٥ وڵاتی ئەندام، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردان کۆبوونەوەکەی خۆی کە گرینگترین بەشی لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانە و بەپێی دوایین ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی کە دەڵێ: ڕێژیمی ئێران، لە ئێستادا بەهۆی بەرهەمهێنان و پیتاندنی زۆری ئۆرانیۆمی ڕێگە پێنەدراو دەتوانێ چەکی ناوکی بەرهەم بهێنێ بەڕێوە دەچێ.