کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزب بۆ سەرۆک‌وەزیرانی ئۆسترالیا

19:12 - 14 جۆزەردان 2722

بەڕیز ئانتۆنی ئەلبانێس، سەرۆک ‌وەزیرانی ئۆسترالیا! بە بۆنەی هەڵبژێرانی بەڕێزتان وەک سەرۆک‌ وەزیرانی ئۆسترالیا لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزباییتان لێ‌دەکەم. جەنابی سەرۆک‌وەزیر! نەتەوەی کورد لە ئێران هەر لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئەم وڵاتە بە شێوازی ئاشتییانە و دێموکراتیک هەمیشە بەدوای جێ‌خستنی مافە نەتەوایەتی و سیاسییەکانی خۆیەوە بووە. بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستاش وڵامی پەیامی ئاشتی و دێموکراتیکی ئێمە بە شەڕ و ئێعدام و زیندان دراوەتەوە، تەنانەت ڕێبەرەکەمان د.عەبدولڕەحمان قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ لە وییەن پێتەختی وڵاتی ئوتریش لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کرا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێوخۆی ئێراندا دەسەڵاتی مافیاکانی سەرکوت و ئێعدام و کوشتن و بڕین و؛ لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا سەرچاوە و هۆکاری تێرۆر و ناسەقامگیرییە. بەڕێز ئانتۆنی ئەلبانێس! خەڵکی ئێران بە گشتی و کورد بەتایبەتی لەپێناو دێموکراسیدا قوربانییەکی زۆریان داوە و سەرەڕای ئەوەش بۆ دەستەبەری ئازادی و مافەکانیان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامن. بۆیە پشتیوانیی بەڕێزتان و جیهانی دێموکرات لە مافە ئینسانی و دێموکراتیکەکانی ئێمەی کورد و ئازادیخوازانی ئێران دەتوانێ دەورێکی باشی هەبێ لە پرۆسەی دێموکراتیزاسیونی ئێران و ناوچەکەدا. لەگەڵ ڕێزدا. خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٠٤/٠٦/٢٠٢٢