کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆزێڤ بۆرێڵ: ئەگەری بووژانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام زۆر کەمە

14:39 - 15 جۆزەردان 2722

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەری بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێران زۆر کەمە. جوزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بە ئاماژە بە وتووێژەکانی لەگەڵ ئەمیرحوسێن عەبدوڵاهیان، وەزیری دەروەی ڕێژیمی ئێران، نووسی: ئێمە ئێستاش هیوادارین کە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بە ئاکام بگا، بەڵام بەوجۆرەی کە بۆمان ڕوون بوەتەوە و ئێران بەردەوامە لە پێشێلکارییە ناوکییەکانی، بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر ئەستەمە. جێگەی ئاماژەیە کە وتووێژەکان بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە نێوان وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئێراندا لەسەر داواکاریی و زێدەخوازییەکانی رێژیمی ئێران ڕاوەستاوە و لە ئێستادا بڕیار وایە کە ڕۆژی دووشەممە پەروەندەی پێشێلکارییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بدرێ بە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێ.