کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان

19:05 - 23 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی (بەرانبەر بە ١٢/٦/٢٠٢٢ی زایینی) شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان بە سەرپەرستیی بەڕێز باپیر کامەلا، سکرتێری ئەم حیزبە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستی بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی پێشوازییان لێ کرا. لەم دیدارەدا بەڕێز باپیر کامەلا لێکدانەوەی بۆ هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان وەک هێرشی دەوڵەتی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین و کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە لەسەر پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی دنیا کرد کە هەمووانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە. بەڕێزیان نیگەرانیی خۆی لە ناکۆکییەکانی نێوان بەرەی ڕووسیە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی نەشاردەوە کە لە ئێستادا کۆمەڵگەی جیهانیی بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار بردوە. سکرتێری پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لە دۆزی کورد بە گشتی و گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە عێراق و ناسەقامگیری لەو وڵاتە کرد. دواتر بەڕێز خالید عەزیزی باسی لە کاریگەریی کێشە جیهانی و ناوچەییەکان لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، کێشەی بەرجام و کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی و ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. بەڕێزیان لە بەشیکی لێکدانەوەکەیدا باسی لە دۆزی هەستیاری کورد لە ناوچەکەدا و هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر کورد و دۆخی ناڕوونی عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەری بە مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاشتی و بەیەکەوە ژیانی گەلان لە ناوچەکە ناو براد و پێی وابوو کە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە عیراقییەکان بۆتە ڕێخۆشکەر بۆ دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە لەو ولاتەدا. دوولایەن لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا لە باسێکی هەمەلایەنە و فەرەڕەهەنددا هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیان بۆ پێشهات و ڕووداوەکان و کاریگەرییان لەسەر پرسی کورد دانا و  پێداگرییان لەسەر یەکڕیزیی هێزە کوردستانییەکان و هاوپێوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.